جیهان بێتوشی
ئایا زمان تەنها هۆکارێکە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانمان؟
ئایا ئەو کەسەی زمانی دایکی دەپارێزێت کێیە؟
زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکو گەنجینەیەکی کلتووری و ناسنامەی نەتەوەییە.
ڕۆژی زمانی دایک کە لە ٢١ی شوبات بەرامبەر بە ٢ی ڕەشەمەی هەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیهان یاد دەکرێتەوە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. ئەو ڕۆژە دەکرێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئەوەی کە هۆشیاری زیاتر بڵاو بکرێتەوە لەسەر گرنگی زمانەکانی جیهان و بایەخ بە فرەزمانی و جیاوازی کولتووری بدرێت.
بۆ گەلی کورد، زمانی کوردی نەک تەنها ئامرازێکی قسەکردنە، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسنامە و بەستەری نەوەکانە بۆ چەندین ساڵە. ئەگەر باسێک لە مێژووی ٢١ی شوبات بەرامبەر بە ٢ی ڕەشەمە بکەین کە بە ڕۆژی زمانی دایک ناسراوە، سەرچاوەکەی لە ڕووداوێکی خوێناوی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٥٢ دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا پاکستان هەوڵی دەدا زمانی ئوردو وەک تاکە زمانی فەرمی بسەپێنێت، بەڵام خوێندکارانی بەنگالی لە دژی ئەم بڕیارە ڕاپەڕین و چەندین خوێندکار بریندار بوون و کوژران و خۆپیشاندانێکی خوێناوی بوو بە هۆکارێک بۆ دروستبوون و ناساندنی ٢١ی شوبات وەک ڕۆژی زمانی دایک لە سەرانسەری جیهاندا. زمان بەشێکی گرنگی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، پاراستنیشی ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە، چونکە تا قسەپێکەرانی زمان کەم ببنەوە، زمانەکە زیاتر بەرەو مردن و لەناوچوون دەڕوات. بۆیە ئەرکی زمانەوانان و مامۆستایان و دایکان و باوکانە کە فێرکردن و پاراستنی زمان بکەنە ئەرکێکی گرنگ لەبەرامبەر منداڵەکانیان و بە ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان بزانن لە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانیان. ئەگەر باسێک لە مێژووی زمانی کوردی بکەین، زمانی کوردی لە بنەماڵەی هیندۆئەوروپییەکان و بەشێکی لقی زمانە ئێرانییەکانە. مێژووی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و بە یەکێک لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی ناوچەکە دادەنرێت، کە لە ڕووی زاراوە و شێوەزارەوە یەکێکە لە زمانە دەوڵەمەندەکان و چەندین ساڵە نەوە دوای نەوە پارێزگاری لێ کراوە.
ئەم پارێزگارییەش لە کات و ساتێکی قورسدا بووە، لەژێر داگیرکاری دوژمنان کە چەندین ساڵە هەوڵی پاککردنەوە و کاڵکردنەوە و مردنی زمانی کوردی دەدەن، بەڵام چونکە هەمیشە وەک ناسنامەیەک گرنگ بووە بۆ تاکی کورد، تا ئێستا بە زمانێکی زیندوو ماوەتەوە. بێگومان ئەو پێشکەوتنانەی کە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، زمانیش لەو پێشکەوتنانە بێبەش نەبووە و کەوتووەتە بەر تەوژمی پێشکەوتنەکانی جیهان.
کە دەبینین ئێستا بەکارهێنانی زمان لە هەموو بوارەکاندا کەم بووەتەوە، چونکە تەکنەلۆژیا و بواری نووسین لە تەکنەلۆژیادا جێگەی گفتوگۆی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە.
ئەگەر باسێک لە پاراستنی زمانی کوردی بکەین، سەرباری ئەو هەموو پاراستن و گرنگیدانە بە زمان لە لایەن تاک و کۆمەڵگە و زمانەوانان، هێشتا زمانی کوردی لە سەدەی ٢١دا بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و تەحەدای جدی بووەتەوە کە هەڕەشە لە بوون و گەشەکردنی دەکەن. یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کورتکردنەوەی وشە و کەم بەکارهێنانی گفتوگۆکردنە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، ئەویش بۆ گەڕانەوەی کات بەکار دەهێنن، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو زۆر گوێبیستی زیندووکردنەوەی کولتوور و ئاگاداربوون لە ژیانی پێشووی گەورەکان نەبن. هەروەها دنیای تەکنەلۆژیا کاریگەری خستووەتە سەر کەم بەکارهێنانی زمان و گرنگی نەدام بە زمانی دایک.
