لە قەیرانەوە بەرەو بڕیاردان؛ ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتی پاش شەڕدا

نەسرین یوسفزادە
شەڕ، سەرکوت و قەیرانی سیاسی تەنیا بە کۆشتن و وێرانکردنی شار و گوندەکان کۆتایی نایەت. لە پشت هەر شەڕێکدا کۆمەڵێک ژیانی وێرانکراو، خێزانێکی داغدار، ژنێکی بێ هاوسەر، منداڵێکی بێ دایک یان بێ باوک و کۆمەڵێک ژنی بەجێماو هەن کە دەبێ بارگرانیی بەردەوامیی ژیان لەسەر شانی خۆیان هەڵبگرن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ،دوای ئەو هەموو باجەی ژنان دەیدەن، ئایا لە کاتی داڕشتنی داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیاندا جێگایەکیان هەیە؟
ئەم پرسیارە بەتایبەتی بۆ ژنانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگە؛ چونکە ژنانی کورد تەنیا لە شەڕ و سەرکەوتنەکاندا قوربانی نەبوون، بەڵکوو لە بەشێکی زۆر لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی، خۆیان وەک بەشێکی چالاک لە بەرەی خەبات نیشان داوە. ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرکوتی سیاسی، سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و فشارە ئابوورییەکاندا زیاترین باجیان داوە.
بۆیە کاتێک باس لە داهاتووی ئێران دەکەین، نابێت پرسی ژنان بخرێتە کۆتایی و دەبێ یەکێک لە ئەولەویەتەکانی لیستی بەشداربووە سیاسییەکان بێ. ژنان نابێ تەنیا دوای گۆڕینی سیستم وەک کۆمەڵێک قوربانیی شەڕ و سەرکوت بیر بخرێنەوە؛ بەڵکوو دەبێت لە هەمان ئەو پرۆسەیەی کە داهاتووی سیاسیی وڵات دیاری دەکات، بەشدار بن.
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ژنانی کردووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵ و سەرکوت. لە یاسا و کۆمەڵگە و پەروەردەوە تا حیجابی زۆرەملێ و دەست وەردان لە ژیانی تایبەتی،و دەستێوەردانی دەسەڵات لە ژیانی ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە چووە.
بەڵام لە هەمان کاتدا ژنان تەنیا وەڵامدەرەوەی ئەو سیاسەتە بوون. لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ژن بوو بە ناوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گۆڕانکاری. ئەو دروشمە تەنیا داوای گۆڕینی یاسای حیجاب نەبوو؛ بەڵکوو داوای گۆڕینی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە بوو. «ژن، ژیان، ئازادی» لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و بوو بە پەیامێکی جیهانی بۆ مافەکانی ژنان.
بۆیە ئەگەر ڕۆژی گۆڕانکاریی سیاسی بگات، ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێت و قۆناغێکی نوێی سیاسی دەست پێ بکات، نابێت ژنان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی وێنەیەکی ڕەنگین لە کۆڕە سیاسییەکاندا بانگهێشت بکرێن. ژنان دەبێت بڕیاردەر بن، نەک تەنیا ئامرازێک بۆ ڕازاندنەوەی پڕۆژەی سیاسیی کەسانی تر.
ئەگەر کەسێک بڵێت ژنانی کورد توانای بەشداری لە بڕیاردانی سیاسی و سەرکردایەتیی سیاسییان نییە، مێژوو وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشتر داوەتەوە.
لە مێژووی کوردستاندا ژنانی کاریگەر تەنیا لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا نەماونەتەوە؛ هەندێکیان لە پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڕێوەبردنی ناوچەکان، پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و خەباتی نەتەوەییدا شوێنپەنجەیان بەجێهێشتووە.
یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان عەدیلە خانمی جافە؛ ژنێک کە لە هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری خاوەن دەسەڵات و نفووز بوو و لە پەیوەندییە سیاسی و کارگێڕییەکانی سەردەمی خۆیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. گرنگیی نموونەی عەدیلە خانم لەوەدایە کە نیشان دەدات ژنی کورد دەتوانێت لە کاتێکدا کە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی زۆر پیاوسالار ڕێکخراوە، خاوەنی نفووزی سیاسی و توانای بەڕێوەبردن بێت.
