حەسەن حاتەمی
” دیداری ژینا و ژیانەوە” ناوی کۆنفڕانسێکی زانستی، سیاسی بوو کە ڕێکخراوی جیهانی کورد، لە ٢٥ ی فێوریە ٢٠٢٣ لە شاری بۆنی ئاڵمان لە ژێر دروشمی بەناوبانگی “ژن ژیان ئازادی” دا، بۆ دیالوگیی نێوان کوردەکان و هەڵسەنگاندی ڕێژەیی “شۆڕشی ژینا” و چۆنییەتی کۆدەنگی و هاوڕیزی نێوان کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لەنێوان حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی و ژمارەیەک لە ژنانی تێکۆشەر وکەساتییە ئاکادێمەکان، لە لایەک و هەوڵدان بۆ هەڵسوکەوتی بەرپرسانە و زۆرگرینگ، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سەرانسەریی لە ئێران و نەتەوە نافارەسەکانی تورکی ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکەمەن لە لایەکی دیکە بوو.ئەو کۆنفڕانسە ماوەی ٩ سەعاتی خایاند.
لەو ڕەهەندە دا، لەسەر بەرنامەکانی پێکهاتەی کوردی- کوردی یانی “ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران”، بەرفراوانکردنی و هاوپێوندی بە پێی سەرنج دانی جیاوازەییەکان و فرەیی کۆمەڵگە و تواناییەکانی مەدەنی بوو. دواتر کوردی – نەتەوە نافارسەکان “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕال” و کوردی- حیزب و ڕێکخراوە سەرانسەرییەکان، کە “شووڕای دێمۆکڕاسیخوازان” و “هاوپێوەندی بۆ ئازادی وبەرانبەری لە ئێران دا” هەوڵ بۆ یەک ڕێزی دەدەن. ئەو پێکهاتە کۆماریخوازە فێدڕاڵیستانە لە ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران و دەرەوە دا، لە بەرانبەر ڕێژیمی نگبەتی مرۆڤ کوژی ئاخوندی – سپایی دا، تا ڕادەیەکی زۆر لێک نزیکن و هاوکاریی بە کردەوەش لەنێوانیان دا، کەم و زۆر هەبوە و هەیە. بەتایبەتی لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی وڵات لە ٦ مانگی ڕابردووی “شۆڕشی ژینا” دا، کە بە ئاڵای نەتەوەکانی بەرایی لە ئێران و ئاڕمی پێکهاتە ناوبراوەکان، زایەڵەی بەشێکی گرینگ لە هاواری ئازادیخوازی، دیکتاتۆڕ نەویستی عەلیی خامنەیی جینایەتکار و تووڕهەڵدانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی ویلایەتیی موتڵەقەی فەقیه لە ئێران دا، بوون. و…
***
نەورۆزی شۆڕشی ژینا
خرۆشانی گەلانی ئێران لە چوارشەممە سووری و نەورۆز بە یادی ژینا (مەهسا) ئەمینی دا، کە لەو شۆڕشە دا تا ئێستا پتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان لێئەستێندرا و سەرەڕای ئەوەی کە، پتر لە ٥٠٠ کەسیش ئەندامانی لەشیان زامار و چاوێکیان، نا بینا کرا، و یەک لە گرینگترین ئەندامانی جەستەیان لێستاندرا، هەزارانی کەسی دیکە بریندار و بە دەیان هەزاریش گیران، کە بەستێنکی گرینگی “شۆڕشی ژینا” و ژیانەوەیەکی نوێیە کە کچان و کۆڕان، ژنان و پیاوان بە “عیشقەوە” لە نێوخۆ هاتنە سەر شەقامەکان و کۆشکی بێدادی و ستەمیان لەرزاند. لە دەرەوەی کوردستان و ئێرانیش زایەڵەکەیان بە جیهان گەیاند.