لەو کێشانەی کە ئێستا زمانی کوردی زۆر بە تەرکیزەوە تێیدا بەدەر دەکەوێت، بریتین لە سیاسەتی دژەزمانی
لە کوردستان چەندین ساڵە سیاسەتی دژەزمانی بەردەوامە کە دوژمنان هەمیشە هەوڵ دەدەن لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە زمانی کوردی بەرەو کاڵکردنەوە بەرن و قەدەغەی بکەن لە نێو ناوەندەکانی خوێندن و ئەکادیمیادا. هەروەکو ئەوەی کە چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی لە ناوەندەکانی فێرکردن قەدەغە کراوە و هەر لە سەردەمی پاشایەتی هەتاوەکو سەردەمی ئێستای کۆماری ئیسلامی، زمانی کوردی وەک چەقڵێک وابووە بۆیان و ترسێکی گەورەیان هەبووە لە بەکارهێنانی زمانی کوردی، چونکە زمانەکەیان وەک چەکێکی ترسناک هەست پێ کردووە. بۆیە تا ئێستاش ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەش بۆ کاڵکردنەوەی زمانی کوردییە. یەکێکی دیکە لە کێشەکان کێشەی پەروەردەییە، بەپێی زۆربەی سەرچاوە دەروونییەکان منداڵان لە سەرەتای تەمەنیاندا باشتر فێر دەبن ئەگەر بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، بەڵام منداڵانی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان تا ئێستاش بە زمانی دایکی خۆیان ناتوانن دەست بە ئەلفوبێی یەکەم ئەلفوبێی فێربوون بکەن، کە ئەویش دواتر بۆیان دەبێتە کێشەیەکی پەروەردەیی.
هەروەها بەداخەوە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا زۆربەی دایک و باوکان ئەوەندەی گرنگی بە فێرکردنی منداڵەکانیان دەدەن بۆ زمانی بێگانە، ئەوەندە گرنگی بە زمانی دایک نادەن، کە ئەوەش کێشەیەکی پەروەردەیی گرنگە بەتایبەتی لە باشووری کوردستان کە زیاتر گرنگی بە زمانە جیهانییەکان دەدرێت تا زمانی دایک.
هەروەها ئەو کوردانەی کە لە دیاسپۆرا دەژین، زۆر بە کەمی گرنگی بە زمانی کوردی دەدەن بۆ منداڵەکانیان، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە لە وڵاتە ئەوروپییەکان لەدایک دەبن و لە کۆمەڵگەیەکی کوردیدا ناژین، زۆر بە کەمی گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک دەدەن کە ئەویش دەبێتە هۆی کێشەیەک بۆ داهاتووی زمانەکە. هەروەها بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی کوردی و نەبوونی سیستمێکی یەکگرتووی نووسین و یەکلایی نەبوونەوەی زاری سەرەکی بەکارهێنانی کوردی لە نێوان سۆرانی و کرمانجیدا، ئەوە دەبێتە یەکێکی دیکە لە کێشەکان بۆ سەر زمانی کوردی، کە کێشەیەکی هەرە گەورەیە تا ئێستا لەسەر زمانی کوردی ماوەتەوە.
کێشەیەکی دیکە بۆ سەر زمانی کوردی بریتییە لە کێشەی دەروونی و ناسنامە گەنجانی کورد و منداڵانی کورد لە نێوان دوو کولتوور و دوو زماندا ماونەتەوە ئەگەر بە کوردی قسە بکەن لە کۆمەڵگەی زۆرینە پەراوێز دەخرێن، ئەگەر بە زمانی زۆرینەش قسە بکەن هەستی لەدەستدانی ناسنامە دەکەن، ئەوەش کاریگەری دەروونی قوڵی هەیە و بێگومان چەندین کێشەی دیکەی وەک میدیا و زیرەکی دەستکرد و وەرگێڕان و کەمی پشتیوانی تەکنەلۆژیا هەن کە ڕووبەڕووی زمانی کوردی بوونەتەوە لە ئەمڕۆدا.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم زمان دڵی نەتەوەیە، ئەگەر زمان بمرێت نەتەوەش دەمرێت، بۆیە دەبێت هەر یەکەمان لە جێگەی خۆمانەوە ببینە پارێزەری زمانی کوردی و زمانی دایکی خۆمان. زمانەکەمان وەک چەقڵی چاوی دوژمنەکانمان بەکار بهێنین تا بۆ هەمیشە خاوەنی ناسنامە و کولتوور و خاکی خۆمان بین. زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەی کوردە.




