دڵنیا سەقز
ئه‌ده‌ب، له ھه‌موو کاتدا، ته‌نیا به دنگی پیاوان نه‌نووسراوه، به‌ڵکوو ژنانی شاعیر به شێوه‌یەکی کاریگه‌ر به‌شداریان کردووه له ژیان و ھه‌وڵی ئازادی له نێو نووسینه‌کانیدا. شاعیرانی ژن، ھه‌موو کات، به ھه‌ستێکی ژنانه ده‌نووسن، وشه و وێنه‌سازیان به شێوه‌یەکی نزیک به ژیانی ڕۆژانه و ئازاره ژنانه‌کانیانه. به‌رھه‌م ھاتنی ژنانی شاعیر له کوردستان به ھۆی ھه‌ڵوێستی جیاواز، کاریگه‌ریی گرینگی له گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ھه‌بووه و ھه‌روه‌ھا له گۆڕانی ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی که له کۆمه‌ڵگەی سووننه‌تیدا سه‌باره‌ت به ژنانی ھه‌یه. نووسینی ژنانه، بە تایبه‌تی له جۆری شاعیرانه، له کوردستان یه‌کێکه له نیشانه‌کانی گه‌شه‌ی فکری و کولتووری. ئه‌م نووسینانه ته‌نیا ده‌ربڕینی ھه‌ست نییه، به‌ڵکوو ھه‌ڵوێست گرتن و شه‌ڕکردنه بۆ به‌ده‌ستھێنانی مافه ئینسانییه‌کانی خۆیان. نووسینی ژنانه ھه‌وڵێکه بۆ شکاندنی ئه‌و سنوورانه‌ی که ژنی تێدا سنووردار کراوه. ژن به نووسینی شیعر ھاواری گه‌یاندووه‌ته ئه‌وپه‌ڕ سنووره‌کانی که ئه‌وی تێدا سنووردار کراوه.
شیعره‌کانی ژنان، زۆر جار، نزیکه به ژیانی ڕۆژانه‌یانه‌وه و ھه‌ڵوێسته له به‌رامبه‌ر بەو غه‌درانەی که ڕۆژانه کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالار لێی ده‌کات. ھه‌ر ئه‌و ھه‌سته جیاوازه وای کردوه ئه‌گه‌ر ژن له‌نێو شیعره‌کانیدا ئیشاڕه به ھیچ جیاوازییەکی ڕه‌گه‌زی خۆی نه‌کات دیسان ھه‌ر به نووسینه‌که‌ی ده‌توانی بزانێ ژنێک شیعره‌که‌ی نووسیوه یان پیاو.
نووسینی ژنانه کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی ھه‌بووه له ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئەو کۆمه‌ڵگە له‌باره‌ی، که ده‌بێته ھۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه ھه‌نگاوی خێراتر بنێت بۆ یه‌کسانی و ھاوبه‌شی.
شلێر ره‌شیدی له شیعرێکدا ده‌ڵێت:
نوقمم له زێرابی تاریک
پڕم له بۆگه‌نی وێستان
لێوه‌کانم سووتان به نه‌وتنی ئه‌و ھێلانه‌ی سوورن
چه‌قم به‌ستووه له نێوانی ئه‌و سنوورانه‌ی ده‌ستکردن
ئێسته نه‌خۆشێکی بناوبێری وه‌رھه‌م ھ‌ڵێناوم
له شێوازی شاعیرێکی ڕه‌شخواز
حه‌زم له سه‌فه‌ره
خاڵی سوور ببه‌زێنی و
پڕ به کۆشکی فڕین بێمه‌وه بۆ بێچوه‌کان
ھه‌ر له‌م شیعره‌دا ده‌توانی ئه‌و سنوورانه ده‌ستنیشان بکه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی تێ بگه‌ی که ژن تا چ ڕاده‌یه‌ک له خۆبوون دوور بووه، یان ئه‌و ھێڵه سوورانه‌ی که بووه‌ته ھۆی ئه‌وه‌ی که ژنێک تێیدا ڕەشخواز بێت، ژنێک که ئاواتی ھه‌ڵفرینه بۆ خۆی و بۆ بێچوه‌کانی (ش.ر) ھاوار ده‌ڵێ:
ئه‌تۆ له زێدت ئاواره‌ی
ئه‌من له خۆم
من له ئه‌زموونی ناسنامه‌یەکی گۆڕاوم
ئه‌من دیارده‌ی دیاسپۆرام
نا نا خودی سپۆرام
من نه‌خشه کلیلی واتای
دیاسپۆرام …
وه‌ک چۆن ده‌ق نھێنیه‌کانی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌درکێنێت، ھه‌ر وا وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه که نووسه‌ری ده‌قه‌که ژنه یان پیاو؟ که‌سایه‌تی ھه‌موو نووسه‌رێکیش به به‌رھه‌مه‌کانیانه‌وه ده‌ناسرێته‌وه. بۆیه، ڕوانینی ژن بۆ دنیا و ژیان زۆر جیاوازه له ڕوانینی پیاو… بۆ وێنه، له شیعردا، ژن که باس له خۆشه‌ویستی ده‌کات له چه‌کی جه‌سته دووره تا بە که‌ره‌سته ڕۆحییه‌کەی به پیاوان بسه‌لمێنێت که خۆشه‌ویستی لای ئه‌و گه‌لێک لە جه‌سته به‌نرختره، به‌ڵام لای پیاو، خۆشه‌ویستی ته‌نیا له جه‌سته‌دا ده‌بینرێت و بە به‌ژن و باڵا و به خه‌ت و خاڵیدا ھه‌ڵدەڵێ.