نموونەی دیکە لەیلا قاسمە؛ ژنێکی گەنج کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی دژ بە سەرکوتی کوردان لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٧٤ لەسێدارە درا. ژیانی لەیلا قاسم نیشانەی ئەوە بوو کە ژنی کورد لە خەباتی نەتەوەیی تەنیا پشتیوان نییە، بەڵکوو دەتوانێت خۆی ببێتە بەشێک لە ناوەندیی خەبات و هۆشیاریی سیاسی.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئاسیا رەمەزان ئەنتەر بوو بە یەکێک لە ناسراوترین سیمبولەکانی بەشداریی ژنان لە بەرەی شەڕ دژ بە داعش. ڕۆڵی ئەو لە YPJ و شەڕەکانی کۆبانێ و مەنبەج تەنیا ڕۆڵێکی سەربازی نەبوو؛ بوو بە بەڵگەیەک کە ژنی کورد دەتوانێت لە کاتی مەترسیی گەورەدا خۆی ببینێتەوە وەک سەرباز، سەرکردە و بڕیاردەر.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نموونەی سوهەیلا قادری گرنگە؛ ژنێک کە لە خەباتی سیاسی و نەتەوەییدا بەشداریی کرد و لە بوارەکانی خەباتی ژنان و پەرەپێدانی مافەکانیاندا چالاک بوو. ئەو ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و لە هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات لە کۆیە لە ساڵی ١٣٩٧دا گیانی لەدەست دا.
ئەم نموونانە تەنیا بۆ یادکردنەوەی مێژوو نین. گرنگیی سیاسییان لەوەدایە کە بەڵگەی مێژوویی بۆ توانای ژنی کوردن.
لەوانەیە یەکێک لە سەرەکیترین پرسیارەکان کە بە مێشکی زۆرمان دا بێ ئەوە بێ کە ئەگەر ژنان توانای بەشداری لە شەڕ هەیە، بۆچی لە بڕیارداندا نەبێت؟
لە کاتی شەڕ و قەیراندا، کۆمەڵگە بە ژنان دەڵێت: دەتوانیت بەرگری بکەیت، دەتوانیت خێزانەکەت بپارێزیت، دەتوانیت پێشمەرگە بیت، دەتوانیت لە نەخۆشخانە و مەیدانی شەڕ کار بکەیت، دەتوانیت زیندان و ئەشکەنجە و سەرکوت بەرگە بگریت.
بەڵام کاتێک شەڕ کۆتایی دێت و دەگاتە قۆناغی بڕیاردان، هەمان کۆمەڵگە دەڵێت: سیاسەت کارێکی پیاوانەیە.
ئەم دابەشکردنە نادادپەروەرانەیە. ئەگەر ژن بتوانێت لە کاتی مەترسییەکی سەربازییەوە بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆی بکات، دەبێت بتوانێت لە کۆڕی سیاسییەکدا بڕیار لەسەر داهاتووی ئەو خاک و خەڵکەش بدات.
ئەگەر ژن بتوانێت لە کاتی سەرکوتدا خۆی و منداڵەکانی بپارێزێت، دەبێت بتوانێت لە نووسینی یاساکانی پاراستنی خێزان و منداڵ و کۆمەڵگەشدا دەنگی هەبێت. ئەگەر ژن باجی خەبات بدات، دەبێت لە میراتی سیاسیی خەباتەکەشدا بەشدار بێت.
داهاتووی سیاسیی ئێران نابێت بەبێ ژنان دابڕێژرێت. ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنیا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتێک نییە؛ پرسی سەرەکی ئەوەیە چی لە شوێنی ئەو دەسەڵاتە دادەنرێت؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بە سیستەمێکی دێموکراتیک و دادپەروەر بێت، ئەوا ژنان دەبێت لە سەرەتای داڕشتنی ئەو سیستەمەدا ئامادە بن، نەک دوای تەواوبوونی پرۆسەکە.
ژنان دەبێت لە کۆڕەکانی بڕیاردان، دامەزراندنی یاسا، نووسینەوەی دەستوور، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، پەرلەمان، حکوومەت و دامەزراوە مەدەنییەکاندا شوێنی ڕاستەقینەیان هەبێت.
بەڵام ئەمە تەنیا بە دانانی ژمارەیەک ژن لە پۆستەکاندا بەدی نایەت. ئەگەر ژنان تەنیا وەک ژمارەیەک بۆ تەواوکردنی ڕێژەی بەشداری بەکاربهێنرێن، ئەوا نادادپەروەریی ڕەگەزی بە شێوەیەکی نوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە.
