حەسەن حاتەمی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە دەورانی ویلایەتی فەقیهی یەکەم، ئایەتوڵڵا خومەینی، کە بە ئایەتوڵڵا (مرجع) کراوی ساڵی ١٣٤٢، و دواتر لە دەورانی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی دوویەم، خامنەیی بە ئایەتوڵلا و ڕێبەر کراو، بۆ دڕێژەی تیئۆری «ئۆمەت سازیی و هێنانە کایەی ئێمپراتۆری سازیی شیعە» پتر لە ژێر «توسعەی تمدن اسلامی» دا، کە لەنێوخۆ دا، سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە، هەر دە ساڵ جارێک هەوڵ بۆ زیاد کردنی حەشیمەت لەنێو کۆمەڵگەکانی ئێرانی دەدرێ و ناوی جۆراوجۆریشی لێدەنێن.
لە ساڵی ١٣٩١ (٢٠١٢) وە، «بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت، مافی دووگیانبوونی ژنانیان سنووردار کردوە. ئەمەش دەستڕاگەیشتنی ژنان بە کەرەستەکانی پێشگرتن لە منداڵ بوون و لەبەر بردنی کۆرپەلە بە شێوەی تەندروست و بە دوور لە مەترسی بۆ ژنانی سنووردار کردوە.» هێرانا بە ئاماژە بە ڕۆڵی خامنەیی لە سەپاندنی ئەو سیاسەتە بۆ سنووردارکردنی مافی بنەڕەتی ژنان جەختی کردۆتەوە کە ئیدئۆلۆژیی ئایینی لە ئێراندا، ڕۆڵی سەرەکی لە پرسی منداڵبوونی خەڵکانی ئێراندا دەگێڕێ.
مافی دووگیانبوون
مافی دووگیان بوون بەو ماف و ئازادییە یاساییانەی سەبارەت بە دووگیانی و پاک و خاوێنی دەگوترێ کە، ڕێکخراوی پاک وخاوێنی جێهانی، مافی دووگیانبوون بەو جۆرە پێناسە دەکا: مافی دووگیانبوون لەسەر بنچینەی بەفەرمیی ناسینی مافی بنەڕەتیی تەواوی جووتەکان (زوجین) و کەسەکان بۆ بڕیاردانی ئازادانە و بەرپرسانە سەبارەت بە ڕادەی منداڵەکان و مەودای تەمەنیان لە یەک و زانیاریی کەرستەی پێویست بۆ ئەو بابەتە و هەبوونی ماف بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ستاندارد (پێوەری چەندێتی) پاک و خاوێنی لەش و دووگیانبوون و… ئەوە مافی هەموو کەسە بۆ بڕیاردان، سەبارەت بە دووگیانبوونی دوور لە هەر چەشنە جیاوازی، زۆرە ملێ و توندوتیژی.
مافی دووگیانبوون دەتوانێ ئەو بوارانەش لەخۆ بگرێ : مافی لەبەر بردن بە دەڵەمەیی لەنێو زەگ دا، بەشێوەیی یاسایی و بێ مەترسی، مافی کۆنتڕۆڵکردنی لە دایک نەبوون (پێشگیری کردن لە دووگیانبوون)، مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتە دەرمانییەکان دووگیانبوونی باش، مافی ئامووزیش و توانای بڕیاردانی هەڵبژاردنی ئازاد و شارەزا لە دووگیانبوون دا.
هەروەها، مافی دووگیانبوون دەتوانێ بەشێک یا هەموو ئەو بەشانە بگرێتەوە: مافی پێگەیشتنی فێربوون سەبارەت بە پێشگرتن لە نەخوشییەکانی جووت بوون، ئازادی خەساندن نەک بە زۆرەملێ، لەبار بردنی پێش کۆرپەلەیی و لە دەڵەمەیی دا، پێشگرتن و پارێزگاریی کردن لە بەرانبەر بە نوقسان کردنی لەشی میینەکان و خەتەنەی نێرینەکان.
