دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ٦ی مارسی ٢٠٢٥ی ز. لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نیونەتەوەیی ژنان لەلایەن ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کومیتەکانی سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (زاگرۆس، قەندیل و گیاڕەنگ) و بەشداری دەیان ژن و پیاوی تینووی ئازادی و باوەڕمەند بە مافی یەکسانی ڕەگەزی، سیمینارێک بۆ بەڕێزان خاتوو ئارەزوو نستانی کادری حیزبی دێموکرات و مامۆستای زانکۆ لە ژێر باسی “بزوتنەوەی فێمێنیستیی کوردی لە پەراوێزەوە بۆ دەق”
و کاک حەسەن شێخانی کادری حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب ئێران لە ژێر باسی “ژن وەک بوونێکی پەراوێزخراو”
پێک هێنا.
سەرەتای سیمینارەکە بە خولەکێک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێناو ماف و ئازادی خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان و بەتایبەت ژنانی کورد بە پێوە وەستان.
دوایی پێشکەشکار خاتوو بێریڤان عەزیمی دوای بەخێهێنانی بەشداربوان داوای لە هەردووک بەڕێز خاتوو ئارەزوو نستانی و کاک حەسەن شێخانی کرد تا بۆ پێشکەشکردنی باسەکەیان بچنە سەر سێن.
لە پێشدا د. ئارەزوو نستانی دەستی بە باسەکەی کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای باسەكەی دا، وێڕای ئاماژە بەو گۆڕانكارییە بەرچاوانەی لە ساڵانی دواییدا و بەتایبەت بەدوای شۆڕشی ژینادا ڕوویاندا، دەركەوتنی دەور و كاریگەریی بەرچاوی ژنانی بە گەورەترین دەسكەوتی ئەو ڕاپەڕینە ئەژمار كرد و پێی وابوو بزووتنەوەی ژینا بزووتنەوەیەكی فێمینیستی بوو و یەكێک لە گرینگترین دروشمەكانی بریتی بوو لە یەكسانی خوازیی ڕەگەزی.
نستانی لەو بڕوایەدا بوو ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن بزووتنەوەیەكی فێمینیستیی سەربەخۆ و جیاوازە لە ناوەند و خاوەن ویست و تایبەتمەندیی خۆیەتی. ئەوەش وایكردوە زیاتر لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد وێكچوونی هەبێ تا بزووتنەوەی فێمینیستیی سەراسەری.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی باسەكەی دا، دەوری بزووتنەوەی سیاسیی كوردی لە گەشەی خەباتی ژناندا بە گرینگ و بەرچاو وەسف كرد كە بۆتە هۆی لە دایكبوونی نەسلێک لە ژنی موتالبەگەری كورد. ژنی كورد هەوڵی داوە لە دەلاقەی ڕوانینێكی فێمێنیستییەوە خەمی نەتەوەكەی بخوا و ئەوەش كڕۆكی ئەو خەباتە فێمێنیستییەیە كە لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ئارا دایە.
بەڕێز نستانی قسەكانی بەو شێوەیە درێژە پێدا و گوتی پارادایمی فیمینیستی لە ئاستی ناوخۆدا جێگای هەموو جیاوازییەكانی نێو بزووتنەوەی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێتەوە، ئەوەش دەتوانێ دەرفەتێكی گەورە بخاتە بەردەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی لە دەوری پلاتفۆڕمێكی هاوبەش بە مێحوەرییەتی فێمینیزم كۆ ببنەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا بەهۆی گرینگیی پرسی ژن لە جیهانی دیمۆكرات و پێشكەوتوودا، دەتوانێ دەروازەی نوێ بەرەو پرسی نەتەوەیی كورد بكاتەوە.
دواتر کاک حەسەن شێخانی بەرپرسی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب باسێکی لە ژێر ناوی “ژن وەک بوونێکی پەراوێزخراو” پێشکەش کرد. کە لە چوار بەشدا خۆی دبینیەوە:
- پێشەکییەکی بوونناسانە بۆ شوناس، ژن وەک جێندەر و شوناسێک
- هەڵوێستە و ڕامانێک لەوەی چۆن ژن پەراوێز خراوە؛ مەعریفەناسیی پەراوێزخراوبوونی ژن و قووڵایی و چۆنیەتیی ئەم پەراوێزخراوبوونە
- ئامانجی ئێمە کە بریتییە لە ئازادی و دێموکراسی، لێرەدا باسەکەی بنەمایەکی ئەخلاقی – هەنجاری وەرگرت
- ڕێگەچارەی نەهێشتنی ئەم پەراوێزخراوبوونە.
ناوبراو لە نێوئاخنی باسەکەیدا وتی شوناس وێناسازییە، ئەوەی کە چۆن خۆت دەبینی و چۆن خۆت وێنا دەکەی. ئەمانەش بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵات و گوتار و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە.
هۆکاری بندەست کردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە سرووشتی ژنانەیان نیە بەڵکوو نەبوونی پەروەردە، دەستڕانەگەیشتنی پێویست و وەک یەک بە دەرفەتەکان و نایەکسانییە لە پێگە و بوارە جیاوازەکاندا. ئەمانەش بەرهەمی ئەم نەزمە کۆمەڵایەتی و کولتووریەن، بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵات و مەعریفە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانن، بەرهەمی پرۆسەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتین، نەک زاتی و سرووشتی و نەگۆڕ.
شوناسی ژن لەپێوەندی لەگەڵ ئەویتردا، لەپێوەندی لەگەڵ پیاودا، دروست دەکرێ؛ لەسەر بنەمای جیاوازییە؛ خەسڵەتێکی پێوەندی هەیە. هەروەها بەستێنمەندە و لە بەستێنی کۆمەڵگە و هەلومەرجی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکرێ. جێندەر خەسڵەتێکی پێوەندی هەیە و لە پێوەندی لەگەڵ پیاودا شکڵی گرتوە و مانای وەرگرتووە بۆیە دەبێ ئەم پێوەندییانە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە و مانا بکرێنەوە.
لە بەشێکیتری باسەکەیدا ئاماژەیەکی بە شۆڕشی ژینا کرد و وتی شۆڕشی ژینا ترسی و شکاند و ئاسۆسەکی نوێی خوڵقاند.
گۆڕانێکی جەوهەری کە لە شۆڕشی ژینادا هاتە ئارا و ئەم دەستەواژەیەی مانادارتر کرد ئەوەیە کە ژنان بوونە نوێنگە و سیمبولی ئازادی و ماف و داخوازییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە؛ ئێستا ژنان تەنیا نوێنەری خواستی خۆیان نین، سیمبولی خواستەکانیتری کۆمەڵگەشن. ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە.
لەبەر ئەوەی ژنان چەوساوەترین و پەراوێزخراوترین توێژی کۆمەڵگەن، بۆیە ناوەندی سیاسەتی ڕادیکاڵن و توێژی پێشەنگ و هەرە ڕادیکاڵی کۆمەڵگەن.
بەڕێز حەسەن شێخانی لە کۆتایی باسەکەیدا وتی وشیاری ژنان و تێگەیشتنی پیاوان درز دەخاتە ئەم پێکهاتە و پێوەندییە جیاکارانە و سەرەتا و مەرجی داڕشتنەوەیانە. ژنان دەبێ خەبات بکەن بۆ ئەوەی مەتڕەح بن و بە مافەکانیان بگەن، ئەمە پێویستی بە ڕێکخراوبوون، نەترسی و ڕۆحێکی پێشمەرگانە هەیە. ڕۆحی نەترسییە کە ئەوان لە کۆیلەتی و جنسی دەرەجە دوو ڕزگار دەکا.





