بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە شاری ڤێسترۆسی سوێد، یاد و یادەوەرییەکانی شاعیری کۆچکردوو «ژیلا حوسێنی» بەرز ڕاگیرا*

٢٠٢
لە شاری ڤێسترۆسی سوێد، یاد و یادەوەرییەکانی شاعیری کۆچکردوو «ژیلا حوسێنی» بەرز ڕاگیرا*
سوئێد‹لە شاری ڤێسترۆسی سوێد، یاد و یادەوەرییەکانی شاعیری کۆچکردوو «ژیلا حوسێنی» بەرز ڕاگیرا*

– ڕۆژی شەممە، ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، بە هەوڵ و تەرخانی «یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان» لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوێد، کۆڕێکی ئەدەبی و فەرهەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەرییەکانی شاعیری ناوداری کورد، ژیلا حوسێنی، بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕە کە بە ناونیشانی «ژیلای ڕەچەشکێن و گەشەی نەریەتی ژنانە؛ ئاوڕێک لە گێڕانەوەی ژنی کورد» بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر کاریگەرییەکانی ئەم شاعیرە لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی.

کۆڕەکە بە بەڕێوەبەرایەتیی خاتوو «سۆهەیلا مێهدیزادە» دەستی پێ کرد، کە وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، بەتایبەت پێشوازی لە بنەماڵەی ناوبراو، کاک ئیبراهیم حوسێنی (مامی ژیلا) و خاتوو ناهید حوسێنی (خوشکی ژیلا) کرد. پاشان بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، کۆڕەکە دەستی پێ کرد. لە سەرەتادا ژیاننامەی ژیلا حوسێنی خوێندرایەوە و دەقی ئەو شیعرەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس کە بۆ کۆچی دوایی ناوبراو نووسیویەتی، پێشکەش کرا.

دواتر، دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە، لەژێر ناونیشانی «ژیاننووسیی ژنانی کورد: گێڕانەوەی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوە»، وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە زیندووکردنەوەی ناوی کەسایەتییە دیارەکانی ئەدەب و فەرهەنگ، پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ دەوڵەمەندکردنی ناسنامەی فەرهەنگی. ئەحمەدزادە بە وردییەوە لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و هونەرییەکانی بەرهەمەکانی ژیلا حوسێنیی شرۆڤە کرد و ئەو شاعیرەی بە کەسایەتییەکی کاریگەر لە ڕەوتی گەشەی ئەدەبی کوردیدا وەسف کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، ناهید حوسێنی لە وتارێکدا بە ناونیشانی «ژیلا؛ ناوێک لە جەرگەی ژیانەوە تا پەراوێزی مەرگ»، بە دیدگایەکی ڕەخنەیی و ئەدەبی، تیشکی خستە سەر پێگەی سەربەخۆی خوشکەکەی. ناوبراو هەوڵیدا ژیلا لە ژێر سێبەری بەراوردکارییە باوەکان دەربهێنێت و وەک دەنگێکی خاوەن ناسنامە و ئەزموونێکی تایبەت پێشکەشی بکات. ناهید حوسێنی ئاماژەی بەوە کرد کە ژیلا تەنیا شاعیر نەبوو، بەڵکوو کۆی ئەزموون و ئازار و داهێنانەکان بوو کە زمانی دایکی کردە سەرچاوەی گوزارشتکردن لە جیهانی ژنانە.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا، هونەرمەندان عەبدۆڵڵا کامرانی و لەیلا کەریمی بە نمایشکردنی تابلۆ و بەرهەمە هونەرییەکانیان، شکۆیەکی تایبەتیان بە کۆڕەکە بەخشی. هەروەها، کاک عەبدۆڵڵا کامرانی دیارییەکی کە دارکەندەکاری بوو و دێڕە شیعرێکی ناسراوی ژیلای («ڕۆژێک ئەبم بە مرووارید») لەسەر نەخشێنرابوو، پێشکەشی ناهید حوسێنی کرد.

ئەم کۆڕە بە دەنگدانەوەیەکی باش لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی دانیشتووی سوێد کۆتایی هات و جارێکی دیکە سەلماندی کە بەرهەمی ئەدەبیی ژنان، بەشێکی دانەبڕاو و بنەمایی لە فەرهەنگی نەتەوەییمانە.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی ڤێسترۆس – سوێد