مافی دووگیانبوون لە ئێران بۆ یەکەم جار لە بەیانییەی تاران لە ساڵی ١٩٦٨ (١٣٤٧) وەک ژێر کۆی مافی مرۆڤ دەرکەوت، کە تێیدا نووسرابوو: «دایک و بابەکان مافی بنچینەییان لە هەڵبژاردنی ئازادانە و بەرپرسانەی ژمارە و ماوەی نێوان منداڵەکانی خۆیان هەیە و لەو بوارە دا، مافی ئامووزیش و زانیاریی تەواویان دەبێ.»
لە کۆماری ئیسلامی دا، کە ژنان پتر بەداخەوە وەک: کەرەستەی ژیان و «خۆشی بۆ پیاوان» وەک بیر و ئیدئۆلۆژی بە دوو ژن لە بەرانبەر پیاوێک بۆ شاهیدی دان و کەمی میرات و … هەڵسوکەوت دەکەن. بۆ ڕێبەر، سەرکۆمار، وەزیر، ماوەیەکی کورت نەبێ، ئیزنی گەشە کردن و مافی بەرانبەریان نادەنێ؛ بەڵام بۆ مانەوە لە ماڵ و فرە منداڵی، بەردەوام تەشویقیان دەکەن و ئەوە بەشە زۆر بە گرینگ وێنا دەکەن.
لە چوارچێوەی فرە منداڵی دا، بۆ زیادکردنی حەشیمەت، عەلی خامنەیی ڕێبەری رێژیم، لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٩٠ دا، بە ڕەخنە گرتن لە سیاسەتەکانی پێش گرتن لە دووگیانبوون و ڕێککردنی بنەماڵە و حەشیمەت، لە دەیەکانی ٧٠ و ٨٠ دا، خوازیاری حەشیمەتی وڵات لە ٧٨ میلیۆن کەس بۆ ٢٠٠ میلیۆن کەس بوو.
لە پاییزی ١٤٠٠ یش دا، شووڕای نیگابان «یاسای جەوانی و حەشیمەت و بەرگری لە بنەماڵە» ی پەسند کرد کە سەرەڕای عینوانەکەی، بەرتەنگ کردنەوەی زۆری سەبارەت بە مافی دووگیانبوونی ژنان، بۆ وێنە: دەستراگەیشتن بە کۆنترۆڵی دووگیانبوون و ویستی منداڵنەبوون، قەدەغەکردنی کورپەلە لەبەربردن و بەردەوامی جیاوازیی سیستیماتیک بە دژی ژنانی بەدواوە بوو. نەبوونی ئەو مافانە کە کورپەلە لەبەربردن بە شێوەی سوننەتی و نایاسایی کۆمەلێک مەترسیی گیانی و لەشی بۆ ژنان و لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی بۆ ژنان هەبوە و دەبێ.
ئیجرای یاساگەلێکی بە تاوان زانیینی منداڵ لەبەربردن و جیاوازیی ئەرێنی (تبعیض مثبت) بە سوودی پیاوان لە شوێنی کارکردن دا، ژنان لە ئێران لەگەڵ وەزعێک بەرەوڕوو دەکا کە لەگەڵ بەربەستی بەرچاو بۆ چاوەدێرییەکانی پاک و خاوێنی پێویست بە دووگیانبوون بەروڕوو بن و مافە بنچینەییەکانیان پێشێل دەکرێن.
بۆ پشتیوانی لە مافی ڕەوای ژنان لە بوون و نەبوونی منداڵ و پێشێلکاریی ئەو مافە لە لایەن ڕێژیمی «توتالیتێر»ی ئیسلامی سیاسی لە ماوەی بوونی پڕ ئێش و ژان و برکی سیاسی، کۆمەڵایەتیی، ئابووری و فەرهەنگی و لە ژێڕ پێ نرانی مافەکانی تاک و کۆ، لە پتر لە ٤٥ ساڵی ڕابردوو دا، ١٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی گەلان لە ئێران، کە بریتیین لە :»کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بونیادی نیرومەند، دیدەبانی مافی مرۆڤ، حال وەش، ڕێکخراوی کورد پا، کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، رێسانەک، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێران، ناوەندی خەبات دژی ڕەگەزپەرستی لە ئێران،هێرکانی، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ، میان، ئۆترایت ئینترناشناڵ، توهراو، ڕێکخراوی جیهانی دژی ئەشکەنجە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای هەڵوێستی جیهانی بەرانبەر بە سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکەن و مافی هەڵبژاردن و تەندروستی ژنان لە پرسی دووگیانبوون و پێشێلکاریی سیستیماتیکی مافی ڕەگەزیی ئەو توێژە، لە ئێران دەکەن.