ڕۆژی ١٨ ی مارسی ٢٠٢٣ (٢٧ ی ڕەشەممەی ١٤٠١)، لە ژمارەیەک پێتەخت و شارەکانی ئورووپا، کانادا و ئەمریکا، کوردەکان بە بۆنەی نەورۆز، خاوەنداریتی مەزنیان لە شۆڕشی کچە جوانمەرگ کراوەکەیان ژینا (مەهسا) کرد. خاڵێکی زۆر گرینگ وجێی سەرنج، لە پیرۆز کردنی نەورۆزدا، بەرنامەیەکی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سوئێد بوو، کە ١٠٠ ژن و کچ بە یادی سەرچۆپییە بەرگە سوورەکەی ژینا، بەرگ و لیباسی سووریان لەبەر کرد. ئەو تێکۆشەرانە مەشغەلی شۆڕشیان لە ژێر باران و سەرما لەگەڵ وێنەی ژینا، بە یادی ئەو و هەموو ژیناکانی شۆڕشی نوێمان، ئیرادەی باوڕبەخۆ بوونیان لە نەورۆزی شۆڕشی ژینا دا، (٢٧٢٣ ی کوردی) و ١٤٠٢ ی هەتاوی، لە مێژوو دا، تۆمار کرد.
لە نێوخۆی ئێرانیش لە دووشەمۆ شەوی ٢٩ ی ڕەشەممە دا، دوا ساتەکانی ساڵی ١٤٠١ی پڕلە ڕووداوگەلی “خۆش و ناخۆش” شەوێکی ڕەش بۆ دەسەڵاتداران و شەوێکی زۆر ڕووناک لە لایەن تێکۆشەران و “پێشمەرگەکانی ئازادی لە شەقام” خوڵقیندرا، کە بەداخەوە تەقیان لێکرا، و ژمارەیەک زامدار بوون و ژمارەیەکیش گیران. – گۆیا زۆرترین بریندارەکانی شاری مەهابادی پێتەختی کۆماری کوردستان، ژنان، کچان و منداڵانن- بەڵام مەشغەلانی ئاگری دەستی کچان و ژنان، کوڕان و لاوان و پشتیوانی چین و توێژەکانی نەتەوەکەمان لە کوردستان، بوون بە هەوێنی “پڕئومێد”ی درێژە دانی بە گۆڕ و تینی “شۆڕشی ژینا”، بە تایبەتی دایکان و باوکانی شەهیدان و باوکە لە خۆ بوردوویەکەی ژینا، کاکە ئەمجەد کە لە ڕیزی پێشەوە مەشغەڵ بەدەستەوە، لەگەڵ گرووپێک دوواین دێڕيکانی شێعری ناڵەی جودایی “دێم و دێم”ی سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ ی مامۆستا هێمنی یادی بەڕێزی لەگەڵ ئەمەگناسی شەهیدان لەسەر گۆڕی ژینا و دەرووبەر و شەهیدانی سوورخەڵاتی دیکەی گەل دەکوتەوە. پاشان ئاگری نەورۆزی شۆڕشی ژینایان هەڵکرد.
ئۆگرانی نەورۆز و ئەمگناسانی شەهیدانی ڕێی ئازادی و مافی نەتەوەی لە کەم تەمەنترینان هەتا بەساڵداچوان، ژمارەیەکیان جامانە لەمل، هەوری لەسەر و گولی سوور بەدەست، لەگەڵ ئاپۆڕای خەڵک سەما وهەڵپەڕکێیان بە گۆرانی فۆلکلووری کوردی ئەنجام دا، یا دروشمی دژی دەسەڵاتی تۆتالیتێری ئیسلامیان دا، یا سروودی شۆڕشگێڕیان گوتەوە.
هەروەها لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵ دا، ڕاگەیەنەرەگشتییەکان، باسی فایلی ئاشکرا بووی نێوهەناوی دەسەڵاتیان کرد، کە ژمارەیەک لە فەرماندەرانی خوێنڕیژ و جینایەکاری ئەمنییەتی داماو لە “کپ” کردنی شۆڕشی ژینا (مەهسا)، قسەی لەسەر کرا. ئەوان زۆر بە ڕوونی باسی هەڵوەرینی کەسانی فەرماندەر، بەرپرس و ئەندامانی هێزە نیزامی، ئینتیزامی و بەسیجییەکان دەکەن کە ئامادە نیین دریژە بە سەرکوت بدەن. بەتایبەتی لە بەرانبەر ژنان و کچانی فیداکار و شۆڕشگێڕ دا. جێی سەرنجە کە باسکرا ئەفسەرێک کە لە حەڵب خەریکی سەرکوت و مانەوەی تۆتالیتاریزمە لە سووریەی بەشار ئەسەدی جیناتەکار دا؛ بەڵام ژنەکەی لە ناڕەزایەتیی سەرشەقام و گەڕەکان دا، گیراوە و لە ئەوین زیندانی کراوە!؟ ئەو دیمانە و ئەو بەشە قسانەی کە هاتوونە دەرێ، کە زۆر کەمن، بەڵام بەشێکی گرینگ لە “ئاوینەی ڕاستییەکان” نیشان دەدا، کە بۆ تێکۆشەرانی رێێ ئازادی و مافی نەتەوەیی لە بەرەبەری نەورۆز دا، زۆر گرینگ و جێی دڵخۆشین.
