ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە پاریس پایتەختی وڵاتی فەرانسە و هاوکات لە شارەکانی ستراسبۆرگ و بۆردۆ، خۆپێشاندان بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی هەروەها خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان ،لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە بە هاوکاری ڕێکخراوە مەدنیەکان و حیزبە سیاسییەکان ،سەندیکا فەرانسەییەکان و چاڵاکوانانی بۆرای ژنان و فێمێنیستەکان ، بەرێوەچوو .
بە هاوکاری نوێنەری یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی فەرانسە خاتوو شەیدا ویجدانی، چەندین پۆستێر و وێنەی تازەترین شەهیدانی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لۆگۆی یەکیەتیی ژنانەوە، لە ناو خۆپێشاندەران لە پاریس و بۆردۆ، بڵاو کرایەوە.
خاتوو شەیدا لێدوانێکی لە سەر ڕۆڵی بەهيزی ژنی کورد لە تاران لە ناو خۆپێشاندەران و شەهیدبوونیان بە تەقەی راستەوخۆی جەڵادانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ، لە گەڵ پاڕێزگاری بۆردۆ بەڕێز “پیێر ئورمیک” هێنایە بەرباس و داوای پشتیوانی لە پارێزگاری بۆردۆ و رێکخراوە مەدەنی، کەسایەتی سیاسی و حیزبەکانیان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات و باڕۆدۆخە هەستیارەکەی ئێران لە ناوبراو کرد .
لە دڕێژەی خۆپێشاندانەکان لە پاریس چەندین کەسایەتی سیاسی و و پارلەمانتاری ژن ، پاڵپشتی خۆیان لە ژنانی ئێران و کورد دووپات کردەوە.
هەروەها شایانی باسە کە درووشمی”ژن،ژیان،ئازادی” کە لە ناو دڵی کوردان و خاکی پیرۆزی نیشتمان دا سەری هەڵدا و دوای بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سنوورەکانی بەزاندووە ئێستا بەخۆشییەوە لە وڵاتی فەرانسە بۆ چاڵاکوانانی بواری ژنان بووەتە هێمای ئازادی و یەکسانی ژنان لە کۆمەڵگادا.