لە ساڵی١٤٠٠ لە پێداچوونەوە بە توژینەوەیەک، کە ئاکامەکەی دەریدەخا: ئۆگرانی بە منداڵبوون لە ئێران ڕوو لە کەمبوونە و ٧٠٪ خەڵک، لەگەڵ سیاسەتەکانی حەشیمەتی دەسەڵات، موخالیفن. بە پێی ڕاپرسی «ایسپا» لە ڕێبەندانی ئەو ساڵە دا، نیشان دەدا ٢٨٪ خەڵک هەبوونی منداڵ بە بەختەوەریی نازانن و ١٢٪ی حەشیمەتیش بڕوایان بە بوونی منداڵ نییە.
رێژیمی ئاخوندیی، مافیایی، سپایی و ئەمنییەتی جگە لە زۆری، فێل وتەڵەکەی «قیلە شەرعی و تووک و دووعا» لە نێو خەڵکانی ساویلکە و نەخوێندەوار و بڕوامەندی ئایینی و نیشتەجێ لە پەڕاوێزی شار و لە گوندەکان دا، برسیبوون، نەداری، هەژاری، بیکاری و بێدەرتانی، کۆڵبەری، سوتەمەنی بەری، کە هەموویان و زۆر بەڵای دیکە وەک: پەنا بردن بۆ ماددە هۆشبەرەکان، دزی، خۆکوژی، ژن کوژی، منداڵکوژی، لەشفرۆشی و فرۆشی ئەندامانی جەستە و … کە لە ناکارامەیی، شەڕخوازی، مەزنیی خوازییی ئیسلامی شیعەی ویلایەتیی موتڵەقەت فەقیهی لە نێوخۆ و خوڵقانی ٧ ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە کارەساتەکانی جوولەکە کوژیی و دژی کردەوەی وێرانی و کوشتاری غەزەی لێدروست بووە؛ سەرەداوەکان لە لای ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامی لە ئێرانە و ڕووداوەکانی ١، ١٣، و ١٩ی ئاوریل لەگەڵ ٧ بەرەی شەڕی دژی ئیسرائیل و دژکردەوەکانی توند و پڕخوێن و وێرانی ئەو وڵاتە و کۆژرانی هەزاران ژن و منداڵ و دەیان هەزار بریندار و کەم ئەندام و بە میلیۆنان ئاواری لێکەوتۆتەوە، کە سەرەداوی هەموویان ڕێژیمی پەت، دار و خوێنڕیژ لە زیندان و شەقامەکانە و… مەبەستی حەشیمەت زیاد کردنیشی هەر بۆ دڕێژەدانی ئەو شەڕانە و خوڵقانی شەڕی زۆر مەزنی دیکە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانە، کە لەم دوایانەش دا کوژرانی گوماناوی رەئیسی جەلاد و هاوسەفەری «هێلیکۆتلێتەکە»شی لێ زیاد بووە.
دانی قەرزی بانکی بۆ هەر مندالێک لە ماوەی ٥ هەتا ٧ساڵ دا، خەڵکانی قەرزوەرگر و منداڵ بەرهەمهێنەرەکان دەبنە توێژێکی مەترسیداردار کە نە قەرزەکانیان پێدەرێتەوە و نە پەروەردی دروستیش دەتوانن بۆ منداڵە بەرهەمهێنراوەکان، پێک بێنن و لە ئاکامدا، زۆربەیان دایک، باب و منداڵەکانیان دەبنە بارمتەی قەرزی دەسەڵات و گوێ لە مست و داردەست. ئەوەش لاسایی کاریی بە جۆری وەبن قەرزدانە کە شێوەی چینییە لە بڕی ئەو کارە نابەجێیە لە درێژ خایەن دا.