ئەوەی پێویستە، دەسەڵاتی سیاسی و توانای بڕیاردانە تواناسازیی ژنان تەنیا بابەتێکی دادپەروەری نییە، بەڵکوو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پەرەسەندنی سیاسی و بەکارهێنانی توانای مرۆیی کۆمەڵگە هەیە. کاتێک نیوەی کۆمەڵگە لە پڕۆسەی بڕیاردان دوور بخرێتەوە، کۆمەڵگە بەشێک لە توانای خۆی لەدەست دەدات.
بۆ ژنانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی داهاتوو تەنیا پرسی بەشداریی ژن لە سیاسەتی گشتیی ئێران نییە؛ پرسی ئەوەشە کە لە داهاتووی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا چ پێگەیەکیان دەبێت.
ئەگەر ساڵانێک ژنان لە خەباتی نەتەوەییدا بەشدارییان کردووە، ئەگەر ژنانی کورد لە زیندان، شەڕ، سەرکوت، کۆچ و هەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتدا باجیان داوە، ئەوا نابێت لە قۆناغی دروستکردنی داهاتوودا تەنیا بینەر بن.
ژنانی کورد دەبێت خاوەنی دەنگی خۆیان بن لە داڕشتنی پڕۆژەی سیاسیی داهاتوو، لە دیاریکردنی مافە نەتەوەییەکان، لە نووسینی یاسا، لە دامەزراندنی دامەزراوە دێموکراتیکەکان و لە دیاریکردنی جۆری حوکمڕانیی داهاتوودا.
ئەمەش واتای ئەوە نییە کە ژنان دەبێت تەنیا بۆ پرسی ژنان قسە بکەن. بە پێچەوانەوە، ژنی سیاسیی کورد دەبێت لەسەر پرسی نیشتمان، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە، پەروەردە، ئاسایش، مافە نەتەوەییەکان و هەموو ئەو بابەتانەی داهاتووی کۆمەڵگە دیاری دەکەن، دیدگا و بڕیاری خۆی هەبێت.
لەیلا قاسم، عەدیلە خانم، ئاسیا رەمەزان ئەنتەر، سوهەیلا قادری و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دیکەی کورد، هەر یەکەیان لە سەردەم و شوێنی خۆیاندا ڕۆڵێکی جیاوازیان هەبووە.
هەموویان یەک شت بە مێژوو دەڵێن: ژنی کورد کەسێکی نوێ نییە لە کایەی سیاسی و خەباتدا؛ بەڵکوو بەشێکە لە مێژووی ئەو خەباتە.
ئەرکی ژنانی ئەمڕۆ ئەوە نییە تەنیا مێژووی ئەوان بخوێننەوە و یادیان بکەن. ئەرکیان ئەوەیە ئەو مێراتە سیاسییە بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە ژن لە تەنیشت مێزەکەی بڕیاردان نەوەستێت، بەڵکوو لەسەر مێزەکەی بڕیاردان دابنیشێت.
ئەوەی ژنانی ئەمڕۆ دەبێت لە مێژووی ژنانی پێش خۆیان فێر ببن، تەنیا فیداکاری نییە؛ بەڵکوو خاوەنبوونی بڕیار و دەسەڵاتە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە کە ئایا ژنان شایستەی بەشداریی سیاسیین یان نا. مێژوو و خەباتی ژنانی کورد و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە.
پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: ئایا ئەوانەی داهاتووی سیاسیی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات دادەڕێژن، ئامادەن ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن؟
ژنان لە کاتی شەڕدا قوربانی بوون، لە کاتی سەرکوتدا خۆڕاگر بوون، لە کاتی ڕاپەڕیندا پێشەنگ بوون و لە کاتی قەیراندا بارگرانیی کۆمەڵگەیان هەڵگرتووە. ئێستا ئەوەی دەبێت بگۆڕێت، تەنیا یاسا نییە؛ پێویستە شوێنی ژن لە پەیوەندیی دەسەڵات و سیاسەتدا بگۆڕێت.
لە داهاتوویەکی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ژن نابێت تەنیا وێنەی شۆڕش بێت؛ دەبێت بەشێک بێت لە دەسەڵاتی سیاسی دروستکردنی ئەو داهاتووە.
چونکە ئەگەر ژنانی کورد و ئێران لە بەرەی خەباتدا بوون، دەبێت لە بەرەی بڕیاردانیشدا بن.
ژن، ژیان، ئازادی؛ تەنیا دروشمی ڕووخانی دەسەڵات نییە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان ببنە خاوەنی داهاتووی سیاسی خۆیان.









