رۆژی شەممە ٢٩ی خاکەڵیوە، کوردانی نیشتەجێی سویس خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیان لە بەر دەرگای باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی هێرش و بۆردمانەکانی سەر کەمپە مەدەنییەکان و بنکەکانی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لە باشوری کوردستان.
لە چوارچێوەی ئەم خۆپێشاندانەدا، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشدارییەکی چالاکیان تێدا کرد. بەرنامەکە بە سروودی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد، پاشان ساتێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگیرا، و دواتر سروودی “ئەی شەهیدان” خوێندرا.
لە درێژەی بەرنامەکەدا، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا، و خاتوو شایستە وەتمانی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە. خۆپێشاندان بە هەڵگرتنی دروشمە شۆرشگێرانەکان و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان کۆتایی پێهێنرا.
ئەم خۆپێشاندانە بەشێک بوو لە هەوڵە بەردەوامەکانی کوردان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داوای پاراستنی ماف و سەروەریی گەلی کورد.