بۆ ئەوە مەبەستە لە ساڵی ١٤٠٣ دا قەرز بۆ منداڵەکانی یەکەم ٤٠ میلیۆن تمەن بۆ ٣ ساڵ، منداڵی دوویەم ٨٠ میلیۆن تمەن بۆ ٤ ساڵ، منداڵی سێیەم ١٢٠ میلیۆن تمەن بۆ ٥ ساڵ، منداڵی چوارەم ١٥٠ میلیۆن تمەن بۆ ٦ ساڵ و منداڵی پێنجەم ٢٠٠ میلیۆن تمەن بۆ دانەوەی قەرز ٧ سالە، کە سەرجەم دەبێتە ٢١ ساڵ و ئەو منداڵانی لە ڕێگەی قەرز وەرگرتنەوە بە حەشیمەتی گەلانی ئێران زیدە دەکرێن جگە لە ئازار پێ چشتنی منداڵان و یا «گۆشتی بەردەمی تۆپی ڕێژیم» بۆ شەڕی ماڵوێرانکەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی و نێوڕاست و شێوەی ئۆکراین دەبن و وەک: سپای ئیسلامی شیعە بە قودس و نا قودسەوە سوودێکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگەکانی ئارایی لە ئێران دا، نابێ.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم، بە پێی ئامارێک کە لە لایەن ڕێکخراوەی تۆمارکردنی باری کەسێتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێ کە لە ساڵی ١٤٠٢، بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠١، ڕێژەی لە دایکبوون لە ئێران، زیاتر لە ١٧ هەزارحاڵەت کەمی کردوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە خامنەیی ڕێبەر، «منداڵ بوون بە یەک لە موجاهیدەتەکانی ژنان دەزانێ»، «فرزند آوری یکی از مجاهدت های زنان است».
ئەو وەزعەی لە ئێرانێ دا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ زیادکردنی حەشیمەتی بە زۆرەملێ وەڕێیان خستوە لە دەیەی ١٩٦٦ – ١٩٧٦ دا، بە ناوی «دەستووری ٧٧٠» لە ڕێژیمی کۆمۆنیستی چاشسکۆ لە ڕۆمانی ئیجرا کرا، کە ئاکامێکی یەکجار ناخۆشی بۆ ژنان و منداڵە زۆرە ملێیەکانی ئەو وڵاتە پێک هێنا، کە پێویستە بە جیا باسی بکرێ.
ئەو ڕەوتەی لەم دوایانەدا، ڕێژیمی خوێنڕێژ و چەوسێنەر و ماف پێشێلکاری ئیسلامی سیاسی گرتوویەتە بەر، بۆ زیادکردنی حەشیمەت، دەبێتە هۆی کەمبوونی سەربەخۆیی ژنان، درێژەدان بە بەرجەستەبوونی نەخشی سووننەتگەرایی جینسییەتی و بەهێز کردنی کێشەکانی کۆمەڵایەتی. بۆیە پشتیوانی کردن لە مافی ئازادانەی دووگیانبوون بە مانای سەربەخۆیی تاکە و بەشێکە لە کەرامەتی مرۆڤایەتی.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ٢٢ ی گوڵان/بانەمەڕی ١٤٠٣
صفحە جنسیت و بهداشت باروری سازمان بهداشت جهانی
صفحە حقوق زنان سازمان عفو بینالملل
حقوق باروری و بهداشت باروری
سایت صدای آمریکا، محرومیت زنان ایرانی از حقوق اولیە انسانی، هشدار نهادهای حقوق بشری، نسبت بە حقوق باروری، ٢٢ ی اردیبهشت ١٤٠٣
سایت ایران انترناشنال، ٢١/٠٢/١٤٠٣
گوگل
ویکی پدیا