ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕێبەندان، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، خۆپیشاندانێک لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی بەلووچستان و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقەوە ڕێک خرا. ئەم خۆپیشاندانە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز کرا. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوەییی “ئەی ڕەقیب” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
لە درێژەی چالاکییەکەدا، پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و پەیامی هاوبەشی پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن خاتوو “نەمام زەڕینفام”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، خوێندرایەوە.
پاشان هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی سروودی “پێشمەرگە” لەلایەن هونەرمەند “شێرکۆ مەریوانی”یەوە، دەستەیەک لە ژنان و کچانی ئامادەبوو وەک هێمایەک بۆ ڕێزگرتن و پشتگیریکردن لە خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان، کەزیەی یەکتریان هۆنییەوە. شایانی باسە، لەو خۆپیشاندانەدا چەندین پارچە شیعر و سروودی شۆڕشگێڕانە پێشکەش کران.




