جەستەی شێعرەکانم
لێوانلێوە لە ساچمە و
لە پاڵ تەرمی لاوەکانی سەرشەقاما
لە گەڵ خەیاڵێکی تووڕەی لە خوێن گەوزاو
وا لە ڕێگای بێ کۆتایی ئاواتی گەل
ڕێ دەپێوێ
بە جێی پیاسەی سەر شەقام
لە پاڵ بوخچەی پڕ ئاواتە نەکراوەکانی لاوەکان
لە سەر جەستەی
شەپۆلە خەوتووەکەی ئەمجار
خەریتەی تۆفان دەکێشێ و
زامی تەرمی
سەد ڕۆژانەی
لاوی ماندووی بەرد هاوێژی بە کۆڵەوە
هەر بە جۆگەی خوێناوەکەی سەد ڕۆژانە
گۆمی خۆێنی لاوەکانی بەندیخانە دەهەژێنێ
جار جار
بەدەم
پەلەقاژەی ئەشکەنجەوە
بۆسەی ناهومێدی شکاندووە و
بووەتە دارشەقی
ژێر باڵەکانی لاوێکی تازە ڕزگار بووی زیندان
شێعرم بووەتە کفنی هەزار قاقای
تازە پێگەیوی ژوان…
شێعرم بووەتە چۆپی دەستی دایکێ
بۆ بۆسۆی جەرگی دەسووڕا
شێعرەکانم شێت و ماندوون
کفت و تووڕە پڕ لە هێزی تۆڵە
لووتکەی سەرکەوتن دەپێوێ و
ڕێگای تووشی
ئازادی دڵ بە خۆێنیان گرتووەتە بەر
لە گەڵ پولێ شەپۆلی تووڕەی ئەمجارە
بەڕێوەن و
پڕ لە گڕکانی تووڕەن و بە هێمنی
پەلکەی ئاوات دەگرنەوە