ویرجینا ڤۆڵف ده‌ڵێت: «نووسینی ھه‌ر ژنێک ھه‌میشه ژنانه‌یه، ناتوانێت ژنانه نه‌بێت. مه‌به‌ستی ئه‌و، ئه‌وه نییه که دژی پیاوان ده‌نووسێت، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێت ئه‌وە بڵێت که شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان زۆر لێک جیاوازن و جھانبینی ئه‌و دو ڕه‌گه‌زه جیاوازه. بۆ نموونە،
دڵسۆز حه‌مه ده‌ڵێ:
له من زیاتر ئه‌م تفه‌نگه باوه‌ش ده‌گرێ
نه ده‌توانێ ماچت بکات، نه منداڵێ بخاته‌وه
شۆعله به‌یگ‌زاده ده‌ڵێ:
ئه‌م شۆسته له بیریه‌تی
شۆڕه‌بییه‌ک ھات و وتی:
کراسێکی مه‌یله‌وزه‌ردی
له ھه‌تاوی تێکه‌ڵ ده‌ریام بۆت بڕیوه
باڵنده‌یه‌ک پزیشک ھات و په‌یمانی به‌ست زامی ده‌ردی ژن تیمار کات
کوا ھه‌ڵئه‌گرێ له ڕێڕه‌وی تاریکی تۆ
شاعیرێکی بیرڕه‌نگینی
سه‌ر گواڵه‌ی سه‌ربه‌ستی پیاسه بکات
جیاوازی نێوان ئه‌ده‌بی ژنانه و ئه‌ده‌بی پیاوانه ئه‌وه‌یه؛ ئه‌ده‌بی ژنانه وڵاتێکه داگیرکراو و ئه‌ده‌بی پیاوانه وڵاتێکه داگیرکه‌ر. ئه‌ده‌بی پیاوانه، باخێکه له ناو شاردا، ئه‌ده‌بی ژنانه، زوونێکه له‌و کێوانه و ته‌نیا ژنان به‌و زوونه ئاشنان.
ئه‌وانه‌ی وای بۆ ده‌چن به‌ردی بناغه‌ی گوتاری ژنانه ھێنانە قسه‌ی جه‌سته‌یه، به ھه‌ڵه‌دا ده‌چن، چونکه نووسین لای ژنان ھاواری ڕوحه نه‌ک له‌ش. بڕێک له شاعیر و نووسه‌ره به نێوبانگه‌کان به‌وه به ناوبانگن که له بری ژن ده‌نووسن. وه‌ک نیزار قه‌بانی و شێرزاد حه‌سه‌ن و ھانیان ده‌دەن. بەڵام ئایا پیاو با شاره‌زاش بن له ناخی ئافره‌تان، ده‌توانێت ببێته زمانحاڵی ژن؟
شێرزاد له‌چه‌ن چێرۆکدا، بوێرانه ئازار و ئاره‌زووەکانی ژن ده‌ھێنێته گۆ، به‌ڵام وه‌ک چۆن ده‌قێکی فارسی با نووسه‌ره‌که‌ی کوردیش بێت و باس له کوردستان بکات ھه‌ر ده‌که‌وێته ژێر ڕه‌شماڵی ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه. بۆیه نووسینه‌کانی ئه‌و که‌سانه، گوتاری پیاوانه، نه‌ک ژنانه.
