دیاردەی سڕینەوە و بنبڕکردنی نەتەوەکان، پڕۆسەیەکی زەمانی و درێژخایەنە کە هەمیشە لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە بەسەر نەتەوەی بندەست و لاواز دا سەپێندراوە، ئەم دیاردەیە شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە کە وەک بژاردەیەکی سەرەکی لە بەردەم داگیرکەران دا کەڵکی لێ وەرگیراوە، تاکوو نەتەوەی حاکم بتوانێ لە چوارچێوەی جوغرافیای دەسەڵاتداری خۆیدا تەمەنی زیاتر بۆ دەسەڵاتەکەی مسۆگەر بکات.
جا بۆیە قوربانی یەکەمی ئەم سیاسەتانە زیاتر میللەتانی بێ دەوڵەتن، چوونکە میللەتانی بێ دەوڵەت بەهۆی ئەوەیکە لە چوارچێوەی نەتەوەیی حاکم دا ژیان دەکەن و هەر لەو چوارچێوەیەدا پێناسە دەکرێن، ناتوانن بەو جۆرەی کە باید و شایدە بەرگری ئەوتۆ لە خۆیان بکەن. هەروەها گەیاندنی دەنگی خۆیان بە ڕێکخراوە مرۆڤییەکان کارێکی سەخت و دژوارە، مەگەر ئەوەیکە لەنێو خۆیاندا خاوەن ڕێکخراوێکی سیاسیی شوێنداربن کە بتوانێ دەنگی هەقخوازانە و مافخوازانەیان بەدنیا بگەیەنێ. بەڵام لەڕاستیدا ئەویش بەتەنیا ناتوانێ وڵامدەری ئەو هەموو پێشێلکارییە نامرۆڤییە بێت. کە دەرهەق بە نەتەوەکەیان دەکرێ. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوەش بکەم کە لەم پڕۆسەیەدا نەتەنیا میللەتانی بێ دەوڵەت بەڵکوو دەوڵەتە لاوازەکانیش بێ ئەمان نیین لەژێر تەوژمی ئەم ڕەشەبایە کە لەق و پۆی سەرەکیترین پێناسەکانی نەتەوە بوون دەکاتە ئامانج، جا بۆیە نەتەوەی حاکم بە پیلانی جۆاروجۆر و سەپاندنی هێژموونی خۆی لە هەوڵ دایە تاکوو نەتەوەی بن دەست لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە و لە کۆتایی دا بنبڕیی بکات.
گەلی کوردیش بە درێژایی مێژوو وەک هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی سەر گۆی زەوی( گەلی تامیل، گەلی بەلووچ، گەلی سیند، و….هتد.) هەموو کات بە هێرشی هەمە لایەنە، خۆی و نیشتمانە بریندارەکەی لەژێر چەپۆکی دەوڵەتی سێبەردا بوون (تورکیە، ئێران، سووریە، عێراق) ئەم چوار دەوڵەتە فاشیستە کە خاکی کوردیان داگیر کردووە بە هەموو مێتۆدێک کوردیان تا لێواولێوی نەمان پاڵ پێوەناوە، ڕەنگە کورد و خاکەکەی لە بەرانبەر ئەم سیاسەتانە بێ کاریگەر نەبووبێت، بەڵام وەک شێرکۆ بێکەس وتەنی “ئەوەی هەرگیز پێیان ناکرێ سڕینەوەی ئازادییە لە ڕۆحمانا” بە خۆشحاڵییەوە سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپانەی کە لە بەردەم نەتەوەی کورد دا دروست کراوە، هیچکامیان نەیتوانی دوو وشەی “کورد و کوردستان” لەمێژوو دا بسڕێتەوە و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت کورد بەو هەستە پیرۆزەوە کە هەموومان بە هەستی نیشتمان پەروەری و ناسیۆنالیزم دەیناسین توانیویەتی لە بەرانبەر گێژەلوولی هەورە تاریکەکاندا خۆی و خاکەکەی بپارێزێت.
