بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شاندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پارلەمانتارانی نۆروێژ کۆبوونەوە

٧٧
شاندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پارلەمانتارانی نۆروێژ کۆبوونەوە
نۆروێژ‹شاندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پارلەمانتارانی نۆروێژ کۆبوونەوە

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٨ی ٩ی ٢٠٢٦، شاندێکی نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە نۆروێژ، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئێران و کوردستان و هەروەها دۆزی کۆمەڵایەتی لە نۆروێژ، لە باڵەخانەی پارلەمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندێکی حیزبی کرێکارانی نۆروێژ کۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا کە هەردوو ئەندام‌پارلەمانی حیزبی کرێکاران، «تۆنیە برێنا» و «مانی حوسەینی» ئامادەی بوون، شاندی کوردی تیشکیان خستە سەر دوو تەوەری سەرەکی:

یەکەم: هەڵسەنگاندنی دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان. شاندەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر پەرەسەندنی گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا، ڕێوشوێنەکانی سەرکوتکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دۆخەکەی بەرەو خراپتر بردووە.

دووەم: گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژی لە نۆروێژ و گەڕان بەدوای ڕێگەچارەی هاوبەش بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان داوایان لە حیزبی کرێکاران کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هەنگاوی پراکتیکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە بنێن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڵگەنامەیەک کە تێیدا وردەکاری و داواکارییەکانی سەرەوە خراوبووە ڕوو، ئاراستەی خاتوو «تۆنیە برێنا» کرا.

شایانی باسە شاندەکەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتبوون لە:
– خاتوو ڕەعدە پاڵانی، بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە نۆروێژ.
– کاک قادر عەزیزبەیگی، بەرپرسی گشتیی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی.
– کاک کامیل قادری، ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی کوردی.
– خاتوو شانیا ساڵحی، بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی ڕۆمەریکەی خواروو.

ئەم چالاکییە لەلایەن «یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ»، «کۆمەڵەی کولتووریی گشتیی کوردی لە نۆروێژ» و «کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی ڕۆمەریکەی خواروو»ەوە ڕێکخرابوو.