شەونم هەمزەیی
زانکۆ هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا شوێنی کۆمەڵە کەسانێک بووە کە ویستوویانە لە ڕێگەی بەدەستهێنان و پەرەدان بە زانست پێگەیەکی باشتر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. خوێندکار بە هۆی چوونەسەری ڕادەی ئاگایی؛ خوازیار و باوەڕمەند بە سیستمێکی تێکنۆکرات دەبێ، سیستمێک کە لەوێدا بە مافی ڕەوای خۆی بگا و بەشداری لە هەڵسەنگاندن، هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری وڵات بکا. پێوەندیی زانکۆ بە زانست و پێوەندیی زانکۆ بە دەسەڵات، دوو پێوەندیی بنەڕەتین کە لە هێندێک بارودۆخدا هاوتەریب و یارمەتیدەری یەکتر بوونە و لە هێندێک بارودۆخیشدا یەکتریان لاواز کردوە و بە گژ یەکتردا چوونەوە. لە مێژووی ئێراندا هەمیشە شاهیدی ئەوە بووین کە دەسەڵاتی پاوانخواز لە هەوڵی ئەوە دابووە زانکۆ لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان وەدەربنێ. چونکە وەک دەزانین لە دژایەتیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی پەهلەوییدا، خوێندکاران و کۆمەڵگەی زانستی و ڕووناکبیریی ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕووخانی ئەم سیستمەدا هەبوو.
لە ئاکامی شۆڕش کە شۆڕشێکی بنەڕەتی بوو و هەموو جومگە سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکانی ئێرانی گرتەوە، ئاساییە کە دەسەڵاتی نوێ، خوازیاری دەست بەسەردا گرتنی هەموو ئەم جومگانە دەبێ. ئەوان کە بۆ خۆشیان لە ڕەوتی شۆڕشدا بەشدار بوون و بە لایەنێکی شۆڕشگێڕ لە قەڵەم دەدران، بە باشی ئاگاداری ڕۆڵی زانکۆکان لە ئاڕاستەپێدان بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵدا بوون. هەر بۆیە دوای بە دەسەڵات گەیشتنیان هەوڵیان دا ئەم ناوەندانە بخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.
شۆڕشی فەرهەنگی و داخستنی زانکۆکان لە ساڵەکانی ١٣٥٩ تا ١٣٦١ نموونەی بەرچاوی ئەو جۆرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و زانکۆیە. هەروەها زانکۆ لە ساڵەکانی شەڕی ئێران لەگەڵ عێراق تا ڕادەیەکی زۆر هیچ چەشنە کاریگەرییەکی بە سەر گۆڕانکارییەکانی وڵاتدا نەبوو. بەو پێیە زانکۆ و خوێندکاران لە مێژووی ئێراندا توانیویانە گوشار بخەنە سەر دەسەڵات و هاوکاری بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێران بن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە وەک هێزێکی فەزاخوڵقێن ڕۆڵ بگێڕن.
لە پێشدا خومەینی ڕێگەی خۆش کرد و لە وتار و سوخەنڕانییەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆ ماکەی «گەندەڵییە» و شوێنێکە کە لەوێدا مێشک و هزری لاوانی وڵات «دەشێوێندرێ»، ئەم وتانە دواتر بە فەرمان کران و دەستوور درا و شۆڕای شۆڕشی کولتووری (انقلاب فرهنگی) بۆ ئەم مەبەستە دامەزرا. کەسانی وەک عەبدولکەریم سرووش و بەنیسەدر و … لە بەرەی داکۆکی لەم شۆڕشە کولتوورییەدا بوون. لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە کە بە مەبەستی سڕینەوەی کەشی زانکۆ لە هزری سۆسیالیستی و بنەما لیبێرالییەکان و هەروەها ئیسلامیزە کردنیان بوو؛ بە سەدان مامۆستا و هەزاران خوێندکار دەر کران و زیندانی کران و زۆریەک لەوانیش بە ناچار وڵاتیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە هەندەران کرد.
زانکۆ و کۆمەڵگەی خوێندکاری لە دەیەی هەفتا بەملاوە لە لایەک بە هۆی کرانەوەی ڕێژەییی فەزای سیاسیی ئێران و لە لایەکی دیکە بە هۆی زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران ڕۆڵێکی بەرچاوتری گێڕا و توانیان دەورێکی نوێ لە چالاکیی خوێندکاری دەست پێ بکەن.
ترسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆکان هەمیشە وای کردووە زانکۆکان ببنە ناوەندێک کە لە ژێر چاودێری و فەزایەکی ئەمنییەتیدا بن. ڕێژیم هەموو کات لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی خوێندکاران وەک توێژێکی کاریگەر و خاوەن هەڵوێست ترساوە، بۆیە بەردەوام بە ڕێگەی جیاواز گوشاری بۆ سەر خوێندکاران و مامۆستایان هێناوە و هەوڵی داوە پێش بە جموجۆڵ و چالاکییەکانیان بگرێت.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە کرانەوەی زانکۆکان نزیک دەبینەوە کە کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و بزووتنەوەی خوێندکاری وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە ستوونە بەهێزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بووە. لەو ڕۆژەوە کە جەستەی بێ گیانی ژینا ئەمینی لەژێر کەشوهەوای ئەمنییەتی لەنێو تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی خەباتکاری سەقزدا بە خاک سپێردا، شەپۆلێک لە جموجۆڵی شۆڕشگێڕانە زانکۆکانی ئێرانی داگرت. لە ٢٨ی خەرمانان لە حاڵێکدا کە کوردستان دژ بە کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی لە مانگرتنی گشتیدا بوو، خوێندکاران لەئاستێکی کەم وێنەدا لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بە دروشمی ‹›لە کوردستانەوە تا تاران ستەم دەکرێ لە ژنان»، «لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە گشت ئێران»، «ژن، ژیان، ئازادی»، «مەرگ بۆ دیکتاتۆر»، “ئەمە دوا پەیامە، ئامانج گشت نیزامە»، «ئێمە هەموومان ژیناین› و هتد، زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
لەو جێگەوە کە زانکۆ و خوێندکاران لە ساتە هەستیارە مێژووییەکانی ئێراندا بەردەوام هێمای خۆڕاگری و خەبات بەرامبەر بە دیکتاتۆری و ڕەمزی یەکگرتن و هاوپشتیی کۆمەڵگا بوون، لەم ڕووەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی هێرش بۆسەر زانکۆ و سەرکوتی خوێندکارانیان بە پڕۆسەی خامۆش و کۆتایی هێنان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەزانی، هەر بۆیە گوشارەکانی ڕێژیم بۆ جارێکی دیکە و لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سەرتاسەری، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ سەر زانکۆکان بە چڕی زیادی کردەوە و بە گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن و بڕیاری نایاسایی لەوانە؛ دواخستنی کرانەوەی زانکۆکان کە لە ترسی سەرهەڵدانی خوێندکاران دەسپێکی کردنەوەی زانکۆکانی کە پێشتر ٢٥ی خەرمانان دیاری کرابوو بۆ مانگی ڕەزبەر وەدوا خست. دەرکردن و بانگهێشت کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران و هەڕەشە لێکردن و هەڵپەساردنیان لە خوێندن، دەرکردن و دوورخستنەوەی دەیان مامۆستای زانکۆ بە بیانووی پشتیوانیکردن لە ناڕازییان و دامەزراندنی مۆرەکانی ڕێژیم وەک مامۆستا لە زانکۆکان، بێبەش کردنی دەیان خوێندکار و بەتایبەت خوێندکارانی کچ لە بەشە نێوخۆییەکان بە بیانووی ڕەچاو نەکردنی حیجابی زۆرەملێ و بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکان، هەروەها لابردنی ناوی دەیان خوێندکار لە هەڵبژاردنی کۆمەڵە زانستییەکانی زانکۆکاندا، هەوڵی سەرکوتکردنی زانکۆکانی داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە تازەترین لێدوانیدا پشتگیری لە دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ کرد و ئەوانی بە کەسانی تێکدەر ناو برد و وتی: «ئەگەر ژمارەیەکی سنووردار لە خەڵک بیانەوێت ڕێکوپێکی زانکۆ تێکبدەن، دەبێت زانکۆ خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات». لە لایەکی دیکە وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ بەرگریی لە وەزارەتی زانست کرد و ئەو کارەی بە ئەرکی شۆڕشگێڕانە ناو برد و ڕایگەیاند: «ئەوەی وەزارەتی زانست لە بەرامبەر ئەو چەند مامۆستایەدا کردوویەتی کە تووشی چەقبەستوویی ئەکادیمی بوون، بەڵام ڕۆڵی گرینگیان لە پیشاندانی میدیادا هەبووە، لەسەر بنەمای ستانداردی یاساییە و بێگومان ئەرکی شۆڕشگێڕانەی ئەم وەزارەتخانەیەیە». لەو بەیاننامەیەدا، ئەو مامۆستایانە بە «گەمەی سیاسی و کەڵکوەرگرتنی جناحی و هەڵبژاردن» و «چەقبەستوویی زانستی و بێ ئەخلاقیی سیاسی» تۆمەتبار کران. هەروەها محەمەد ڕەزا عەلی ئەکبەری، ئیمامی جومعەی پارێزگای زەنجان ئەو مامۆستایانەی بە دژە نیشتمانپەروەر و دژە شۆڕش ناوبرد و وتی «ئەو مامۆستایانەی باوەڕیان بە بناغەکانی نیزام و شۆڕش و سەرکردایەتی نییە» پێویستە لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.