دوژمنانی کوردستان هەر وەک پێشەوا قازی محەممەد لە وەسییەت نامەکەی دا باسی دەکا، زاڵمن، زۆردان، بێ ڕۆحمن و تەنانەت ئەگەر هەنگوینیشتان باتێ دڵنیا بن کە ژەهری تێکردووە، جا بۆیە دوژمنانی گەلی کورد هەر دوای دابەش بوونی ئێمپراتوری عوسمانییەکان و دروست بوونی دەوڵەت نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پارچە پارچە کرانی خاکی کوردستان هەوڵیان دا لەنێو خۆیان دا بەرەیەکی هاوبەش پێک بێنن تاکوو کورد و خاکەکەی زیاتر بچەوسێنەوە و لەم پێناوەش دا هەر شتێکە بۆنی پێناسەی کوردبوونی بدایەت بنبڕیان دەرکرد، تاکوو کورد لە چوارچێوەی نەتەوەی حاکم وەک گەلێکی بێ شوناس و بن دەست بمێنێتەوە و ناچار بێت خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتانەی دوژمن ڕابێننێ. ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەی کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و خاکەکەی بەکاری دێنن بریتییە لە :
١.کۆچی زۆرە ملێ: داگیرکەران بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردەکان و ئاسمیلە کردنیان لەنێو خۆیان دا لەم سیاسەتە کەڵک وەردەگرن تاکوو کورد زێدەکەی خۆی بەجێ بێڵێت و پەنا بۆ ناوەندەکان ببا، داگیرکەرانی کوردستان بۆ ڕەخساندنی ئەم هەڵە بۆ ئەویکە کوردەکان خاک و زێدی خۆیان بەجێ بێڵین لە یەکەم هەنگاودا پێش لە گەشەساندنی پارێزگا کوردنشینەکان دەگرن و له بواری ئابووری دا لە دژوارترین دۆخی مومکین دا دەیانهێڵنەوە تاکوو خەڵکی کوردستان بۆ بژێوی ژیان و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە ڕوو لە ناوەندەکان بکا هەر بۆیە ئەم دۆخە دژوارە ئابوورییە هەلی کۆچرکردنی کوردەکانی بەرەو شارە فارسەکان و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش ڕەخساندووە کە هەر ساڵەی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە هۆی دۆخی خراپی ژیان و نەبوونی ئەمنییەتی ماڵی و گیانی خاک و زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و ڕوو لە شارە فارسەکان دەکەن کە ئاکامی ئەم کۆچەدا لە ڕێژەی دانیشتوانی شارە کوردەکان کەم دەبنەوە و کۆچکردووەکانیش لەنێو شارەکانی خۆیان دا هەزم و دەیانتوێنەوە.
