ئێران ئەمرۆ شایەدی یەکێک لە توندوتیژترین و خوێناویترین قۆناغەکانی مێژووی ئەخیری خۆیەتی.
شۆڕش و سەرهەڵدانی ئەم جارە لە ئێران بە شێوەیەک گشتگیر و یەک پارچە بووە کە سەرنجی هەموو دونیای بە ڕاست و چەپ و دێموکراتەوە بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئێستا بووەتە باسێکی گەرمی نێودەوڵەتی.
خۆپیشاندانەکان کە بە دژی بێ عەداڵەتی و سەرکوت و قەیرانی ئابووری و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ دەستیان پێکرد، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرگری لە ڕق و کینەی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی نێو ئێران بە گشتی خۆی لە هیچ جنایەتێکی مرۆیی ناپاریزێت و بە چەکی گەرم و سارد بەرهەڵستی خۆپیشاندەران دەبێتەوە. لەو ماوەیەدا بە هەزاران کەس کوژرا و بریندار هەیە و بە سەدان کەس چاو، یان بەشێک لە جەستەیان لە دەست داوە. هەروەها بە هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و بەشێکیان ئیعدام و بێ سەروشوێن کراون. لە ناو ئەم خەڵکە کوژراو و زیندانی کراوە و بێ سەروشوێنکراوانەدا ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان بەر چاو دەکەون. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ئێراندا جگە لە قەیرانی ئابووری و سیاسی، ژنان بە دەیان شێوەی دیکە دەچەوسێنەوە.
پیاو سالاری و زاڵ بوونی یاسای جۆراوجۆرە ئایینی و حکوومەتییەکان و دەیان نابەرابەری دیکە، هەمووی ئەوانە ژنانی ناچار کردووە کە بۆ ئەوەی مافی یەکسانی و سیاسی خۆیان وەدەست بێنن لە ریزی هەرە پێشەوەی شۆڕش و خۆپیشاندانەکاندا بن و ئەو هەڵوێستەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ژنان بکاتە ئامانج و ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان بکووژێت و یان دەستبەسەر و ڕاپێچەکەی چاڵە ڕەشەکانی خۆیان بکا؛ لە هەمان کات دا ژنانی کورد لە کوردستان زیاتر کراونەتە ئامانج و ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکان و مافخوازانی ژنان لە کوردستان یان ڕاستەو خۆ شەهید کراون و یان بە بیانووی جوراوجور ڕەوانەی زیندانەکان کراون . هەتا ئیستاش کە سەرکوت و خەفەقان لە ئێران و کوردستان لەلایەن حکوومەتەوە هەروا بەردەوامە، ژنانی کورد زۆر قایمتر و وشیارتر لە جاران لە سەرداوای ڕەوای خۆیان کە مافی نەتەوەیی و ئازادی و یەک سانییە بەردەوامن و نە کوشتن و نە زیندان و ئێعدام نەیاتوانیوە لە سەر داوای ڕەوای خۆیان بیانوەستێنێ .
زەهرا یوسفی