بەڵام ئەوەی لەو فایلە دا، باسی کرا: قووڵایی و ڕێشە داکوتانی بەهێزی ئەو شۆڕشە لەو ماوەیە دا، نیشان دەدا و پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زۆرلە ئەندامانی بنەماڵەکانی سەرکوتکاران بە شۆڕشگێڕان، حەقانەیەتی گەلانی وەزاڵە هاتوویە بەدژی پێشێلکارانی مافی تاک و کۆیەکانیان، پێداگریی دەسەڵات لەسەر درێژی ئیجباریی کردنی ڕووپۆش و سەرپۆش بۆ ژنان و کچان (حیجابی ئیجباری)، بوونی بێکاری، نەداری، نەدانی مووچەکانی کار لەکاتی خۆی دا، گرانی، ئاوسان، ئەوپەڕی بێنرخ بوونی پووڵی وڵات (یەک دوڵاری ئەمریکایی گەیوەتە سەرووی ٥٠ هەزار تمەن)، پەرەپێدانی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تووش کردنی لاوەکان و میرمنداڵان بۆ سڕکردنی مێشکیان و کردەوەی باشیان، بێ حورمەتی بە تێگەیشتووی خەڵک و پێداگری لەسەر خورافاتی مەزهەبی و مەیدان دان بە پێهەڵاکوتن (مداحان)، مەترسی سازکردن لەسەر تەناهیی و ئەمنییەتی جیهانی و پەرەپێدانی مووشک و دڕۆن سازی و پشتیوانی لە “شەڕی جێگرەوە” (نیابەتی) لە ناوچەگەلێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، و بەتایبەتی بوون بە پشتیوانی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکڕاین و وێرانکاری وخوێنڕێژی “فڕۆکەی بێفرۆکەوانەکانی ئیسلامی” و هەنگاونانی پتر بەرەو “بۆمبی ئیسلامی”، خۆ دزینەوە لە ئیجرای پێکهاتنەکانی بەرجام، کە بەشێک لە دەروەستییەکان لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ تەواو دەبن و زۆر فێڵ و تەڵەکەی دیکە. و…
“بیۆشیمایی” یا “تێڕۆڕیسمی شیمایی” کچان و مامۆستایانی تێکۆشەری بەرەی گەل، کە تا ئێستا ٢٣٠ قوتابخانەی بەداخەوە گرتۆتەوە کە بە “ئەسپایی” لە سێ مانگی ڕابردوو دا، لە لایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕیژیمی “توتالیتێری ئیسلامی” ئەنجام دراوە، کە ترس لە هاتنە مەیدانی مێرمنداڵانی کچ و پشتیوانی مامۆستا شۆڕشگێڕەکانە کە هەم کاریگەری زۆر باشیان لەسەر بیروڕای گەڵان و هەم لەسەر کردەوەی سست کردنی سەرکۆتکارە پیاوەکان هەیە. کردەوەی دژ بە قوتابییەکانی کچان لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ دا، دەچێتە قاوغیی “جینایەتکاری شەڕ” و پەلکیش کران بۆ دادگە نێونەتەوەییەکانە. بەداخەوە ئەو دیارەدە دزێوە، بەرەو بەرفراوانتر کردن دەچێ و لە باکووری ئێران هێرشی شیمایی بۆ زەماوەندێکیش کراوە و ژمارەیەک “مەسمووم” بوون!!!؟؟؟
جگە لەوەش لە ڕۆژی هەینی ٢٦ ی ڕەشەممەی ١٤٠١ دا، بە هۆی جینایەتەکانی ولادیمێرپووتین، سەرکۆماری ڕووسیە، لە شەڕی ئوکراین و منداڵ دزی و منداڵ کوژی لە دادگەی سزای نیونەتەوەیی جینایی یەکیەتیی ئورووپا مەحکووم کرا و حوکمی گیرانی دەرکرا. خامنەای و هاوبیر و بەکرێگیراوەکانی پشتیوانیان لە هێرشی جینایەتکارانەی پوتین کردەوە و دڕۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) یان ، بە نیزامییە هێرشکارەکانی ڕووسیە داوە، کە لەسەرەوەش ئاماژەی پێکراوە. ئەو دڕۆن (پەهلباد) انە، خوێنێکی زۆریان ڕاژاند و وێرانێیەکی زۆرتریان خوڵقاند کە لە کارنامەی پڕ شەڕ و شوورەیی ڕێژیمی ئاخوندی- سپایی دا، تۆمار کراون. بەڵام شەڕی داسەپاو بەسەر ئۆکرانییەکانی بوێر و ئازا و بەرگریکار لە خاک و نیشتیمانەیان دا، سەرکەتوو نەبوو و نابێ. بەداخەوە شەڕێکی زۆر خوێناوی و پڕ تێچوویە کە پتر لە ساڵێکە لەو دەڤەرە درێژەی هەیە.
