بەشی ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنان، کۆمەڵە وتووێژێکی زانستی و پەروەردەیی سەبارەت بە فێرکاریی زمانی کوردی لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستا و وانەبێژانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕیک خستووە کە دەخرێتە بەر سەرنجی خوێنەران.
دیمانەکار: نەسرین یوسفزادە
پرسیاری یەکەم: لە ڕوانگەی ئێوەوە، فێرکردنی زمانی زگماکی چ کاریگەرییەکی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و هەست بە خۆبوون هەیە؟
وانەبێژ، م. مەهاباد:
بەڵێ هەیەتی. نەکۆڵی لەوە ناکرێ هەر کەس بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێ زۆر وشیاترە لە کەسێک کە لە دەسپێکی فێرکارییەوە دەبێ زمانێکی دیکە فێر بێ کە هەتا ئێستا قسەی پێ نەکردووە. وەک منداڵێکی تەمەن شەش حەوت مانگە کە دەیهەوێ لە قسەی دەوروبەرییەکانی تێبگا تا فام دەکاتەوە و بەبێ ئەوەی هیچ ڕستەیەک بە زاردا بێنێ، تەنیا چەند وشە بۆ گەیاندنی مەبەستەکەی فێر دەبێ (نانی، دایە، بابە،..). منداڵی تەمەن شەش حەوت ساڵانیش کە دەچێتە قوتابخانە، ڕێک ئەو منداڵە حەوت مانگەیە کە تازە فێرە قسەکردن دەبێ. بۆیە منداڵ لە قوتابخانە مێشکی ماندوو دەبێ و زۆر زوو لە دەرسخوێندن پەشیمان دەبنەوە. ناوەرۆکی کتێبەکانیش لە نووسینەوە تا جلوبەرگی نیگارەکان، شوێن و زۆر بابەتی تریش دەگەڵ ئەو شتەی منداڵ لە دەوروبەری خۆی دەیبینێ دژایەتی هەیە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵ نەتوانێ پێوەندی بە پەڕتووکەکانەوە بگرێت و لە خوێندن دوور دەبێتەوە.
وانەبێژ، ئاڵەشین ١١٠ :
دیارە ئەو جۆرەی بە زمانی زگماک، قسە و هەستی دڵ دەردەبڕیت، کوا بە زمانی بیانی، دێتە ڕوو؟ چونکە لە خۆڕا ناگوترێت زمانی دایکی ناسنامەی هەر گەل و نەتەوەیەکیە. کەوایە فێربوونی زمانی زگماک و وەدەستهێنانی زانیاری لە هەموو بوارێکدا ئاستی ورە و متمانەبەخۆبوون بۆ ئەنجامی هەر ئاکارێک لە ژیان بەرز دەکاتەوە.
وانەبێژ، شێخ ج. ع:
دیارە “زمان” یەکێکە لەو فاکتەرە گرینگانەی کە نەتەوەیەکی پێ پێناسە دەکرێت، واتە یەکێک لە پێناسەکانی نەتەوە یان میللەت ئەوەیە کە زمانێکی هاوبەشیان هەبێت. زمانی زگماکی یان زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵ تەنانەت لەنێو سکی دایکیشیدا گوێ لەو زمانە دەگرێت و کاتێک لە دایک دەبێت گوێی بەو زمانە فرچک دەگرێ و ئەو زمانە تێکەڵاوی هەستی دەبێت. خۆشەویستی و سۆزی دایک و باوک بەو زمانیەیە، واتە زمان تەنیا ئامرازی پێوەندی نییە بەڵکوو ڕۆ دەچێتە نێو ناخ و هزر و هەستی مرۆڤەوە هەر لە سەرەتای بوونییەوە… بیرمان نەچێت زمان کۆڵەکەی سەرەکیی هونەری مۆسیقا و گۆرانی و شیعر و ئەدەبیاتیشە. کاتێ فێرکاری بە زمانی دایک بێت، منداڵ باشتر و ئاسانتر دەتوانێت شتەکان وەرگرێت، لەبەر ئەوەی زمانی دایک ئاوێتەی هەستەکانی بووە و بیرکردنەوەی بە زمانی دایک دەبێت، هەر بۆیە بڕوابەخۆبوونی زیاتر دەکات و لە پاشەڕۆژدا کەسێکی سەرکەوتووی لێ دەردەچێت.