٢ــ لەنێوبردنی شارستانییەت و کولتوور:
هەر نەتەوەیەک، بەپێی هێندێک هێمای جیاواز لەنێو میللەتانی دیکە دا دەناسرێت. گەلی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی ئەم جیهانە خاوەن مێژوو و شارستانییەتێکی کۆنە کە ئەمڕۆکانە بووتە جێی شانازی هەر تاکێکی کورد کە وەک پێناسەیەک بۆ کورد بوون دێتە ئەژمار، داگیرکەرانیش لە قۆناغی یەکەم دا هەوڵی شێواندنی ئەم هێما نەتەوەیانە دەدەن، تاکوو کورد هیشتێکی نەمێنێ بۆ ناسینەوە و نەتەوە بوون، و لەم پڕۆسەیە دا کۆماری ئیسلامی و داگیرکەران بە گشتی کەڵک لە “تێئۆری فەڕانسەوی” وەردەگرن کە لەم تێۆرییەدا “کولتوور” بە فاکتەری سەرەکی بۆ پڕۆسەی نەتەوە سازی دەناسرێت، جا بۆیە تەرکیزی سەرەکی زیاتر لەسەر “کولتوورە” کولتووری کوردەواریش هەمیشە وەک هێمایەکی نەتەوەیی و دەوڵەمەند، ڕۆڵی بەرچاوی لەسەر نەتەوە سازی و یەکگرتوو بوون گێڕاوە، وەکوو جێژنی میللی کوردستان، واتا جێژنی “نەورۆز” کە هەر ساڵە لەلایەن کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بە شکۆوە بەڕێوە دەچێ کە ئاکامی بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی بووە کە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و داگیرکەرانی وەلەرزە خستووە کە هەموو ساڵێک بە هەڕەشە و گوشار خستنە سەر چالاکانی مەدەنی پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم هێماگەلە دەگرن تاکوو جیلی داهاتووی کورد لەگەڵ داب و نەریت و میراتی باب و باپیرانیان ئاشنا نەبن و بێگانە بار بێن. تا پڕۆسەی سڕینەوەی جیلی نوێ لەنێو کۆمەڵگە دا بۆیان ئاسانتر بێتەوە. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە وشیاری نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵات گەیشتۆتە ئاستێک کە هیچ بەربەستێک ناتوانێ پێش بەم جیلە بگرێ. هەر وەک هەموو ساڵێک شاهیدی ئەوەین کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی تر بە گۆڕتر لە ساڵی پێشوو یادی ڕۆژە نەتەوەییەکانی کوردستان بەرز ڕادەگرن و بەو پەڕی هەست و سۆزەوە یاد ئەو ڕۆژانە دەکەنەوە.
٣ــ ئاسێمیلاسیۆن و تواندنەوە:
لە دنیای ئەمڕۆدا دڵنیام کە هەموومان بۆ جارێکیش بێ وشەی ئاسێمیلاسیۆنمان بیستووە، ئاسێمیلاسیۆن پڕۆسەیەکە کە لەوێدا کولتووری نەتەوەی ژێردەست یان کەمینە، لەلایەن کولتووری نەتەوەیەکی دیکەوە تووشی توانەوە دەبێت. واتا تواندنەوە لەنێو کولتووری خاوەن دەسەڵات، یان بە واتایەکی تر ئاسێمیلاسیۆن زیاتر لە وڵاتانی فرەنەتەوە و نادێموکراتیکدا بەرچاو دەکەوێ کە سادە ترین پێناسە بۆ ئاسێمیلاسیۆن هاوڕەنگکردن و هاوشێوەسازی و یەکسانکردنی نەتەوەکان لەژێر کولتوور و هێژموونیی نەتەوەی حاکمدایە. ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی نەتەوەکانی تریان داگیر کردووە لەم دیاردەیە کەڵک وەردەگرن، بەمەبەستی لەنێوبردنی کولتووری نەتەوەی ژێر دەست، تا نەتەوەی خۆیان بە نەتەوەی باشتر(برتر) لە قەڵەم بدەن و نەتەوەکانی تریش وەک قەوم، هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی ناوەندگەرا هەمیشە بۆ حوکمکردن بەسەر ئێرانی فرەنەتەوەدا کەڵک لەم پڕۆسە وەردەگرێ تا بتوانێ بە باشی هێژموونیی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێ. و لەم دیاردەیە بۆ یەکدەست کردن و یەک پارچەکردنی خاکی کوردستان و بە گشتیی ئێران کەڵک وەردەگرێ تاکوو کۆمەڵگە لە چوارچێوەی هێژموونەکانی خۆیدا پەرەبستێنێ. و لە کۆتاییدا هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ بەرۆکی نیزامەکەی نەگرێتەوە.
