رۆژی شەممە رێکەوتی ۲۰ی مانگی مەی ٢٠٢٣ی زایینی، کۆمیتەی ئۆرێبرووی یەکیەتیی ژنان شەوە ئاهەنگێکی بە مەبەستی یەکتر ناسینی زیاتری ئەندامان و بنەماڵەکانیان بەڕێوە برد،
لە سەرەتای بەرنامەکە دا بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو “سەنگین هوشمەند “بەخێر هاتنی بەشدارانی کردو هەمووانی بۆ خواردنی نانی ئێوارە کە خاتوونەکانی بەشدار ئامادەیان کردبوو، بانگهێشت کرد.
پاشان بەرپرسی کۆمیتە خاتوو “شۆعلە قادری” باسێکی کورتی لەسەر پێکهاتنی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنفرانس بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری لەو شارە بە هەموو بەشداران ناساند.
دواتر بەڕێز کاک “حەسەن حاتەمی” باسێکی کورتی لەسەر “کاریگەری کۆمەڵایەتی لە شۆڕشی ژینا/مهسا” پێشکەش کرد. لە بەشێکی باسەکەی دا کاک حەسەن ئیشاڕەی بەو دروشم و ناوانە کرد کە دوای ئەو شۆڕشە دەگوترێن، دەنووسرێن و دەبیسرێن خوڵقێنەری فەزایەکن کە خوێن و بەرخۆدان لە ماوەیەکی زۆر کەم دا قوڵترین رەگیان لە کۆمەڵگەکانی سەرەرۆیی سووننەتی رۆژهەڵاتی ناوڕاست و لە نێویان دا ئێرانی فرە نەتەوەییەی داکوتاوە و زۆرترین کاریگەری کۆمەڵایەتی لێ بەرهەم هێنراوە،
دوا بەدوای هەر دوو باسەکە، نۆرە گەیشتە بەشی سەرگەرمی کە بریتی بوو لە پێشبڕکێیەکی پرسیار و وڵام، لە لایەن خاتوو “ئایدا هوشمەند” بەڕێوە چوو و بەشداران چێژێکی تایبەتیان لێ وەرگرت.
دوا بەشی بەرنامەکە بە گۆرانی و هەڵپەرکێ درێژەی پێدرا و کاتژمێر ٢٣.٠٠ کۆتایی بە شەئاهەنگەکە هات.
کومیتەی ئۆرێبرووی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ٢١/٠٥/٢٠٢٣