وانەبێژ، ڤیریا:
بەڵێ بەدڵنیایییەوە زمان یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گەورەکان بۆ ناسنامەی نەتەوەییی هەر گەلێکە؛ بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینی گەورەی فەڕەنسا کە زمانی زگماکی بووەتە بەدیهێنەری زۆربەی وڵاتان. زمان پێناسە و کۆڵەکەی مانەوەی هەر نەتەوەیەکە لەسەر گۆی زەوی. بەتایبەت بۆ گەلی کورد کە زمان ڕەمزی خەبات و مانەوەیە.
وانەبێژ خۆزگە:
زمان پێناسە و کۆڵەکەی مانەوەی هەر نەتەوەیەکە لەسەر گۆی زەوی.
بەتایبەت بۆ گەلی کورد کە زمان ڕەمزی خەبات و مانەوەیە.
پێشنیار دەکەم بە هەموو دایک و بابانی کورد گەر بۆ خۆشیان نازانن بەکوردی بخوێنن و بنووسن، داوا بکەن لە کەسانێکی دڵسۆز کە یەکەم بۆ خۆیان فێری خوێندن و نووسین بن، دووهەم فێری منداڵەکانیان بکەن.
لە هەر ماڵێکدا پێویستە ببێتە فەڕز چەندین کتێبی زمانی زگماکی کوردی بوونی هەبێ و دەستەبەر بێ بۆ منداڵانیان، تاکوو لەگەڵ کتێبی کوردی ئاشنا بن.
وڵامی وانەبێژ: وانەبێژ _ش ک د
کاریگەریی یەکجار زۆرە! تۆ سەرەکیترین شتێک کە پاش لەدایکبوونت وەریدەگری نیشانی نەتەوەیییە. تەنانەت ئەگەر لە ناسنامەشدا ئاماژەی پێ نەکرێت، یەکەم ئاماژەی ڕووبەخۆت ئەوەیە تۆ کوردی. ئەگەر تۆی کورد زمانت کە سەلمێنەری نەتەوەیی تۆیە نەزانی قسەی پێ بکەی یان پێی بنووسی، هەست بە کەمایەتی دەکەی و هەرچی خۆت دوور بگری یان دوورت بخەنەوە، ئەو هەستە قووڵتر و کاریگەرتر دەبێ و لەنێو گەلاندا بێدەنگ و کاتی پێویست بێهەڵوێستت دەکات. واتە تۆ کاتی مافخوازی و دەنگهەڵبڕان نازانی داوای چی بکەی. ئێمە متمانەبەخۆیی و هەستی شاییبەخۆیی هەموو کات دوای فێربوون و ڕاهاتنی فێرخوازەکان ئاشکرا لە دەنگ و قسە و ڕواڵەتیانماندا دیتووە و بووژانەوە و هێزی هەستی کوردانەیان ئاشکرا دەردەکەوێت. دیارە ناسنامەی نەتەوەیی لە تاک بە تاکی کورد پێکهاتووە و هەرچی تاکی کورد زیاتر جەخت بکاتە سەر دیاردە سەرەکییەکان، سەرکەوتووتر دەبێ.
وڵامی وانەبێژ چالاک مەرەسەنە:
منداڵ بە شیری چ دایکێک فرچکی گرت و چ دایک یا دایەنێک، باری هێنا و پەروەردەی کرد، بە زمان، نەریت و خدەی ئەو دایکەش دەبێ فێری خوێندن و نووسین بکرێت.
چونکە زمان، خدە و نەریتی لاوەکی و بێگانە، لە خۆی نامۆ دەکات و، وا هەست دەکات کە زمان و نەریتی پێشووی، یا هەڵە بووە، یا زۆر بڤەیە و ئەگەر پێی بحاملێ و پێی فێر بکرێ و ببێتە بنەمای بەرنامەی ژیانی، ڕەنگە کارێکی قەباحەتی کردبێ.
