سەیران عیزەتی
شۆڕشی ژینا هەر لە دەستپێکەوە تا ئێستا یەکێک لە زێڕینترین لاپەڕەکانی مێژووی کورد و مێژووی خەباتی گەلانی ئێران و هەموو ناوچەکە بووە و دەکرێ بڵێین بوومەلەرزەیەک بووە بۆ هەڵتەکاندنی سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری کە لەسەر بناغەی ستەم و کۆنەپەرەستی و هەڵاواردنی جۆراوجۆر دژ بە چین و ڕەگەز و نەتەوە و کولتوورە جیاجیاکان دامەزراوە.
ئاستی پێشکەوتنخوازی و کاریگەریی قووڵی ئەم شۆڕشە تا ڕادەیەک بووە کە نەک لە هەموو ئێران، بگرە لە هەموو جیهاندا پرستیژ و ڕەواییەکی بێ وێنەی پەیدا کردووە و بۆتە یەکێک لە لووتکەکانی شانازی و بەرخۆدانی مرۆڤایەتی و وەکوو چەخماخەی ڕێنیسانس و لەدایکبوونەوەیەکی نوێی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاوی لێدەکرێت.
ئەوەی کە ئەم شۆڕشە هەم لە گوتار و هەم لە مەیدانی کردەوەدا لە کوردستان چەکەرەی کرد و هەر لە کوردستانیش گەشەی کرد و باڵی بەسەر هەموو ئێراندا کێشا، تەنیا هەڵکەوت نیە و دەرئەنجامی بێئەملاو ئەولای ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و بەرهەمی گەشەی هزری و سیاسیی مرۆڤی کورد و تێڕوانینی بۆ ژیان و ماف و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بە مەبەستی پێکهێنانی گۆڕانی بنەڕەتی لە هەموو گۆڕەپان و ئاستێکی ژیاندایە.
هەر ئەو ڕاستییە کە سەرەڕای بەجیهانیبوونی، شۆڕشی ژینا و دروشمە سەرەکییەکەی واتە ”ژن، ژیان، ئازادی“ مۆرکی کوردی پێوەیە، بوو بە هۆی ئەوەی کە نەک هەر ڕژیمی ئێران بگرە ڕژیمە داگیرکەرەکانی دیکەی ناوچەکە و هەموو ڕەوتە پاوانخواز و فاشیستی و کۆنەپەرەستەکان ئەو شۆڕشە و سەرچاوە سەرەکییەکەی واتە کوردستان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر خۆیان و مەوجوودیەتیان بزانن و بە فیکر و بە کردەوە بەرەنگاری ببنەوە.
یەکێک لەو ڕەوتانە کە لە سەرەتاوە تا ئێستا لە هیچ هەوڵێک بۆ دامرکاندنەوە و بەلاڕێدابردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو شۆڕشە لە هیچ هەوڵ و تەقەلایەک خۆی نەپاراستووە، تاقمی فاشیستیی سەر بە بنەماڵەی پەهلەوی و لایەنگرانی سەڵتەنەت لە ئێراندان کە ئەگەر نەڵێین زیاتر لە کۆماری ئیسلامی، دەتوانین بڵێین بە هەمان ڕادە و شانبەشانی ڕژیم لە پەیام و ئارمانی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی“ تۆقیوە و بە هەموو هەوڵی خۆیەوە بەرەنگاری بۆتەوە.
تاقمی فاشیستیی پەهلەوی لەو ماوەیەدا بە ئاشکرا هەوڵی بۆ نەهێشتنی ئاسەواری شۆڕشی ژینا داوە و کاتێک کە زانیان لە سەر شەقامدا ناتوانن دەرەقەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆری بێن و لە جیاتی دروشمی دژەدیکتاتۆری و فاشیزم، دروشمە فاشیستییەکانی خۆیان بخەنە سەر زاری شەقام، ئەمجار لە ڕێگەی بەکارهێنانی فەزای سایبری و سانسۆری بەربڵاو و چەواشەکاریی بەکرێگیراوانی خۆیان لە ڕاگەیەندنە فارسی زمانەکانی وەک ”ئیران ئینترناشناڵ، بیبیسی فارسی، ئیندیپندنتی فارسی و من و تۆ“و زەقکردنەوەی هێندێک سلبریتیی و کەسایەتیی ئینستاگرامی و بەرز کردنەوەیان تا ئاستی ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنەوە، سیمای ڕاستەقینەی شۆڕش بشارنەوە و سیمایەکی دەستکرد و بێ ناوەڕۆک لەو شۆڕشە پیشان بدەن و کۆنترۆڵی شۆڕش لە دەستی خاوەنە ڕاستەقینەکانی دەربێنن و هاوکات ئامانجەکانی شۆڕشیش لە ئازادی و یەکسانییەوە بگۆڕن بۆ کۆنەپەرستی و دەمەزەردکردنەوەی تیغی ژەنگاویی فاشیزم و دیکتاتۆری.
