ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار ، لە گۆڕەپانی “ژینا-مهسا ئەمینی” لە شاری فرانکفۆرت (وڵاتی ئاڵمان) کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ کۆمەڵێک لە چالاکوانان به بەڕێوەبەری ڕێکخراویی “ژن ژیان ئازادی “بەپێی بەرنامەی هەفتانەی خۆیان، کۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوەبرد.
لەم کۆبوونەوەدا خاتوو تارا مورادی کچی ناسر مورادی”ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران “ بابەتێکی به زمانی ئاڵمانی سەبارەت به کێشەو گرفتەکانی ڕووداوانەی ئەم دواییانەی کۆماری پەت و سێدارە، پێشکەش بە بەشداربووان کرد .
خاتوو تارا بە وردی لە وتەکانی دا باسی له سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان هەروەک ساڵانی ٢٠٢٢و ٢٠٢٣ دیسان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران به دژی دۆخی ئابووری و سیاسی لە ئێراندا کرد و هەرەها باسی ئەوەی کرد کە خەڵکی ئێرانیش مافی خۆیەتی کە لە نێو حوکومەتێکی دێموکراتیدا ژیان بکەن ، کە لە ئێستادا به داخەوە خەڵکی برسی و بێ دەسەڵات لە نێو حوکومەتێکی تێرۆریست و بە ناو ئیسلامی و جەلاددا ژیانێکی پڕ ئەستەم بەسەر دەبەن .
پاشان باسی ئەوەی کرد کە خەڵکی وڵاتانی دیکە و دەسەڵاتدارانی سیاسی دەبێت بە ئەرکی خۆیان بزانن که پاڵپشتی خەڵکی ئێران به گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتاێبەتی بن و لە کۆتایشدا وەکوو هەمووکات پێکەوە یەک دەنگ به زمانی کوردی و ئاڵمانی و ئینگلیزی دروشمی ژن ژیان ئازادییان وتەوە.




