✍️ مستەفا فەقێ
( کوردەوان)
ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردە داکۆکی لە زمانی دایکیی خۆی بکات و بۆ پاراستنی هەوڵ بدات. زمان، شوناس و پێناسەی نەتەوەیە و دەبێ بە گیان و بە دڵ بیپارێزین، دەنا لەنێو نەتەوە باڵادەستەکاندا دەمانتوێننەوە.
ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ئێران هێشتا دوای ٤٧ ساڵ بەڕێوە ناچێت! ئەوان باش دەزانن ئەگەر منداڵی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران لە سەرەتایی دەسپێکی خوێندن، بە زمانی خۆیان بخوێنن، هۆگری خۆشەویستیی نیشتمان دەبن.
ئەوان دوای فێربوونی زمان هەوڵ دەدەن ژینگە و دابونەریتی خۆشیان بپارێزن و بۆ ودیهاتنی ئامانجی نەتەوەکەیان تێدەکۆشن.
جا نەیاران و داگیرکەرانی نیشتمان دان بە زمانی تۆدا نانێن و ڕێگە نادەن منداڵەکانمان بە زمانی دایکی بخوێنن و بنووسن. تۆش کە هەوڵ نادەیت و خۆتی پێوە ماندوو ناکەیت و نایپارێزیت و بایەخی بۆ دانانێی و زمانی خۆت پێ کەمە، حەزت لە زمانێکە کە زۆربەی هەرەزۆری وشەکانی لە زمانی نەتەوەکانی دیکە دزراوە و وەرگیراوە.
بەڵام زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەند و شیرین و پاراوە. تۆ کە زمانی دایکیت ناپارێزیت و بە ڕێنووسێکی سەقەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنووسیت کە هیچ فڕی بەسەر ئەڵفبێی زمانی کوردییەوە نییە، جا لێرەدا لەو بوارەوە تۆی کورد لەگەڵ نەیار، چ جیاوازییەکت هەیە؟ ئەو ڕێگە نادات بە زمانی خۆت بخوێنیت و بنووسیت و تۆش بەڕێوەی نابەیت، یانی ملکەچی لە بەرامبەریدا و بەداخەوە بۆ خۆت حەزت لە کۆیلەبوونە.
نەپاراستنی زمان دەبێتە هۆی توانەوەی نەتەوەیەک.
زمان کۆڵەکەی نەتەوەیە و بێ زمان، نەتەوە پشتی چۆڵە.
٢ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانی
زمانی دایک پیرۆز بێ