وە هەروەها ئەگەر بە منداڵی بەو زمانە نامۆیەی بەسەریدا سەپاوە، نەخوێنێ، نەنووسێ و بەکاری نەهێنێ، هەمیشە ترسێک لە دڵ و مێشکی دایە کە ڕەنگە نەتوانێ بە پلە و پایەی زانستی و ئەو دەسکەوتانە بگات کە دەبێ لە ژیاندا وەک خەڵکی دیکە هەیبن.
بەڵام حاملان و پەروەردە و فێرکردن بە زمانی زگماکی و لە داوێنی دایکی ڕاستەقینەدا، هەموو دەنگ، وشە، پەند، ئیدیۆم و ڕستە و شێعر و گۆرانی و ئاوازەکانی دیکەی، فێر دەبێ و لە کاتی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، زوو لە مێشکی دێنەدەر و لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و نووسین و لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا دەکاریان دێنێ و دەنگەکانی لێ ناگۆڕێن و پیتەکانی لێ تێکناچن و ڕستەکانی لێ هەڵناوەشێن و هەست دەکات کە ئەویش خاوەن زمانێکی تایبەتە و گەلێکی چەند ملوێنی قسەی پێ دەکەن و شانازی بە زمانەکەی دەکات.
پرسیاری دووەم: جیاوازیی نێوان وانەوتنەوەی حوزووری و ئۆنلاین لە فێرکردنی زمانی کوردی چییە؟ کام یەک کاریگەرترە و بۆچی؟
وانەبێژ، م. مەهاباد:
وانەوتنەوەی حوزووری زەینت تەواو لەسەر وانەکەیە و کەمتر هۆش دەڕوا و زیاتر فێر دەبن. دەرفەتی پرسیارکردن و لەحاڵدا وەڵامدانەوە هەیە. بەڵام ئۆنلاین چونکە دەرفەتی دووبارە گوێدان هەیە، زەین تەمبەڵ دەکا و زۆری کاریگەری نییە. بەو مەرجەی ئەو وانەیە کە بە شێوەی ئۆنلاین دەوترێتەوە بۆ کەسانێک بێ کە بەڕاستی هۆگرن بە فێربوون، بۆیە دەتوانن پێوەندی بە کلاسەکەوە بگرن.
ئاڵەشین ١١٠:
دیارە بۆ فێربوونی هەر بابەتێک لە ژیان، هەلی حوزووری کاریگەری زیاترە و فێربوونی زمانی کوردی جیا لەم بابەتە نییە. چونکە کاتی کەمتر، فێربوونی باشتر، پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان و وەڵامدانەوە بۆ هەر پرسیار و دوودڵییەک باشتر دێتە دەست و ئەمانە لە بوونی وانەبێژی بە شێوەی حوزووری کاریگەری هەیە.
شێخ ج. ع:
لەم سەردەمەدا کە تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەوتنێکی بەرچاویان بە خۆوە بینیوە، سەرەڕای لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانیان، لە بواری فێرکاریی زمانی کوردیدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە و حاشای لێ ناکرێت. من پێم وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامراز و دەرفەتێکی باش بووە بۆ نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد و لە بووژانەوە و گەشەکردنی زمانی کوردیدا ڕۆڵێکی باشی هەبووە. بەڵام ڕەنگە فێرکاری بە شێوازی “ئۆنلاین” وەکوو پێویست نەتوانێت پێوەندی لەنێوان مامۆستا و قوتابی یان فێرکار و فێرخوازدا دروست بکات، واتە شێوازێکی “بێ ڕۆح”ە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شێوازی ئۆنلاین گرینگ نییە، بەڵکوو توانیویەتی خزمەتێکی باش بکات لەو بوارەدا، هەرچەند ئەگەر دەرفەتی بەڕێوەبردنی شێوازی حوزووری هەبێت باشترە. بەڵام وەکوو دەزانین ئەو دەرفەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆر کەمە، بۆیە شێوازی ئۆنلاینیش پێویستە و وەکوو جێگرەوەیەک کەڵکی لێ وەرگیراوە.