له نێو ئه‌و ده‌ق و شیعرانه‌ی که ژنان ده‌یاننووسن، جۆرێک ململانێ ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر داگیر نه‌کرێن و ناسنامه‌یان لێ نه‌ستێننه‌وه. که واته، ژن کاتێ شیعر ده‌نووسێ له به‌رگریدایه له‌گه‌ڵ ئه‌و ھێزه‌ی که پیاوی کردووه‌ته پوزای بۆ ئه‌وه‌ی خۆی نه‌بێت، چونکە پیاویش له کۆمه‌ڵگه‌ی سووننه‌تیدا له ژێر ھه‌ژموونی مێژوودا بووه‌ته داگیرکه‌ر و به ھۆی ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌وه، ئده‌بێ پارێزه‌ری بیر و ھۆش و جه‌سته‌ی ژن بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری لێ نه‌ستێنێته‌وه. وه‌ک ده‌زانین ژن له کۆمه‌ڵگه‌ی سوونه‌تیدا دوڵابێکه بۆ داپۆشانی شه‌ڕەفی پیاو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پیاوه‌که بێ ئەخلاق‌ترین مرۆڤیش بێت.
ھه‌ر بۆیه له شیعری ژن‌دا (من)ێک ھه‌یه و زوڵاڵانه دێته گۆ و به ده‌نگی به‌رز ھه‌موو پاساوی پیاوسالاری بێ به‌ھا و بێ بنه‌ما نیشان ده‌دات. ئه‌و (من)ه له پیاوان ده‌پرسێته‌وه و پرسیاری ژن بوونی ده‌کات که بۆچی چاره‌نووسی ژیانی ئه‌بێ به ده‌ستی پیاو بێت؟ بۆ وه‌ک کاڵایه‌ک سه‌یری دەکرێ و به لۆژیکی عه‌یبه، ھاوسه‌نگیان له نێو کۆمه‌ڵگەدا شێواوه.
شۆعله بیگ‌زاده ده‌ڵێ:
ده تۆیش برۆ و دڵنیا به
به‌شی فڕینم ناکه‌ی
ئه‌وین لا من شاری خۆره
تۆ لێی ناگه‌ی …
ژن ھه‌وڵی داوه لانیکه‌م له شیعره‌کانیدا خۆی بێت، نه‌ک ئه‌و ھێزه‌ی که خۆی به ڕه‌سه‌نتر ده‌زانێ. ھاتنه مه‌یدانی ژن، وه‌ک شاعیر، ھه‌وڵێکه بۆ نووسینه‌وه‌ی خۆی به گشتی و گوزارشتێکه بۆ ئازاره‌کانی که به درێژایی مێژوو به سه‌ریدا سه‌پاوه.
(ش . ر) ھاوار ده‌ڵێ:
وا ھه‌ره‌س ھاتووه به سه‌ردا کێوه‌کان ئێوه‌ش وه‌رن
ته‌رمی وێرانه‌ی دڵم بۆ گۆڕی بێده‌نگی به‌رن
سه‌د سکاڵام ناشتووه له‌م شاره سووتاوه‌ی دڵا
ئاسه‌وارناسی ده‌وێ تا داد و په‌ردووی لابه‌رن
شیعری ژنانه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ژنه له بەرامبه‌ر ھزری پیاوسالاری و پیاوانه و نه‌ریتیدا، بۆیه زۆربه‌ی پیاوان ھه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ری وشیاری ژنان بگرن و بڵێن: نووسینی ژنانه نووسینێکی که‌م بایه‌خه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زانن نووسینی ژنانه شۆڕشێکی نه‌رمه بۆ بنبڕکردنی ئه‌و جینایه‌تەی که به ناوی ڕه‌گه‌زه‌وه ژنی ژێرده‌سته کردووه.
شڵێر ڕه‌شیدی ده‌ڵێ:
قه‌تیس نه‌بم
ھه‌نبانه‌یه‌ک له‌و برینه مێینانه‌ی
که تۆ نه‌بووی
گڕکانی ناخی ھه‌ڵدام و ھه‌ره‌سی مه‌رگی پێ ھێناوم
بۆت بێنم و تۆ وه‌کوو شاخێکی مه‌زن
خه‌مه‌کانم بکه‌یته توێژاڵێ سووک و به‌ربای ده‌یت
و ڕزگارم که‌یت
پیاو که دەنووسێت بیرکردنه‌وه‌ی باوکی به سه‌ریدا زاڵه و دایکی فه‌رامۆش ده‌کات، به‌ڵام ژن با له ژێر کاریگه‌ریەتی دایکیشیدا بێت باوکی ھه‌ر له یاده.
