نەرمین عوسمانی لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٩ لە نێو شۆڕش چاوم بە دونیا هەڵێناوە.
– وەک هەر منداڵێکی تری ناو شۆرش قۆناغەکانی خوێندنم لە ناو شۆرش و بە هاوکاری و هیمەت و دڵسۆزی مامۆستایانی شۆڕش تەواو کردووە.
– ژیانیم لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و زەحمەت کێش دا تێپەڕ کردووە، بنەماڵەیەک کە بە هەموو نەبوونیەک پاڵپشتم بوون تاکوو لە خوێندن دانەبڕێم. قۆناغی سەرەتاییی خوێندنم ساڵی ١٩٩٥ زایینی لە مدرەسەی ئازادی و لە بنکەی سەرەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران دەست پێکرد و تا ساڵی ٢٠٠١ بەردەوام بووە.
دواتر قۆناغی ناوەندی، دواناوەندی و ئامادەییم لە شاری کۆیە درێژە پێدا. لە کۆتاییدا و لە زانکۆی کۆیە و لە بەشی پەروەردەی وەرزش وەک خوێندکار وەرگیرام و ساڵی ٢٠١٣ توانیم مەدرەکی بەکالۆریۆس لەو بوارەدا بە سەرکەوتوویی بەدەست بێنم، کە لەڕاستیدا بڕینی ئەو قۆناغانەی خوێندن و بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتناننە بە خەم خۆری و پشتیوانی حیزبی دێموکرات و دڵسۆزی مامۆستایانی نێو شۆڕش دەکرێ بڵێم کارێکی ئەستەم بوو!
– لە ساڵی ٢٠١٥ روم کردە وڵاتی ئاڵمان و لە دوای خوێندنی چەند قۆناغێکی زمانی ئاڵمانی، بۆ جارێکی تر ڕێگای خوێندنم لە بوارێکی تری زانستی، واتا بواری مێدیسین گرتە بەر و دوای ٣ ساڵ بەردەوامی لە خوێندن توانیم بە پلەی نایاب لە بواری پەرەستاری کۆتایی بەو قۆناغەی خوێندن بێنم.
– دواتر و بۆ بردنەسەری ئاستی تێگشتن و زانست لە بواری مێدیسین هاوکات لەگەڵ کارکردن بەشداریم لە خولێکی بەرزتری تایبەت بەو بوارەدا کرد کە رێکەوی ٢٣/٠٧/٢٠٢٥ توانیم مەدرەکی پسپۆڕی زانیاری تەندروستی (Fachwert im Wissenschaft)بە پلەی نایاب و وەک سەرکەوتنێکی تر بە ژیانمەوە زیاد بکەم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم جارێکی تر سپاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و هەموو ئەو مامۆستا شۆڕشگێر و دڵسۆزانەی نێو شۆڕش، بەتایبەت هەردوو مامۆستای شەهید نەسرین حەداد و سۆهەیلا قادری بکەم کە چاوساغی ئێمە بوون بۆ بڕینی ئەو ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە بەبێ هەڵە! تەنانەت لە سەخترین شەرایەتی ژیانی نێو شۆڕش دا نەیانهێشت ئیمەی منداڵانی شۆرش لە خوێندن داببرێین و نەخوێندەواری ببێتە چارەنووسێکی ڕەشتر لە ئاوارەیی!
هاوکات جێگای خۆیەتی سپاسی بنەماڵە و بەتایبەت دایک و بابم بکەم کە سەختی و کەموکۆڕی نێو شۆڕشیان بە سۆز و خۆشەویستی بەردەوامیان لەبیر دەبردینەوە و هەوێنی بڕوا بەخۆ بوون و بەردەوامیم بوون.