ئەم هەوڵانە بۆ سەرکوتی مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ ڕەخنە و تووڕەییی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران، داوای لە وەزارەتی نێوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە کرد کە لە کاروبارەکانی زانکۆ دەستێوەردان نەکەن و بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هۆشداریی دا کە: «بەردەوامیی ئەم ڕێگایە نەک هەر دەرئەنجامی ناخۆشی بۆ وڵات و پێشکەوتن و گەشەسەندنی دەبێت، بەڵکوو ئامانج و خواستی دەستێوەردانەکانی قۆرخکاریش بەدی ناهێنێت.»
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی یەکیەتیی خوێندکاران هۆشداریی دابوو کە «دەرکردنی سیاسیی مامۆستایان به تۆمەتی پاڵپشتیکردنی خوێندکاران دەتوانێت له درێژخایەندا زانکۆکان له مامۆستایانی پێبەند و خەمخۆر چۆڵ بکات و ڕێگە بۆ پێوەرە شکستخواردوو و نائاکادیمییەکان و هاتنی کەسانی ناشایست و ناکارامە خۆش بکات. هەروەها لە كاردانەوە بە گوشارەكانی هێزە نیزامییەكان بۆ سەر زانكۆی هونەری تاران و سووكایەتی پێكردن و گرتن و لێدانیان لە لایەن حەراسەتی زانكۆ و هێزە ئەمنییەكان; چەند زانكۆیەك بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان ڕاگەیاند٠
کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی هونەر لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانیان کرد، ڕایانگەیاند: «ئێوە پێتان وابوو کە زانکۆ مردووە و لە شەقامەکانی دەوروبەری دابڕاوە». دەریایەکی خوێن لە نێوان ئێمە و ئێوەدا هەیە، ئێمە کە ئێستا نزیکەی ساڵێکە «ئێمە»ین،هیچ قسەیەكمان لەگەڵتان نییە جگە لە یەك وشە: نەخێر.
لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا بۆ جارێکی دیکە خوێندکاران لە بەرامبەر ئەم ڕێژیمە وەستانەوە و لە ‹›نا››وتن بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرییان کردەوە و باسیان لەوە کرد کە شۆڕشی ژینا وێنەیەکی ڕوونی لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران پێ بەخشین. ئەو پەنجانەی کە ئاڕاستەی نەتەوەکانیان دەکرد و بە جیاخوازی تۆمەتباریان دەکردن، شکێندراون و ئێمە تێگەیشتووین کە جیاخوازی لە پیلانێک زیاتر نەبوو. ‹›ئێمە شەڕ دەکەین! ئێمە هاوار دەکەین! ئێمە دەکوژرێین! خەباتمان بە بێدەنگی دەست پێ کرد، بەڵام بە بێدەنگی کۆتایی پێ ناهێنین.»
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە؛ ڕێژیمێک کە تەنیا پێوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگا، سەرکوت و هەڕەشەیە و بە هێرش کردنە سەر خوێندکاران ویستی کۆمەڵگا بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە و ئەم شکستە بە سەرکوتی بەرنامە بۆداڕێژراوی زانکۆکان قەرەبوو بکاتەوە، لە بەرامبەر درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی زانکۆکاندا داماو و بێتوانا کردووە. بە قەولی خوێندکارانی زانکۆی هونەر›ئێمە و ئێوە دەریایەک خوێنمان لەنێواندایە»!.