شۆعله بیگ‌زاده ده‌ڵێ:
ئه‌و دیواره‌ی دراوسێمان
به‌رانبه‌ر به خۆرنشین
ھه‌ڵی ده‌چنێ
له تۆرمه‌ی چاوه‌ڕوانی منه ـ بۆ تۆ
داھێنانی وه‌ک نووسین، تا دێ پێویستیی مرۆڤ به ھێزی ماسوولکه که‌م ده‌که‌نه‌وه، تا دێ بوونی ھێزی عه‌قلی و ده‌روونی ده‌که‌ن به پێشمه‌رجی گه‌یشتن به گه‌شه و پێشکه‌وتن و خۆسه‌لماندن. زانستی فکری بووه‌ته پێویستییەک بۆ به‌ره‌وپێش چوونی کۆمه‌ڵگه، بۆیه، له کوردستانیش به‌ھۆی ھاتنه مه‌یدانی ژنان له ھه‌موو ڕوویەکه‌وه بووەته ھۆی ئه‌وه‌ی له کوردستان ھه‌نگاوێکی پته‌وتر و خێراتر بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سنووری خێڵه‌کی و سوننه‌تی و داب ونه‌ریتانه تێپه‌ڕێنین. بۆ ئه‌وه‌ی پرسی به کۆیله‌کردنی ژن و پرسی «شه‌ڕه‌ف»، که به ھه‌ڵه کۆدگوزاری کراوه، بسڕێته‌وه و ژنان بزانن که جه‌سته‌یان شه‌ڕه‌فی خۆیانە، پێویسته شه‌ڕه‌ف له جه‌سته و ده‌روونی خۆیانه و خۆیان پێویسته مامه‌ڵه‌ی باشی ئینسانی له‌گه‌ڵ بکه‌ن و پیاوانیش بزانن که شه‌ڕه‌فی ئەوان ئاکاری باش و خراپی خۆیانه و خۆیان پێویسته شه‌ڕه‌ف له جه‌سته و دەروونی خۆیاندا په‌یدا بکه‌ن. بۆیه، شیعر ده‌نگێکه، له سه‌رچاوه‌ی ناخی شاعیره‌وه ھه‌ڵده‌قووڵێت و ئه‌رکه سه‌رکییه‌کانی خۆی بیر دێنێته‌وه. ئه‌و شیعره ڵێناگه‌ڕێ شاعیر چاو له ناپاکی و تاوان بپۆشێت. ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بوایه شاعیریش سه‌ری بۆ سوڵتانی ئه‌مری واقیع نه‌وی ده‌کرد. ئه‌وە شیعره بوار نادات شاعیر ماڵی بکرێت. بۆیه شیعری ژنانه بوت شکێن بووه. تابۆ ناناسێت و به‌گژ واقیعدا ده‌چێته‌وه. له شیعری ژنانه‌دا وشه‌کان له‌ژێر باری دژواری که‌لتووری دێریندا ڕه‌نگی مردوویان لێ نه‌ناشتووه. زرپ و زیندوون، ناناڵێنن، گۆرانی ده‌ڵێن.
بۆیه شلێر ره‌شیدی ده‌ڵێ:
ئه‌کرێ په‌یکێ له‌و شه‌ڕابه‌ی ده‌سبه‌سه‌رھێناتیه خه‌ت
پۆستی که‌ی با ھێنده سه‌رخۆش بم له به‌ر پێتا که‌وم
جا «به‌راده‌ر» بێن که‌له‌بچه‌م که‌ن گوناھم ڕیز که‌ن
پێ بکه‌نم پێیان بڵێم چیتان ده‌وێ؟ من ھه‌ر ئه‌وم
ژێدەر:
شه‌ڕه‌فنامه (مھاباد قه‌ره‌داغی)
قوڵپی پێکه‌نین (حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن)
ئینترنێت
که‌ڵک وه‌رگرتن له شیعری سێ شاعیری سه‌قزی:
شۆعله بیگ‌زاده، (ش.ر) ھاوار، شلێر ڕه‌شیدی




