ڕۆژە عەزیزی
باسێک بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستی ژنان ( SIW) لە وڵاتی ماڵتا، لەلایەن ڕۆژە عەزیزی، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
تیشک خستنە سەر ژن و کچانی کورد لە کوردستانی ئێران
پێشەکی
لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ژنان و کچانی کورد لە ئێران نەک هەر بوونەتە قوربانیی هەڵاواردنی دووانەی ڕەگەزی و نەتەوەیی، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستماتیک بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە، توندوتیژی ڕێکخراو و نادادپەروەریی دادی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج. لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشی ١٣٥٧ تا ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، مێژووی کوردستان لە ئێران پڕ بووە لە گێڕانەوەگەلێک کە دەریدەخات حکوومەتی ناوەندی نەک هەر بەرپرسیار نەبووە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بەڵکوو خۆی یەکێک بووە لە گرنگترین هاندەر و ئەنجامدەرانی ئەو توندوتیژییە، و لە توندوتیژی وەک کەرەستەیەک لە کاتی شەڕە جۆراوجۆرەکاندا لە دژی گەلی کورد بە تایبەت ژناندا بەکار هێناوە.
لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧، حکوومەتی ناوەندی نوێ لە کوردستانی ئێران، سیاسەتێکی میلیتاریستی و ئەمنیەتی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای خۆی گرتەبەر. زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک سنە و مەهاباد و پاوە شاهیدی ئۆپراسیۆنی سەربازی بەرفراوان لەلایەن سپای پاسداران و کۆمیتەکانی ئینقلابەوە بوون کە تێیدا ژنانی کورد ڕۆڵێکی کارای کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەبووە. لە کاتێکدا کە فەرهەنگی مافخوازیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی ئێران پێگەی ژنانی لە دەرەوەی ڕوانگە و لێکدانەوەکانی ڕژێمی ڕووخێنراوی پێشوو و ئەو دەسەڵاتەی کە هاتە سەر دەسەڵات دانا و ژنانی بە سروشتی ژیانی کۆمەڵگەی نەتەوەی کورد دەزانی، ڕەوتە باڵادەستەکانی ناوەڕاستی ئێران بە پێچەوانەی ڕۆحی ڕاستیخوازی و یەکسانی و دیموکراسیدا بوون. لەو ماوەیەدا زۆرێک لە ژنانی ئەندامی “کۆمەڵەی ژنانی کوردستان” یان “کۆمیتەی داکۆکی لە مافی ژنان” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و کارکردن بەگوێرەی داخوازییە ئینسانییەکانی نەتەوەکەیان دەسبەسەر کران، ئەشکەنجە یان لەسێدارە دران.
بۆ نموونە لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینیدا هاتووە کە دەیان ژن لە ناوچەی سەقز و بانە بە تۆمەتی “شەڕ لەگەڵ خودا” بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە تیرەباران کراون. بەڵگەنامەکانی دیکە کە لە لایەن توێژەرانی سەربەخۆ و گرووپی هەنگاو بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ژنانی کورد بە ئامانجی زەلیلکردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی بە شێوەی جۆراوجۆر ئەشکەنجە دراون، بۆ نموونە ناچارکردن بە حیجاب پۆشی و پشکنینی جەستەیی بە مەبەستی شکاندن و بێ ڕێزی پێکردن هەتا دەستدرێژیکردنە سەریان لە ناوەندە نایاسایی و ئەمنییەکان.
کۆماری ئیسلامی هۆکاری توندوتیژی بووە لە کاتی شەڕدا
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق (١٣٥٩–١٣٦٧)، کوردستان بوو بە یەکێک لە ناوچە توندەکانی ململانێی ناوخۆ. لەو ماوەیەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاساو هێنانەوە بە “ئاسایشی نەتەوەیی” و “بەرەنگاربوونەوەی جوداخوازی”، سیاسەتی سەرکوتی بەربڵاوی لە دژی گەلی کورد جێبەجێ کرد، کە لوتکەی ئەو فەرمانە مەزهەبییەی ڕوحوڵڵا خومەینی بوو بۆ ئەنجامدانی جیهاد لە دژی کافرەکان، کە هەر جۆرە تاوان و ڕەفتارێکی تۆقێنەری بۆ هێزە سەرکوتکەرەکان ڕێگەپێدراو و یاسایی کرد. بەڵام ژنان قوربانیی بێ دیفاع بوون کە هەم بەدەست شەڕ و هەم بەدەست سەرکوتی بێوچانی ڕژیمەوە گرفتار ببوون و وەک ژن و خوشک و کچی ئەو کافرانە تەماشا دەکران کە داکۆکییان لە داخوازییەکانی خەڵکی ئازارچێشتوو و مافخوازان دەکرد.
ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی ” هیومان ڕایتس وۆچ ” و دامەزراوەی ” عەبدولڕەحمان بۆرومەند ” نیشان دەدەن کە سوپای پاسداران و هێزە دڵسۆزەکانی بەسیجی ئایەتوڵڵا خومەینی لە کاتی بەناو “پاککردنەوە”ی گوندەکانی کوردستاندا پێشێلکارییەکی گەورە و دووبارەی مافی مرۆڤیان ئەنجامداوە. ژنانی گوندنشین لە ناوچەکانی وەک نۆسود، مەریوان و سەردەشت دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە و لە سێدارە دراون. لە زۆر حاڵەتدا دەستدرێژی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ لێپرسینەوە و تۆقاندنی خێزانەکان بەکار هێنراوە و هەموو ئەم تاوانانەش لەژێر پەردەی فەتوای ویلایەتی ڕەهای فەقیهدا و وەک کارێکی چاک و خوازراو بۆ دڵخۆشکردنی ئیمامەکەیان بەبێ هیچ هەستکردنێک بە تاوان و پەشیمانی ئەنجام دەدرا. یەکێک لە نموونە بەڵگەدارەکانی دۆسیەکانی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی تایبەتە بە ناوچەی “هۆرامان” کە سوپای پاسداران دەیان ژنی گوندنشینی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ دژە شۆڕش” دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کرد. بەپێی ئاماری دامەزراوەی بۆرومەند، لانیکەم ١٧ ژن لە زیندانە خۆجێیەکانی سەقز و کامیاران لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەست داوە. مامەڵەی ڕژیم لەگەڵ ژنانی کورد لەم قۆناغەدا تەنیا هەر پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای بنەما مرۆییەکان لە سەردەمی جەنگ و تاوانی شەڕدا نییە، بەڵکوو نیشانەی سیاسەتێکی سیستماتیکی نەهێشتنی ڕەگەزی و نەتەوەییە کە تا ئەمڕۆش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە؛ بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی هەنگاو، هێشتا ژنانی کورد زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردنی ئەمنیەتیان لەنێو ژنانی ئێراندا هەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە شەڕ بەشێوازێکی دیکە جگە لە شەڕی کلاسیک، سێبەری لەسەر ژیانی ژنانی کورد ڕۆژانە و بەردەوامە و ئەو ژنانە قوربانیی توندوتیژی جۆراوجۆرن لە شەڕە نەخوازراوەکاندا کە تاران بۆیانی هەڵگیرساندووە و لە نزیکەی پێنج دەیەی بوونی سیستەمێکی لەو جۆرەدا، ئەم ڕژێمە تەنانەت جارێکیش بە کردەوە لە ئاستە جیاوازەکانی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی هیچ لێپێچینەوە و دژەکردەوەیەکی کاریگەر و بەرچاو نەبووەتەوە.
لە دەیان ساڵ جەنگەوە تا شۆڕشی ژینا
لە ساڵانی دوای شەڕدا، هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە دژی ژنانی کورد بە شێوەی نوێ بەردەوام بوو؛ لە هەژاری سیستماتیکی و حیجابی زۆرەملێوە تا سنووردارکردنی دامەزراندن و خوێندن. سەرەڕای ئەوەش ژنانی کورد هەرگیز بێدەنگ نەبوون و ڕۆڵی پێشەنگیان لە هەموو ڕاپەڕینێکی مەدەنیدا لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٩هەبووە. ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی گەیشتە لوتکە؛ کاتێک کوشتنی “ژینا/مەهسا ئەمینی” لە دەستبەسەرگەی گەشتی ئیرشاد بڵێسەی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی هەڵگیرساند کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبووەوە.
جێگای سەرنجە: زوڵم و ئینکاری ژنانی کورد ئەوەندە گەورەیە کە تەنانەت ناتوانین ناوێکی کوردی بۆ کچەکانمان هەڵبژێرین و ژینای ئێمەش کە بە ناچاری و تەنیا بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی ناسنامەیی هەبێت، لەسەر ناسنامەکەی ناوی مەهسایە.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” هێزە ئەمنییەکان دەیان ژنی کوردیان کوشت، لەوانە سارینا سەعیدی لە سنە و کوبرا شێخەسەقا لە مەهاباد. بەپێی ئامارە بەڵگەدارەکانی هەنگاو و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، تەنها لە سێ مانگی یەکەمی شۆڕشی ژینادا زیاتر لە ٦ ژنی کورد کوژراون و زیاتر لە ١٧١ ژنیش دەستبەسەر کراون.
ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە سەرکوتکەران بە ئەنقەست تەقەیان لە دەست و چاو و بەشە هەستیارەکانیانی ژنان کردووە.
ئاماری تاوانکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دژی ژنانی کورد، تەنیا لە سەردەمی شۆڕشی ژینا، هەڵوێستی ڕاستەقینەی ڕێژیم بەرامبەر بە ژنان و بە تایبەت ژنانی کورد نیشان دەدات. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕژیم و بریکارەکانی بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکەکانی دەستکاریکردنی دەروونی و پاوانخوازی و تۆتالیتاریزم، خوودی ژینا و ژنانی دیکە بە هۆکاری مردنیان و سەرهەڵدانی دۆخی وەها ئاڵۆز دەقەبڵێنن و ئەو دۆخە ئازاردەر و نامرۆڤانەیە دەخەنە ئەستۆی ژنانی مافخواز؛ ئەمە سروشتی هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتار و تاوانکار و نامرۆڤەکانە کە بەردەوام پاساو بۆ تاوان و ڕەفتارە نامرۆڤەکانیان دەهێننەوە.