هەربۆیە شۆڕشێک کە بە باوەڕی زۆربەی شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هیوای ئەوەی تێدا بەدی دەکرا کە ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و کولتووری و چینایەتی لە ڕیشه دەربێنێت و بناغەی کۆنەپەرەستی هەڵتەکێنێت، ئیستا لە ڕێگەی چەندین بووکەڵەی سیاسی و ڕێبەری بێ ناوەڕۆکی کاڵفام تەنانەت گوماناوییەوە، و بە پشتیوانی هێندێک دەوڵەت کە هیچ کات ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی وپڕ دەسکەوتی خەڵکی ئێران و کوردستان لە قازانجیاندا نەبوە و نییە هەوڵی بەلاڕێدابردن و دامرکاندنی دەدەن و تا ڕادەیەک سەرکەوتوویش بوون.
یەکەم هەوڵی فاشیستی و یەکەمین خیانەت لە ژینا و شۆڕشی ژینا کە لە نێو هات و هاواری میدیایی فارس و کەمتەرخەمی و نیازپاکیی ماڵوێرانکەری کورددا سەری گرت ئەوە بوو کە سەرەڕای ئەوەی کە یەکەم چەخماخەی شۆڕش بە ناوی ژینا وەکوو یەکەم شەهید و ڕەمزی شۆڕش لێ درابوو، بۆ شاردنەوەی شوناسی نەتەوایەتیی ژینا، لە پاش شەهیدبوونی ناوی ”مهسا“ بە سەریدا بسەپێنن و هەر لە یەکەم هەنگاودا پێناسەی کوردیی یەکەم شەهیدی شۆڕش بسڕنەوە و ئێرانیزەی بکەن.
هەنگاوی دواتر هێنانی دروشمی پیاوسالارانەی فاشیستیی ”مرد، میهن، آبادی“ و دواتریش نکۆڵیکردن لەو ڕاستییە بوو کە ئەو شۆڕشە شۆڕشی ژنان و نەتەوە ستەملێکراوەکان و چەوساوەکانە، نەک شۆڕشی نیشتمانیی ئێران.
سەندنەوەی پێناسەی ژنانە و شوناسخوازانەی ئەم شۆڕشە، گەورەترین ئامانجی فاشیزمی ئێرانی بوو کە بە جەنجاڵسازیی میدیایی هەوڵ دەدا خەڵکی ئێران و دنیا بە باس و بابەتی کوڕی شای دیکتاتۆرەوە سەرقاڵ بکەن و ناوەڕۆکی ڕادیکاڵی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە چەند هەوڵی خیانەتکارانەدا بەتاڵ و تا ئەو شوێنەی توانیان نێوەرۆکی ژنانەو نەتەوەیی ئەم جووڵانەوەیە کەم ڕەنگ و بێ بەها بکەن، ئەم هەوڵە پلان بۆ داڕێژراوانە ئیستە وایکردوە کە ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگا و داینەمۆی ئەم شۆڕشە بێدەنگ و بێ هیوا ببن و جارێکی دیکە ڕەنگی شا و تاج و تەخت لە لایەن نۆکەرەکانییەوە زەق بکرێنەوە. لە لای دیکەشەوە نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەتایبەتی کورد وەکوو پێشەنگی ئەم شۆڕشە، چالاکییەکانی سەرشەقامیان ڕابگرن چوونکە پەرۆشی ئەوە بوون کە شۆڕشێک بە خوێنی ئەوان سەربکەوێ نابێ ببێتە ڕێگەخۆشکەری هاتنە سەرکاری دیکتاتۆرییەکی نوێ و سەرلەنوێ پێشلێکردنەوەی مافەکانیان•