سەرگوڵ ئاقابەیگی
ئەگەر سەرەتا ئاوڕێک لەمێژووی ژیانی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی لەسەر گۆی زەوی بدەینەوە و بگەڕینەوە سەردەمی ڕاوکردن، دەبینین ژن لەو سەردەمەدا لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەری خۆیدا کە پیاو بێت، هاوتەریب و هاوشانی یەکدی کار و ئەرکی بارهێنانی منداڵانی خۆیان لەپێناو بەردەوامی لەژیاندا بە شتێکی هەرەپێویستبوون داناوە، بۆیە بە هەردووکیانەوە (ژن و پیاو)، هەوڵی پاراستن و پەروەردەکردنی خێزانەکەیان داوە.
شتێک کە لێرەدا دیارە و بەرچاوە ئەوەیە کە رێژه و ڕادەی بەشداریی ڕەگەزی مێ زۆر زیاتر و کاریگەرتربووە لەسەر ڕاهێنان و بارهێنانی منداڵ و نەوەی داهاتوو، لەبەر ئەوەیکە، ژنان لەو سەردەمەدا کاتی زۆرتر و دەرفەتی باشتریان هەبووە بۆ تێکەڵاوی لەگەڵ منداڵەکانی و بنەماڵەکەی. ئەمەش بە حۆکمی ئەوە بووە کە پیاو ناچار بە چوونە دەرێ لەماڵ بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و کاری قورس و گەڕانی دەرەوە بووە و بەو هۆکارە؛ ژن کارتێکەریەکی زیاتری لەسەر منداڵ و گەورە کردنی و پەروەردەکردن و ڕاهێنانی منداڵان بووە و ئەرکی قورستر بووە.
بە تێپەڕینی زەمەن و سەردەمەکان، ئەم دۆخە ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ناسراو بە پیشەسازی و هاتنەئارای دەوڵەت ـــ نەتەوەوە، گۆڕەپان و فەزایەکی جیاواز بۆ ژنان خوڵقا کە لە چوارچێوەی ماڵدا بێنەدەرێ و بیانهەوێ ئەوانیش هاوشان لەگەڵ پیاوان کاری دەرەوەی ماڵەوە، واتا بەشداریی لە کاروباری سیاسی ــ دەوڵەتی، حزوور لە بازار و ئابووری وڵاتە و تەنانەت ئەرکی بەڕێوەبەریشیان کەوتە ئەستۆ. ئەم ڕووداو و دیاردانە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو سەردەمەی کە ژنان لە ئەورووپا و ئەمریکادا دەهاتنە سەر شەقامەکان و هاواری بەرابەری و یەکسانی ژن و پیاویان هەڵدەدا و بۆ یەکەم جار لە بریتانیا ژنان توانیان سەرکەوتنێکی مێژوویی دەستەبەر بکەن ئەویش مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ ژنان لە دەنگدانە حکوومەتیی و سیاسییەکان بوو.
ئەو سەردەمە کە هێمای بۆ کرا، خاڵگۆڕانێک لە بەردەم پێکهاتە و شێوەی هەڵسووکەوتی ژنان لەگەڵ بابەتی پەروەردە بووە. بۆ؟ لەبەر ئەوەیکە ژن تا ئەو کاتە، لە ماڵان دا منداڵی خۆی پەروەردە دەکرد. ئێستا ئەوە لە دەرەوەی ماڵان و بە تەنیاش منداڵی خۆی نا بەڵکوو منداڵی خەڵکی دیکەی لە خوێندنگە و فێرگەکان بار دەهێنا. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ژنان زیاتر ئاوێتەی کاری کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگە بن.
بە تێپەڕینی ساڵان، ڕۆڵی ژنان لە پەروەردەدا بەرینتر و قورستر دەبوو. ئێستا ئیتر گەیشتوونەتە قۆناغێک کە ژن جگە لە مەسەلەی پەروەردەی منداڵی خۆی، زیاتر لە دەرەوەی ماڵ دەمێنێتەوە و کار دەکات و بەرە بەرە ئەو مانا و واتایەی “ژن نیوەی کۆمەڵگەیە” دێتەدی و جێی خۆی دەکاتەوە. هەروەک بۆ خۆمان باشتر دەزانین هەنووکە ژنان لە هەموو دام و دەزگا دەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکان و NGOکان و دامەزراوەکان حزوورێکی چالاکانە و باشیان هەیە بەڵام بابەتێک کە لێرەدا زۆر گرینگە و دەبێ ڕاوەستانی لەسەر بکرێ ئەوەیە کە؛ ڕاستە لە دونیادا گۆڕانکاری زۆر لە بەشداری و یەکسانی ژن و پیاو هاتووەتە دی و ژن تا ڕادەیەکی زۆرباش توانیویەتی مافی خۆی وەربگرێت و تەنانەت ئەو هێزەی پەروەردەیی ژنان کە لە ماڵەکاندا قەتیس مابووەوە ئێستا هاتووەتە نێو کۆمەڵگەوە.
