هێرۆ عەزیزی
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە ساڵانە لە ٢١ی شوبات (٢ی ڕەشەمە)دا لە سەرانسەری جیهان بە چالاکیی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە، تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی “یونسکۆ”وە ڕاگەیەندرا و لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە؛ مەبەست لێی پاراستنی فرەزمانی و ڕێگریکردن بوو لە فەوتانی ئەو زمانانەی کە ڕووبەڕووی مەترسیی سڕینەوە بوونەتەوە.
زمانی دایک تەنیا ئامرازێکی سادەی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو ناسنامە، بیرەوەری، مێژوو و بەڵگەی زیندووی بوونی نەتەوەیەکە. هەر نەتەوەیەک زمانی دایکی خۆی فەرامۆش بکات، بەرەبەرە بەرەو هەڵدێری لەناوچوون دەچێت. بۆ گەلی کورد، کە ساڵانێکی درێژە لەژێر فشاری “تواندنەوەی کلتووری”دا دەژی، پاراستنی زمان تەنیا کردارێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو هەڵوێستێکی نەتەوەیی و سیاسیی قووڵە.
لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورددا، کاتێک دەسەڵاتە داگیرکەرەکان هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی کوردییان دەدا، دایکانی کورد بوون بە قەڵایەکی نەبەز بۆ پاراستنی زمان. لە سووچی ماڵەکاندا، لە ڕێی “ڵایەلایە” و “لاواندنەوەکان” و گێڕانەوەی چیرۆکە مێژووییەکاندا، توانییان زمانی کوردی بە زیندوویی بە نەوەکانی دوای خۆیان بسپێرن. دایکانی کورد یەکەم مامۆستای ژیان بوون؛ ئەوانەی بە منداڵەکانیان گوت: “تۆ کێیت؟” و “بە چ زمانێک دەپەیڤیت؟”.
ئەگەر ئەمڕۆ منداڵێکی کورد بە زمانی ڕەسەنی خۆی دەپەیڤێت، گوێ بۆ مۆسیقای کوردی ڕادەدێرێت و وشەی “نیشتمان” لە ناخیدا دەنگ دەداتەوە، ئەوە بەرهەمی ئەو پەروەردە قووڵەیە کە دایک لە بێشکەوە هەوێنی بۆ کردووە. زمان لە قوتابخانە فێر دەکرێت، بەڵام لە نێو ماڵدا دەژی. ئەگەر لە ناوخێزاندا بایەخ بە زمان و دابونەریت نەدرێت، هیچ سیستەمێکی فەرمیی خوێندن ناتوانێت ڕەسەنایەتیی زمانەکە بپارێزێت. لێرەدایە کە ڕۆڵی دایک دەبێتە سەنگەری یەکەم، چونکە دایک یەکەمین کەسە کە وشە بە گوێی منداڵدا دەچرپێنێت و جیهانی بۆ پێناسە دەکات.
لە سەردەمی ئێستادا، کە جیهانگیری و هەژموونی زمانە باڵادەستەکان هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر زمانە کەمینەکان، ئەرکی دایکانی کورد گرانتر دەبێت. قسەکردن بە کوردی، خوێندنەوەی چیرۆک و گێڕانەوەی سەروەرییەکانی نەتەوە بۆ منداڵ، هەوڵێکی پیرۆزە بۆ پاراستنی ناسنامە.
دایکانی کورد لە سەردەمە تاریکەکانی قەدەغەکردنی زماندا، بە بێدەنگی شۆڕشێکی مەزنیان بەرپا کرد؛ شۆڕشێک کە نەک بە چەک، بەڵکوو بە وشە و هەناسە دروست بوو. ئەوان بە سۆزی خۆیان زمانێکیان لە فەوتان ڕزگار کرد کە هەوڵی چڕ بۆ سڕینەوەی دەدرا.
ئەمڕۆش مەترسییەکان نەک هەر کەم نەبوونەتەوە، بەڵکوو شێوازی تریان گرتووەتە بەر. جیهانی میدیا و بازاڕ، زمانە گەورەکان دەکەنە ئامرازی “داگیرکاریی نەرم”. ئەگەر دایکانی کورد هۆشیار نەبن و زمانی دایک بە لاوەکی بزانن، ئەوەی داگیرکەران بە چەک و زەبروزەنگ بۆیان نەکرا، بە ئارامی و لە ڕێی فەرامۆشکردنی زمانەوە بۆیان دەچێتە سەر.
پاراستنی زمانی دایک، بڕیارێکی ستراتیژییە لە بەرامبەر پڕۆسەی تواندنەوەدا. ئەگەر سڕینەوەی کلتووری بە شێوەیەکی هێمن کار دەکات، پێویستە بەرگرییەکەش بە ئیرادە و هۆشیارییەکی زیاترەوە بێت.
زمانی دایک بۆ دایکانی کورد، بەرنامەیەکی بەرگریی نیشتمانی بووە. ئەوان دەزانن کە قوتابخانە دەکرێ زمانێکی تر بسەپێنێت، بەڵام ماڵ دەتوانێت زمانێکی ڕەسەن بپارێزێت. کاتێک فەرمانی قەدەغەکردنی زمان دەردەچوو، دایکەکان بە چرپەی کوردی ئەو فەرمانەیان هەڵدەوەشاندەوە.
لە کۆتاییدا، دایکانی کورد تەنیا دایک نین؛ ئەوان پاسەوانی زمان، پارێزەری ناسنامە و کۆڵەکەی بەردەوامیی نەتەوەی کوردن. هەر دایکێکی کورد قەڵایەکە، هەر ماڵێکی کورد سەنگەرێکە و هەر وشەیەکی کوردی، فیشەکێکە بە ڕووی سیاسەتی سڕینەوە و فەوتاندا.