ڕۆڵی پێکهاتە دادوەرییەکان لە بەردەوامی بێ سزادا
دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە بەدواداچوونی دۆسیەکانی توندوتیژی دژی ژنانی کورد ئامادە نەبووە. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هیچ کام لە تاوانبارانی دەستدرێژی، ئەشکەنجە، یان کوشتنی سیاسی دژی ژنانی کورد دادگایی نەکراون؛ بە واتایەکی تر تاوان و پێشێلکردنی توندی مافەکانی مرۆڤ لە دژی ژنانی کورد لە پەیکەری سیستەمی جێبەجێکار و سەربازی و دادی ئەم دەسەڵاتەدا چەسپاوە. هەروەها یاسای سزادانی ئیسلامی لە چەندین حاڵەتدا جەخت لەسەر نایەکسانی جێندەری و نەتەوەیی دەکاتەوە، لەوانە نیوە بەهای پارەی خوێنی ژنان و نەبوونی میکانیزم بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە تاوانەکان لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوەیە؛ بەدەر لەمانە، بە ناونانی خێڵ و قەومی ئەو گەلانەی لەم جوگرافیایەدا دەژین، هەوڵی لادان و گاڵتە بە داخوازییە نەتەوەیی و کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان دەدەن و ئەمەش ڕوانگەی فاشیستی و تۆتالیتاری ئەم دەسەڵاتە نوقمبووەیە لە تاڵاوێکی تاوانکاریدا.
کارنامەی پراکتیکی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی
به پێی ئەو لێدوانانەی پێشتر ئاماژه دراون و له هەلومەرجی هەستیارێکی وادا که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران له هەموو کاتێک زیاتر هەنگاوی ناوەتە پێشێلکردنی مافه کانی مرۆڤ و لەو بوارەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، و ژنانی کورد و ژنانی نەتەوەکانی تری دانیشتووی ئەم جوگرافیایه، وەک ژنانی نەتەوەی بەلووچ له دادگای ڕواڵەتی و نامرۆڤانه ، دەخاته بەر تۆمەتی درۆ و هیچ ڕێکخراوێکی ناحکومی و سەربەخۆ ناتوانن بە هۆکاری ئەمنی دەتوانن ئەم پێشێلکاری و تاوانانە لە نێوخۆی ئێراندا بەڵگەمەند و تۆمار بکەن، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک SI Women دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لەو بارەوە و ئەرکی ڕێکخراوەیی و مرۆیی خۆیان بەجێ بهێنن. ئەم ڕۆڵانە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:
1- پێکهێنانی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنانی کورد لە ماوەی ژیانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەلماندن و بەڵگەنامەکردنی تاوانە ئەنجامدراوەکان و چاودێریکردنی ئەو تاوانانەی کە لە ئێستا و داهاتوودا ئەنجام دەدرێن.
2. پاڵپشتی هەمەلایەنە بۆ تۆڕە ناوخۆییەکانی ژنانی کورد بۆ بەڵگەمەندکردن و هاوکاری یاسایی.
3- گوشاری نێودەوڵەتی بۆ ئێران بۆ ئەندامبوون لە پەیماننامەی نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنان (سیداو).
4. دابینکردنی پڕۆژەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و ئابووری بۆ بەهێزکردنی ژنانی کورد.
5. کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکانی دوورەوڵات ( در تبعید ) بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان لە شایەتحاڵەکان و ڕزگاربووانی توندوتیژی و دروستکردنی کەیس و فایلی تایبەت بۆ ئەم کەرتە.
وشەی کۆتایی
چوار دەیەی ڕابردوو دەریخستووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر هەوڵێکی ڕاستەوخۆ و کردەیی بۆ پشتیوانی لە ژنانی کورد نەداوە، بەڵکوو خۆی هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی، تۆقاندن، سەرکوت، نادادپەروەری و تاوانکارییە بەرامبەریان. لە شەستەکانەوە تا شۆڕشی ژینا دەنگی ژنانی کورد دەنگدانەوەی بەرخۆدان بووە لە بەرامبەر سیستەمێکی پیاوسالاری و مەرکەزی کە نکۆڵی لە کەمترین خواست و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو ژنانە دەکات و هەندێک جار بە تاوانی دەزانێت.
میوان و هاوڕێیانی خۆشەویست کە لە بواری ژناندا چالاکن، لابردنی پارێزراوی لە سزادان تەنیا کاتێک دەکرێ کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ژنانی ئێرانی بە تایبەت ژنانی نەتەوەی کورد لە ئێراندا، نەک وەک قوربانیی سیستم و جوگرافیای مەوجوود، بەڵکوو وەک پێشەنگەکانی گۆڕانکاری و ڕێنێسانس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینن و بناسن.