٤ــ گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان:
دوای دابەش بوونی خاکی کوردستان بەسەر چوار وڵات دا ئەم پڕۆسەیەش هەتا ئێستا هەر بەردەوام یەخەی کوردی بەرنەداوە، بەتایبەت لە شارە گرینگ و هەستیارەکانی کوردستان ئەم بەرنامەیە بەردەوام لە جێبەجێ کردن دایە، وەکوو کەرکووک، سنە، ورمێ، کرماشان، عەفرین ئێستا لێرەدا پرسیارە بۆ لەم شارانە؟ چون داگیرکەرانی کوردستان باش دەزانن کە ئەگەر بێتوو ڕۆژێک کورد بتوانێ حکوومەتێکی دیفاکتۆ دابمەزرێنێ ئەوا ئەم شارە ستراتیژیکان کە دەتوانن کوردستان بەرەو سەربەخۆیی بوون و یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان ببا، جا بۆیە داگیرکردنی ئەم شارەنە و نیشتەجێ کردنی فارس، تورک، عەرەب لەوێدا دەتوانێ بە گشتیی چارەنووسی کورد بە شێوەیەکی دیکە بگۆڕێ، یانێ تەنانەت ئەگەر خاوەنداریەتی وڵاتی خۆشت بەدەستەوە بێ هێشتا هەر دیلی چون گرینگترین شارەکانت لەژێر کۆنتڕۆڵی داگیرکەران دایە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەیبینین کە چۆن دەسەڵاتدارانی بەغدا وەک کارتی گوشارێک بۆسەر هەرێم بەکاری دێنن. هەر وەک ئاماژەم پێ کرد ئەم سیاسەتە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە سەرەتای دەسپێکردنی هەر بە تەنیا بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە بۆ نموونە: کاتێک چاو لە نەقشە کۆنەکانی کوردستان دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە خاکی کوردستان زۆر گەورەتر لە ئێستا بووە و تەنانەت ٤ڕێگای ئاوی جیاوازی هەبووە کە بەدرێژایی مێژوو کوردیان لەم ناوچە هەستیارانە ڕاوناوە و چارەنووسی ئێمەیان بە ئەما و ئەگەر سپاردووە. نموونەیەکی دیکه جینایەتەکانی دەسەڵاتی پەهلەوییە کە یەکێک لە تاوانەکانی لە هەمبەر نەتەوەی کورد، گۆڕینی جوغرافیای ۲شاری گەورەی کوردستان واتا “کرماشان” و “ورمێ” بوو، بە نیشتەجێکردنی فارس و تورک لەم دوو شارە هەوڵی دا کوردەکان و خاکەکەیان لاواز بکا، کە لەلایەک گۆڕینی جوغرافیای کوردستان بوو و لەلایەک دووبەرەکی سازکردن نێوان گەلانی ئێران کە بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم ناکۆکییانە هەر بەردەوامە.
٥ــ لە نێو بردنی ژینگەی کوردستان:
هەر وەک هەموومان دەزانین کە کوردستان خاوەن جوغرافیایەکی تایبەت بە خۆیە کە بووەتە هۆی درووست بوونی دەیان دارستانی جوان و سرنج ڕاکێش و هەروەها شوێنێکی گەشتیاری و داهاتێکی بەردەوام بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی کە خاوەن جوغرافیایەکی دارستانین، بەڵام ڕێژیم تەنانەت چاوی بەم سروشتەش هەڵنایە و هەموو ساڵێک بە پیلانی جۆراوجۆر لە هەوڵی گۆڕینی سروشت و جوغرافیایی کوردستانە، تاکوو باشتر بتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکا. چوونکە لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم سەروماڵی کوردەکان بۆ ئەوان حەڵاڵە و هەر کارێکی بیکەن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندی دایە. جا بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم جینایەتانەی ڕێژیم لە ئارادا نییە، تاکوو لەسەرەڕۆییەکانی ڕێژیم کەم کاتەوە. و پێشیان لێ بگرێ. هەر بۆیە لەنێو بردنی ژینگەی کوردستان لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم وەکوو نەریتێکی لێ هاتووە کە هەموو ساڵێک بە چەندین جار هێرش دەکەنە سەر ژینگەی کوردستان و جوانییەکانی کوردستان دەسووتێنن. تاکوو ئەگەر ڕۆژێک کورد بووە خاوەنی خاکی خۆی هیچ شتێکی نەمێنێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی خاکەکەی، جا بۆیە لە هیچ ئاکارێکی دژە مرۆڤی دەسپارێزی ناکەن، تا هەبن بەردەوام ئەم جینایەتانە دەرحەق بە نەتەوەی کورد بەکار دێنن.