بەڵام پرسیار لێرەدایە کە وێنای گشتیی پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چۆنە؟ پێوەندیی ژنان لەگەڵ پەروەردە لەو سیستەمەدا چلۆنە؟ لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا دەتوانین بڵێین کە ئەو ڕێژیمە چوونکە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دامەزراوە و هەر لەسەر ئەو بناغە دایە کە چوارچێوەی پەروەردەکەی بەرێوە دەبات و ئەم شێوازەش لە وڵاتانی تۆتالیتر و پاوانخواز زۆر باوە. واتە ئەو حاکمییەتە بێجگە لە خۆی، بیر و بۆچوونی دیکەی بەلاوە پەسندکراو نییە. هەر بۆیە لە ئێراندا ڕێگە بە هیچ نەتەوەیەک و لایەنێک نادرێت بەو شێوازە کە بۆ خۆی پەسندە، نەتەوە و خەڵکی خۆی پەروەردە بکات.
کەواتە سیاسەتی سەرکوت و توانەوە لەبارەی بابەتی پەروەردە بەداخەوە زۆر بەهێز دەچێتە پێشەوە و ئەگەر بەربەست لەلایەن کەسانی نەتەوەیی و خەڵکیی بەئاگا یان ئۆپۆزیسیۆنەوە دانەندرێت و پێشی پێ نەگیردرێت ئەوا دەتوانێ باندۆرێکی نەرێنی لەسەر داهاتووی نەتەوەکەمان دادەنێت. لە وڵامی پرسیاری دووهەمدا دەتوانین بڵێین کە ژنان لەو ڕێژیمەدا بە هۆی ئەوەیکە حاکمیەتێکی سەرکوتکەرە و دژە ژنە، دەرفەتێکی وا بە ژنان نەدراوە کە بتوانن لە ئەرکی پەروەردە کردنی کۆمەڵگە و نەوەی داهاتوودا بەشدارییەکی کاریگەریان هەبێ چوونکە لە ڕاستیدا فەرهەنگی وا لەنێو خەڵکدا بەتەواوەتی جێی نەگرتووە کە ژن ئازادانە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا (سیاسی،ئابووری،کۆمەڵایەتی) چالاکیی هەبێ و لە چاو وڵاتانی دیکەدا لەپاشترە. هەڵبەت بەشێکی زۆری ئەو نەریتە نەرێنییە دەگەڕێتەوە بۆسەر بیروباوەڕی ڕادیکاڵی مەزهەبی کە ناهێڵێ ژنان بەو چەشنەی کە لە توانایاندایە لە ماڵان وەدەرکەون و هێزی پەروەردەیی خۆیان بەرنە نێو کۆمەڵانی خەڵکەوە. ئەگەر هەندێ جار دەبینین کە ژنێک لە خوێندنگەیەکدا بووەتە مامۆستا و بە چارشێو و حیجابێک ئامادەی وانەبێژی دەبێ، بەدڵنیاییەوە ئەو شتانەی کە فێری قوتابیانی دەکات هیچی لە لایەن خۆیەوە نییە و تەنیا و تەنیا ئەو باس و بابەتەیە کە سیستەمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بۆی دیاری کردووە کە ئەمەش پێوەندی دارە بە بۆچوونی ئایدیۆلۆژیکی ئیسلامی سیاسیەوە و ئەمەش زۆر دوور و دابڕاوە لەو شتەی کە لە ناخی ژنانی ئێرانی و بە تایبەت ژنی کوردەوەیە.
ئەوشتەی کە لێرەدا گرینگە و جێی تێڕامانە ئەوەیە کە جیا لە خواستی ژنان بە گشتی لە ئێران، ژنی کورد چی دەوێت لە سیستەمی پەروەردەیی داهاتووی ئێرانی فێدراڵ و هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ بە دڵنیاییەوە ژنی کورد بێجگە لە چاندنی تۆی ناسنامەی کوردی بۆ نەوەی داهاتووی خۆی، شتێکی دیکە بە ڕەوا نازانێت. ژنی کورد دەیهەوێت کە شێوازی پەروەردەی منداڵەکانی نەتەوەی خۆی لە قۆناغی سەرەتاییدا بە دەستی خۆی بێت و لەژێر کاریگەری هیچ دەسەڵات و یاسا و حاکمییەتێکی زۆرداردا نەبێت؛ ئەودەم ژنی کورد دەتوانێت ئازادانە و بەو شێوەی کە بە دڵی خۆیەتی و گرێدراوی منداڵی کورد لە بوارە جیاوازەکانی نەتەوایەتی وەکوو زمان و وێژەی کوردی، خاکی کوردستان و مێژووی کورد و فەرهەنگی کوردی فێری منداڵانی داهاتووی کوردستان بکات. ئەو سیستمەی کە ژنی کورد فێری منداڵانی کورد دەکات له سەر ئەساسی ئەخلاق، پێکەوە ژیان، نەتەوەخۆازی، شوناس و پارێزگاری له نیشتمانە که هیوا و ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستانە.




