ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ٥ی ٢٠٢٥ لە شاری
شتوتگارتی وڵاتی ئاڵمانیا ، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بە گرنگیدان و پشتیوانیکردنی ژنان و زیندانیانی سیاسی، لە ژێر دروشمی “ژنژیانئازادی” بەڕێوەچوو.
ئەم خۆپیشاندانە کە کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دەستی پێکرد، له لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی و چەند ئەندامێکی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی نێودەوڵەتی “#نابۆله سێدارەدان” ڕێکخرابوو.
بەشداربووان بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشمی دژ بە توندوتیژی، سەرکوت و سزای لەسێدارەدان، خوازیاری کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بوون. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بێدەنگ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت وەڵامی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بداتەوە.
ئەم خۆپیشاندانە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک بۆنە کە لە یەک کاتدا لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەڕێوە دەچن.