٦. ژینۆساید کردن: دیاردەی ژینۆسایدکردن ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هەرکامیان لەسەر پرسی کورد بێ کاریگەر نەبووە و هەر ڕەهەندێکی بۆخۆی گورزێکی قورسی له داوێنی ئەم نەتەوە داوە، کە شوێنەوارەکانی هەر لە دوور ڕا دیارە، ڕەهەندەکانی ژینۆساید بریتییە لە: ژینۆسایدی فیزیکی، یان جەستەیی، ژینۆسایدی کولتووری، ژینۆسایدی ئابووری، لێرەدا بە کورتی پێناسەیەک له هەر ڕەهەندێکی باس دەکەم.
– ژینۆسایدی فیزیکی یان جەستەیی:
بە واتای کوشتن و لەنێوبردنی تاکەکان، بەتایبەت کەسایەتییەکانی ئەو میللەتە کە ڕووناک کەرەوەی ڕێگان و بەرەو ئاسۆی ڕۆنمان دەبەن. یان بە واتایەکی تر ئێعدام، زیندەبەچاڵ کردن، بێسەروشوێن کردن و…هتد. ئەمانە دەچنە چوارچێوەی پێناسەی ژینۆسایدی جەستەییەوە.
–ژینۆ سایدی کولتووری: بە واتای قەدەغەکردنی زمانی دایکی و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی بۆنە نەتەوەیەکان دا، چەواشەکاری مێژوو و سڕینەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان.
–ژینۆ سایدی ئابووری: بێکاری، هەژاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوەسان، نەڕەخساندنی هەڵی جۆارجۆر بۆ دابین کردنی کار و چالاکی بۆ لاوان و …. هتد.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کوردستان بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە کورد بە درێژایی مێژوویی خۆی، هەموو شێوە مردنێکی تەجرووبە کردووە، ژینۆسایدیش یەکێک لەو شێوە مردنانە بووە کە دوژمنانی کوردستان زۆر بە بێ ڕۆحمی لە بەرانبەر نەتەوەی کورد دا بەکاریان هێناوە. بۆ نموونە: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆزی سنەی خوێناوی و کوشتاری بێبەزییانەی قاڕنی و قەڵاتان، لە باشووری کوردستان خاپوورکردنی هەزاران گوند و زیندە بە چاڵ کردنی ١٨٢هەزار کوردی بێ تاوان، شیمیاییبارانی هەڵەبجە و کوژرانی ٥٠٠٠کورد، لە ڕۆژ ئاوای کوردستان هێرشکردنە سەر شاری کۆبانی و عەفرین و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کورد، لە باکووری کوردستان کوشتنی زیاتر لە ٧٠هەزار کورد و خاپوورکردنی سەدان هەزار گوند بە فەرمانی “ئاتا تۆرک” کە بە “ژینۆسایدی دێرسیم” ناسراوە. ئەڵبەت ئەمانە تەنیا بەشێکن لە پڕۆسەی ژینۆسایدی کورد چونکە کورد لەوەتەی هەیە بەردەوام بە هەموو شێوەیەک هێرشکراوتە سەری و سەرکوت کراوە.