وانەبێژ ڤیریا:
لە فێرگەی ڕاستەوخۆ کەسەکان دەتوانن باشتر فێر بن، بەگشتی حوزووری باشترە. وانەوتنەوە بە ئۆنلاین ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری باشی هەبووە لەم چەند ساڵەی دواییدا. بە سەدان و هەزاران کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە وانەی زمانی کوردی فێرکراون. بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کە وانەوتنەوەی ڕاستەوخۆ هەندێ جار ئاسان بۆمان دەستەبەر ناکرێ، بەڕای من وانەی سەر هێڵ بەرامبەری وانەی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبووە و هەیە.
وانەبێژ خۆزگە:
وانە وتنەوە بە ئونلاین ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری باشی هەبووە لەم چەند ساڵەیەیدا.
بە سەدان و هەزاران کەس لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە وانەی زمانی کوردێ فێرکراون.
بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی کە وانەوتنەوەی ڕاستەوخۆ هەندێ جار، ئاسان بۆمان دەستەبەر ناکرێ، بەڕای من وانەی سەر هێڵ بەرامبەری وانەی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبووە و هەیە.
وڵامی وانەبێژ: ش. ک. د
دیارە وانەوتنەوەی ڕاستەوخۆ زۆر باشترە. چونکە دەستت ئاواڵەترە لە بەخشینی زانیاری و تاوتوێکردنی باشتری وانەکان و زۆر جار وانەبێژ کاتی زیاتر دێنێت و ئاسوودەتر ئەرکەکەی بەڕێوە دەبات. کێشەکانی سەرهێڵ بەداخەوە زۆرن بەتایبەت بە هۆی ئەوەی نێت یاری ناکات. هەرچەند بۆ کەسێک کە ئامانجی فێربوون بێت و هەوڵ بدات، بێگومان ئاستەنگەکان ناتوانن زۆر کاریگەر بن.
وڵامی وانەبێژ چالاک مەرەسەنە:
وانەی ڕوواوڕوو ( حزووری) هەمیشە کەڵکی زۆرترە لە وانەی سەرهێڵ ( ئانلاین). چونکە جموجۆڵ و ئەدا و دەربڕینی دەم و لێو و زمان، هەڵسوکەوت و ئەدا و هێمای دەست و چاو و بەشەکانی دیکەی لەش، وە ئەو ئامێر و ئامرازانەی کەڵکیان لێوەردەگیرێ، هەموویان شێوەک لە زمان و شێوازێک دەربڕینن کە فێرخواز، لە هەر هەڵسوکەوت، دەربڕین، جموجۆڵ، ڕەنگ، دەنگ، ئامێرێکدا، شتێک فێر دەبێ و تێکەڵەی ئەو هەمووانە، دەبێتە چەندین چەمک پێکهاتە کە تەواوکەری یەکترن و لەسەر مێشک و تەنانەت ئەندام و کۆئەندامەکانی منداڵدا، کاریگەرییان هەیە و فێرکاری ساناتر دەبێت.
پرسیاری سێیەم: گەورەترین ئاڵۆزی و بەربەست چییە لە فێرکردنی زمانی کوردی، بەتایبەتی بۆ گەنجان و منداڵان؟
م. مەهاباد:
دنیای ئەوڕۆ دنیای تەکنۆلۆژییە، تەکنۆلۆژی بە زمانێک غەیری زمانی کوردییە. گەورەترین بەربەست ئەوەیە زمانی کوردی کاری زانستی پێ نەکراوە. زۆرتری وشەکان لە زمانە بیانییەکانەوە سازکراون و بەکوردیکردنەوەیان لە توانایی گەنجان و منداڵاندا نییە، بۆیە زۆر خۆ بۆ فێربوونی زمانی کوردی ماندوو ناکەن و فێری زمانی ئینگلیزی دەبن.