رێژیمی دژی گەلیی کە هەوڵی دا، نەوڕۆزێکی قەڵب و دروویین لەنێوخۆ داسەپێنێ و بۆی نەچووە پێش، شانۆییەکیان بۆعەلێی خامنەیی لە مەشهەد ناوەندی دوویەمی “واتیکانی ئیسلامی رێژیم” دوای “قوم، واتیکانی یەکەمی ئیسلامی سیاسی شیعە مەزهەب”، بۆ خەڵکانی هاوردە لە مەشهەد و درووبەر،کە پتر بە ئیجبارلەوێبوون و کەمتر بە ئیختیار، قسەی کرد. ئەو ترس و دڵەراوەکیی لە قسەکانی دا، هەبوو. چوونکە حاشای لە دڕۆنە ناردراوەکان بۆ ڕووسیە کرد. ئەو دەترسێ کە وەک پوتینی بە کەسێکی ئەنجام دەری “جینایەتکاری شەڕ” بناسرێ، کە ئومێدەوارین وەدی بێ و پێویستە خەباتی بۆ بکرێ.
شۆڕشی ژینا (مەهسا) لە هەموو بوارەکانی دا، لە بە “ژیانەوەی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی” و فارسەکان بە “ڕۆنێسانسی ئێرانی” ناوی دەبن، پێویستە لە نێوخۆ و دەرەوە، کردەوی مەیدانی و دیپڵۆماسی پتری بۆ ئەنجام بدرێ و ئەو هەموو جینایەگەلە چەند لایەنەی ئەو ڕێژیمە دژی گەلیی مرۆڤ کوژ و منداڵ کوژە، پتر لە قاو درێ وئیزنی مانەوەی نگریسی پتر پێ نەدرێ.
شۆڕشی ژینا و درۆشمی ژن ژیان ئازادی، لە نێوخۆ و دەرەوە دا، قوناغێکی دیکەی بەهێزی لە نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی و ١٤٠٢ی هەتاوی دەست پێکرد. ئاڵای کوردستان، بەرگ و لیباسی کوردی، جامانە لە مل و هەوریی لەسەر و گوڵی سوور بەدەست، کوردستانی لەنێوی نیشتیمان و لە دەرەوە دا، کردە خاوەن شوناسێکی پڕڕەنگتر لە پێشوو، یەکرێزییەکی جێی دەستخۆشی و دڵخۆشی لێکەوتەوە، کە پێویستە هەتا سەرکەوتن و دواتریش درێژە بدرێ.
موژگانی ئیفتیخاری، دایکی شەهید ژینا (مەهسا) بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی نوێی ژینا سپاسی لە گەلان کرد و کوتی: “لەگەڵ ئێوە تەنیاییمان بە تەنیایی سپارد. بە گەرمیتان ژیانمان گەرم بۆوە، هەتا ژینا ڕەمزی بوون و هەرمانی دنیای باشتر بۆ ڕێزگرتن لە گەلانێک بێ. ژینا فریشتەی پیامهێنەری ڕزگاریی ژنانە و ناوەکەی ڕازاوەی زۆربەی کووچە وکۆڵان، گەڕەک و شەقامەکانە”.
سەرچاوەکان: گووگل، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕادیۆ فەردا، یوتیووب و ئێران ئینترناشناڵ تی ڤی. مارسی ٢٠٢٣، خاکەلێوەی ١٤٠٢.