ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ ؛ فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی کۆنفرانسێکی بە مەبەستی هەڵبژاردنی ستافی نوێی دەستەی بەڕێوەبەریی لە شاری دۆسڵدۆرفی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەبرد.
سەرەتای کۆنفرانسەکە به سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و پاشان بەرپرسی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەخێرهاتنی میوانانی کرد و باسێکی کورتی لە سەر خەبات و ڕۆڵی ژنان و بارودۆخی ئێستەی هەر چوار پارچه کرد.
پاشان هەرکام لە بەشدار بووان که پەیامی خۆیان هەبوو، پەیامەکەیان پێشکەش به ئامادەبوان کرد .
لەم کۆنفرانسەدا نوێنەران و ئەندامانی هەر چوار پارچەی کوردستان و چەندین ئەندامی حیزب و لایەنەکانی دیکە بەشداربوون و به کۆێ دەنگ بۆ هەر کام لە پارچەکانی کوردستان نوێنەرێک وەکوو بەرپرسی ژنانی ئەو پارچەیە هەڵبژێردرا؛ که به شانازییەوە خاتوو شەهین مورتزازادە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان ، وەکوو بەرپرسی ژنانی ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرا هەڵبژێردرا.
کۆنفرانسەکە لەکاتژمێر ٥ی ئێوارە کۆتایی هات و لەگەڵ هەڵبژاردنی بەرپرسانی بەشە جیاوازەکان هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان ژنانی دیاسپۆرادا نرا. هەروەها هەڵبژاردنی ئەندامێکی یەکیەتیی ژنان وەکوو بەرپرسی ژنانی ڕۆژهەڵات له دیاسپۆرادا شانازی و دڵخۆشییە بۆ ڕێکخراوەکەمان و هەروەها پێگەی بەرچاویی ژنانی ڕۆژهەڵات لەم فێدراسیونەدا نیشان دەدات.