ئاڵەشین ١١٠:
بەربەست و کێشەکان لە فێرکردنی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە سەر بابەتی ئەوەی کە بە شێوەیەکی زۆر ڕەسمی و لەژێر چاوەدێرییە بەجێیەکان بۆ ئەنجامی بەڕێوەبردن، ئەرکی گرینگ لەبەردەست نییە و نایەتە ئارا. دیارە خاڵی پەروەردە و فێرکردنی بابەتی زمانەوانی، یاسا و چوارچێوەی زۆر گونجاو و تایبەت بە خۆی پێویستە و دەبێ بەرهەم بێت تاوەکوو دەستکەوتی باشتر بکەوێتە دەست. کێشەکان دەگرێتەوە سەر نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵات و سیستمی دیاریکراو.
شێخ ج. ع:
فێرکردن و پەروەردە بە زمانی دایک ئەرکی دەوڵەتەکانە، بەڵام بەداخەوە ئێمەی کورد دەوڵەتمان نییە. کورد بندەست کراوە و ڕێگری لێ کراوە کە بە زمانی خۆی بخوێنێت. ئەو هەوڵانەیش کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەپێناو خوێندن و فێرکاریی زمانی کوردیدا دراوە، لەلایەن خەڵکی خۆبەخش و خەمخۆری زمانەوە بووە. فێرکاریی زمان تێچوو و بودجەی پێویستە، هەرچەند زۆربەی فێرگەکان بە خۆڕایی و بێبەرانبەر خولی فێرکاریی زمانی کوردییان داناوە، بەڵام ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەیە. هەروەها بەربەستێکی تر نەبوونی سەرچاوە و کتێبی چاپکراوە لەو بوارەدا. یەکێکی تر لەو بەربەستانە، پێنەدانی مۆڵەت بۆ دانانی فێرگە. واتە ئەگەر بتهەوێ فێرگەیەکی زمانی کوردی دابنیت، دەبێ دەیان بەربەستی یاسایی و ئیداری ببڕیت تاوەکوو مۆڵەتی کارکردنت پێ بدەن.
وانەبێژ ڤیریا:
گەورەترین بەربەست درەنگفێربوونەوەی منداڵانە؛ هەرچی تەمەنی منداڵ کەمتر بێ باشتر فێر دەبن. وەکوو کێشە، نەبوونی یەک سەرچاوە و یەک کتێب بووەتە ئاڵۆزییەکی یەکجار زۆر. ئێمە چەندین فێرگەمان هەیە، ئەوەندە کتێبی ڕێنووس دانراوە و جیاوازیشیان زۆر هەیە. خۆزگە لێژنەی ئەکادیمیای زمانی کوردی بۆ ئەو بەشە بڕیارێکی یەکگرتووانە بدات.
وانەبێژ خۆزگە:
وەکوو کێشە نەبوونی یەک سەرچاوە و یەک کتێب، بۆتە ئاڵۆزییەکی یەکجار زۆر. ئێمە چەندین فێرگەمان هەیە، ئەوەندە کتێبی ڕێنووسە داندراوە و جیاوازیشیان زۆر هەیە.
خۆزگە لێژنەی ئاکادیمیای زمانی کوردی، بۆو بەشە بڕیارێکی یەکگرتوویانە بدات.
وڵامی وانەبێژ، ش، ک، د
زاڵبوونی نەریت و زمانی بیانی و نەبوونی بەرهەمی کوردی دیجیتاڵ (کایە، کارتۆن، شانۆ، گرتە و فیلم و…) بەهێز لە بەشی منداڵانەوە بگرە هەتا لاو و گەورەساڵان. هەروەها ئەو جۆرەی دەبێ جوانی و گرینگیی زمانی زگماکییان بۆ دەرنەکەوتووە و لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی هەڵی کار و بێداهاتی لە کار لەسەر زمانی کوردییە بەڕای من.
وڵامی وانەبێژ چالاک مەرەسەنە:
ئەو منداڵ و مێرمنداڵ و لاوانەی بە زمان و نەریتی نامۆ حاملاون، بارهێنراون و فێرکراون، تازە فێری ئەو زمان و نەریتە نامۆ بوون و هێنانەوە سەر ڕێیان زۆر ئەستەمە. کاتێک کەسێک دەڵێ “بابە گیان”، چونکە لە زمانی دووەمیدا “گ”ێ، تەنیا یەک فۆنیکی هەیە، لەجیاتی “گ”ێ، دەنووسێ، بابە جیان!
