ڕۆژی سێشەممە ٤ی سەرماوەز، ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئامادەبوونی بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات، هاوڕێیان یای خەدیجە مەعزووری، و کاک ڕەسووڵ مووساپوور، بە مەبەستی پیرۆزبایی دیدارێکی لەگەڵ بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ماندوونەبوونی بە بەڕێوەبەرانی پێشووی ژنان، پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی ئیداریی حیزبی گەیاندە بەڕێوەبەریی نوێ و لەسەر پشتیوانیی هەمەلایەنەی حیزب لە یەکیەتیی ژنان، جەختی کردەوە.
بەڕێز مستەفا مەولوودی لە درێژەی وتەکانیدا هیوای خواست کە یەکیەتیی ژنان زیاتر لە پێش تێبکۆشێت و ئەرکە مێژووییەکانی خۆی بۆ خزمەتی ژنان و کوردستان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات.
هەروەها لەم دیدارەدا بەڕێز سمایل شەرەفی، بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەند وتەیەکی سەبارەت بە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کار و چالاکییەکانی کۆنگرە پێشکەش کرد.
لەم دیدارەدا خاتوو شنە دروودگەرد، سکرتێری تازە هەڵبژێردراوی یەکیەتی ژنان وێرای بەخێرهاتنی ناوەندی ئیداری بۆ بنکەی یەکیەتی ژنان و سپاس و دەسخۆش کردن لە پشتوانییەکانی حیزبی دێموکرات لە یەکیەتی ژنان، باسی لە بەرنامە و پرۆژەکانی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی ڕێکخراو کرد.
هەروەها ئەو دیدارە بە باس و ڕا گواستنەوەی هاوڕێیان بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانی یەکیەتی ژنان لە داهاتوو و لە ڕەوتی کاردا کۆتایی هات.