٧. چەواشەکاری مێژوویی ڕاستەقینەی کورد و بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان
مێژوو و ئاسەوارە مێژووییەکان دوای گەشەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە تەواوی دنیادا بایەخێکی یەکجار زۆری پەیدا کرد و ئەو وڵاتانەی کە خاوەن مێژوویەکی کۆن و ئاسەوارێکی مێژوویی دەگمەنن، ئیفتخار و شانازی بە بوونی خۆیان و خاکەکەیانەوە دەکەن کە هەڵکەوتووی ئەو مێژوو و ئاسەوارەن، هەر وەک هەموومان ئەزانین ڕابردووی هەر نەتەوەیەک پێ دەڵێن مێژوو! کە بووەتە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ناسینی هەر نەتەوەیەک، کە بە دوای خۆدی ڕاستەقینەی دا دەگەڕێ، جا بۆیە ئەگەر میللەتێک مێژوویی خۆی نەزانێ و یان بە جۆرێک چەواشەکاری لە ڕابردووی کرابێ ئەو کات تووشی سەر لێشێواوی ئەوێت و لە ئاکامدا بێ هیوایی و نەمانی باوەڕبەخۆبوونی تێدا درووس دەبێت کە میللەتێک بەرەو نەمان و تێداچوون هیدایەت دەکا. بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریی دوژمنانی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ. کە داگیرکەران دایم لە هەوڵی چەواشەکاری مێژوویی ڕاستەقینەی کورد بوونە، و لەم پێناوەش دا سەدان کتێب و ئاسەواری مێژوویان بە تاڵان بردووە و بۆ ئێمە مێژوویەکی پڕ لە چەواشەکاری و دوور لە ڕاستییەکانییان نووسیوەتەوە تاکوو ئێمە لە خۆدی ڕاستەقینەی خۆمان بێخەبەر بین. و ئەم دیارەدیە زیاترین خەساری بە پرسی شوناسخوازی کورد بەخشیەوە، وەکوو ئەوە وایە کە لە وڵاتێک، بێ ناسنامە بیت و کەس نەتناسێ کێیت! لێرەدا قسەیەکی ئایزێنهاوێرم بیر دێتەوە کە دەڵێ: “بۆ لەنێوبردنی میللەتێک هەوڵ بدا مێژوویی ڕاستەقینەی بسڕیتەوە و بۆ خۆت مێژوویەکی پڕ لە چەواشەکاری و دوور لە ڕاستیەکانی بۆ بنووسی”. ئەو کات ئەو میللەتە تووشی سەرلێشێواوی ئەوێت و وەک میللەتێکی زەلیل و لاواز چاو لە خۆی دەکا و له ئاکام دا گەورەترین سەرمایەی ژیانی کە هەر ئەو هەستی باوەڕ بەخۆبوونەی لێ دەستێنی، کە ئەمڕۆ دەیبینین کە هەر تاکێکی کورد تووشی بووە، واتا ئێمە بەر لە داگیرکردنی خاکەکەمان خۆمانیش داگیرکراوین جا بۆیە وەک چرچیل دەڵێ: ئەرکی خەڵکی جیهان سێهەم ئازادکردنی وڵاتەکەیان نییە، بەڵکوو لە پێشدا ئازادکردنی خۆیانە. و هەر کاتێک ئێمە توانیمان خۆمان ڕزگار بکەین ئەو کاتیش زۆر بە ئاسانی دەتوانین وڵاتەکەیشمان ڕزگار بکەین.