کاتێک دەنووسێ، “نانوا”، وەک زمانی فارسی، دەخوێنێتەوە “نانڤا” کاتێک بە تورکی خوێندوویەتی، لەجیاتی بە کوردی بنووسێ “ئەحمەد”، وەک تورکان دەنووسێ ” ahmat” و دەیخوێنتەوە “ئەهمەت”. بۆیە منداڵان، لاوان و گەورەساڵانیش کە بە زمانی بێگانە و بە فۆنیک و ئەدا و دەربڕینی ئەوان فێری خوێندن و نووسین بوون، فێرکردنیان بە زمانی کوردی ئەستەمترە لەو منداڵانەی کە تازە دەچنە بەرخوێندن.
پرسیاری چوارەم: بۆ داهاتووی زمانی کوردی، چ پێشنیارێکتان هەیە بۆ ئەوەی زمانی زگماکی بە شێوەیەکی بەهێزتر بپارێزرێت؟
وانەبێژ؛ م. مەهاباد:
داهاتوومان بە دەست دایکان دەخوڵقێ. هەروەک قسەکردن لەناو ماڵدا دەست پێ دەکرێ، فێربوونی ڕێنووسیش دەبێ لە ماڵەوە دەست پێ بکا. دایکێک کە تەواو هەوڵی خۆی دەدا وشە فارسییەکان بەبێ لەهجە بڵێتەوە و ڕێک ئەدای فارسان دەردێنێ، یان کورتەنامە بە زمانی فارسی و ڕێنووسی سەقەت دەنێرێ، ناتوانێ قەناعەت بە منداڵەکەی بهێنێ کە دەبێ بە کوردی بنووسی. بۆیە بە ڕای من باشترین ڕێگا هاندانی دایکان و بابەکانە بۆ فێربوونی ڕێنووس و زمانی کوردی.
ئاڵەشین ١١٠:
بە بڕوای من بۆ زمانی کوردی، سەبارەت بە بوونی هەموو کێشە و کەموکوڕییەکان، ئەوەی کە تا ئێستا کراوە زۆر باشە؛ بە بوونی کەسانێکی زۆر دڵسۆز و خەمخۆر بە شێوەی خۆبەخشانە و دڵدانی دوولایەنە کراوە. هەر بۆیە ئاستی گەشە و پەرەدان لە زمانی کوردی لە ڕێژەیەکی زۆر پان و بەربڵاو و باشدا دەبیندرێت. ئەمانە هەموو زۆر جێی دڵخۆشی و دڵگەرمین. هەر بۆیە بۆ وەدەستهێنانی قازانج و بەهرەی زیاتر لە فێرکردن و بەڕێوەبردنی وانەکان و هەموو هەڵسوکەوتەکانی تری زمانی کوردی، دەبێ هەموو چالاکی و تێکۆشانەکان لەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەگناسییەوە ئەنجام بدرێن و بەڕێوە بچن.
شێخ ج. ع:
من گەشبینم کە زمانی کوردی لە خەم ڕەخساوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە چیتر مەترسی لەسەر زمانی کوردی نییە. پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت، بەتایبەت دایکان و باوکان منداڵەکانیان بە زمانی کوردی پەروەردە بکەن و گرینگیی زمانەکەیان بۆ باس بکەن. مامۆستای قوتابخانەکان و داوێنگەکان (باخچەی منداڵان) دەتوانن ڕۆڵێکی باشیان هەبێت لە فێرکردنی زمانی کوردیدا و هانی منداڵان و قوتابیان بدەن کە فێری زمانی کوردی بن. دەتوانن کتێبی چیرۆک و شیعری کوردی بۆ منداڵان دابین بکەن. هەروەها ئەرکی نووسەران و شاعیران و ئەدیبانی کوردە کە پێویستە تەنیا و تەنیا بە زمانی زگماکی بنووسن؛ بەداخەوە هەندێ لە نووسەران و شاعیران بە زمانی داگیرکەر بابەت دەنووسن کە ئەمە خەسارێکی گەورەیە لە زمانی کوردی دەدەن. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم؛ پاراستنی زمانی دایک ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە بەبێ جیاوازی.