٨ ــ قەدەغە کردنی خوێندن بە زمانی دایکی
گرینگترین فاکتەر بۆ پێناسەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیە، چۆن زمانە دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی ئەو میللەتە و هەر وەک بیرمەندان دەڵێن گەلێک زیندووە کە زمانەکەی زیندوو بێت. جا بۆیە ڕێژیمە فاشیستە دژە گەلییەکەمان لە ڕێگای دامودەزگا پەروەردەییەکانییەوە هەمیشە لە هەوڵ دا بووە کە پێش لە خوێندنی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد بگرێ تاکوو کورد لە گرینگترین شوناسی نەتەوەی خۆی”زمان” دوور بکرێتەوە و مێشک و بیری لەگەڵ ئایدۆلۆژیایی نەتەوەی حاکمدا بار بێت تاکوو پڕۆسەی تواندنەوە و هەزم بوونیان بە باشی جێبەجێ بکرێت. هەر بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و داگیرکەران لە یەکەم قۆناغی ئەم سیاسەتەدا کەڵک لە “تیۆریی ئاڵمانی” وەردەگرن کە لەم تیۆرییەدا “زمان”وەک فاکتەریی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی نەتەوەسازی دەناسرێ، واتا لە یەکەم هەنگاودا زمان کە فاکتەری سەرەکییە بۆ درووسکردنی نەتەوە سازی دێت، زمانی کوردی دەکاتە ئامانج؛ بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکان و زانکۆکان پێش لە گەشەسەندنی ئەم زمانە دەگرن ئەمە لە کاتێکدایە کەلە ئەسڵی پازدەی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا هاتووە کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە تەنیشت زمانی فەرمیی وڵات بە زمانی خۆی بخوێنێ. بەڵام هیچکام لەم یاساگەلە نەچوونەتە پڕۆسەی جێبەجێ کردنەوە جا بۆیە هەمیشە بە زاڵکردنی زمانی حاکم هەوڵی تواندنەوە و چەوسانەوەی نەتەوەی ژێردەستیان داوە. چونکە لایان ڕوونە کە ئەگەر زمانی کوردی لەنێو بەرن ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانن حاشا لە ئەدەبیات و مێژووشمان بکەن. و هەروەها ئەگەر میللەتێک زمانەکەی لەنێو ببردرێ ئەوکات هیچ فاکتەرێکی نامێنێ بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی و لەم حاڵەتەشدا دەکەوێتە قۆناغێکی پووچ کە هەست بە کەم بوون دەکا و ئەوکات خۆی وردە وردە تێکەڵی کولتووری حاکم دەبێ. وەک کاک ناسر ڕەزازی وتەنی: ئەگەر زمانی دایکی خۆت نەزانی فیلەسۆفیش بیت هێشتا نەزانی، جا بۆیە با لە فێربوونی زمانی دایکی خۆمان غافڵ نەبین و هەوڵ بدەین بە گژ سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم دا بچینەوە.
دیارە سیاسەتەکانی داگیرکەران بۆ سڕینەوەی کوردستان، زیاتر لەمانەن کە من لەم ٨خاڵە دا ئاماژەم پێکرد، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ئێمە بە گژ ئەم سیاسەتە دژە گەلییانە بچینەوە و بتوانین وەک گەلێکی زیندوو و چالاک درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین. تاکوو بتوانین وەک هەموو گەلانی دنیا مافی چارەنووسی خۆمان بە دست بگرین. هەر بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو کەند و کۆسپانەی کە یەخێ کوردی گرتووە، بە خۆشحاڵییەوە کاتێک چاو لە جیلی نوێ دەکەین دڵگەرم ترین بۆ بنیاتنانەوەی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ چوونکە ئەمڕۆکانە هەر کوردێک بۆخۆی ڕۆڵی پێشمەرگەیەک دەگێڕێ، یەکێک بە چەک، یەکێک بە کاری ڕێکخراوەیەی، یەکێک بە چالاکی مەدەنی و دڵسۆزی بۆ گەل و خاک، یەکێک بە ژینگەپارێزی و …هتد. ئەمانە بۆ خۆی ئاستی وشیار بوونی نەتەوەیەک دەردەخا کە لە ژێر تەوژمی دژوارترین ڕەشەباکان دا ماوەتەوە و ڕیشەکانی پتەوتر لە جاران گەشە دەکەن. کەوا بوو با پێکەوە هەموومان بە دروشمی “هەموومان بەرپرسیارین بۆ کوردستان، بێ جیاوازی“. هەوڵی بنیاتنانەوەی ئەو کوردستانە بدەین کە هەموو ڕۆژێک هەموومان خەونی پێوە دەبینین.