وانەبێژ ڤیریا:
پێشنیاری من ئەوەیە کە زمانی کوردی بچێتە نێو هەموو چین و توێژ و لایەن و ژیانی ئاسایی، واتە تەنیا هی کەسانێکی تایبەت نەبێ. هەر کەسێک لە هەر جێگەیەک کە هەیە بتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێ و بۆ پاراستنی هەوڵ بدات؛ ئەگەر هەر ئیش و پیشەیەکت هەیە، هەر لەو بازنەی خۆتدا خەبات بکەیت. پێشنیار دەکەم بە هەموو دایک و بابانی کورد گەر بۆ خۆشیان نازانن بە کوردی بخوێنن و بنووسن، داوا بکەن لە کەسانێکی دڵسۆز کە یەکەم بۆ خۆیان فێری خوێندن و نووسین بن، دووەم فێری منداڵەکانیان بکەن. لە هەر ماڵێکدا پێویستە ببێتە فەرز چەندین کتێبی زمانی زگماکیی کوردی بوونی هەبێ تاکوو منداڵان لەگەڵ کتێبی کوردی ئاشنا بن. پێویستە مامۆستایانی زۆر تایبەت پەروەردە بکرێن. چونکە دەبێ لە داهاتوودا فێربوونی زمانی کوردی یاسای بۆ دابنرێت کە هەموو نێونووسی بکەن و فێری خوێندن و نووسینی کوردی بن. ئەو یاسایە بۆ گەورەکان ئیجباری بێ.
وانەبێژ خۆزگە:
بۆ داهاتووی زمانی کوردی.پێویستە مامۆستایانی زۆر تایبەت پەروەردەبکرێت.چون دەبێ لە داهاتوودا فێربوونی زمانی کوردی، یاسای بۆ داندرێت، کە بەس، هەموو نێونووسی بکەن و فێری خوێندن و نووسینی کوردی بن.
ئەو یاسایە، بۆ گەورەکان ئیجباری بێ.
وڵامی وانەبێژ:ش.ک.د
دیارە لەچاو ڕابردوو خەڵک باشتر و زیاتر ئاوڕیان لەو بەشە داوەتەوە، بەڵام پێویستە زیاتر کار بکرێت و شێلگیرانەتر بە هەموو چین و توێژەکانەوە هەوڵ بدرێت. تاکی کورد بۆ خۆی بە ئەرکی خۆی بزانێ و هەوڵ بدات زمانەکەی بپارێزێت. کاری بەرچاو لە بەشی دنیای دیجیتاڵ بە زمانی کوردی، کاری زیاتر لە لایەن قوتابخانەکان و مامۆستایان بۆ فێرکاری و ناساندنی ئەلفوبێ و وشەی کوردی بە منداڵەکان و پشتگری لە ڕێکخراوە و فێرگەکانی زمانی کوردی
وڵامی وانەبێژ چالاک مەرەسەنە:
نابێ بە زۆری زمانی یەکگرتوو پێکبێنین. دەبێ بە هەموو زاراوەکان لە پەنا زاراوەیەکی هاوبەشدا بخوێندرێ. ڕەنگە واتای زۆر لە داهێنانەکانی زانستی، ئامێری و ئامرازی ئەمڕۆ، لە زاراوەیەکدا نەبێ و لە ئەوانی دیکەدا، بیاندۆزینەوە. دەبێ ئەوەندەی لە زاراوەکانی دیکە تێبگەیین کە بتوانین فەرهەنگێکی چڕوپڕی کوردی داڕێژین و نەوەکانی داهاتوو، بۆ وشە دانەمێنن و بڵێن: ئەگەر عەڕەب بۆ وشەی “شێر”(اسد)، ۳۰۰ وشەی دیکەی هەیە، ئێمەش بۆ هەر ناوێک یا وشەیەک دەیان وشە و واتامان هەیە.
پێوەندی لەگەڵ وانەبێژان: مستەفا فەقێ (کوردەوان)




