لە مەرگی ژیناوە تا مەرگی هانا و ئاتووسا و نیلوفەر و لەتیفە؛ چی بەسەر «ژن، ژیان، ئازادی» هاتووە؟

لەیلا قادری
چەند ڕۆژێکە چاو لەم چوار وێنەیە دەکەم.
چوار ژن.
چوار ژیان.
چوار خێزان کە لە دوای ئەم ڕۆژانە، چیتر ناگەڕێنەوە بۆ ژیانی پێشتریان.
بەڵام ئەوەی زەینمی داگیر کردووە، تەنیا مەرگی ئەم چوار ژنە نییە.
ئەوە شوێنەکەیە کە ئەم ژنانەی تێیدا کوژراون.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەمان ئەو شوێنەی چوار ساڵ لەمەوبەر، لەسەر گۆڕی ژینا، دەنگێک بەرز بووەوە کە زۆر زوو سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی بڕی و گەیشتە گوێی جیهان:
ژن، ژیان، ئازادی.
ئەو ڕۆژە ئێمە شانازیمان بەخۆمانەوە دەکرد.
شانازیمان بەوە دەکرد کە لە کۆمەڵگەیەکی کوردیدا، ژن بووەتە ناوەندی بزووتنەوەیەک کە دەتوانێت جیهان بجوڵێنێت.
بەڵام ئێستا، لە هەمان خاکدا، هانا، ئاتۆسا، نیلوفەر و لەتیفە چیتر لە نێوماندا نین.
ئەم دژبەرییە نابێت بە ئاسانی تێپەڕێت.
دەبێت لە خۆمان بپرسین:
چی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیە هاتووە کە ژینا بوو بە هێمای «ژن، ژیان، ئازادی»، بەڵام ژنانی دیکەی هەمان کۆمەڵگە هێشتا لە ناو ماڵ و پەیوەندییە نزیکەکانیاندا لە مەترسیی کوژران دان؟
و پرسیارێکی تر هەیە کە بۆ من، وەک ژنێک و ڕۆژنامەنووسێک، گرنگترە:
چی بەسەر ئەو بەشە لە پیاوانی کورد هاتووە کە ڕۆژێک لەگەڵ ژنان وەستان و هاواریان کرد «ژن، ژیان، ئازادی»، بەڵام هێشتا لە ماڵدا ناتوانن سەربەخۆیی و ئازادیی ژنێک قبوڵ بکەن؟
مەبەستم هەموو پیاوانی کورد نییە.
نابێت بە چەند نموونەیەک حوکم لەسەر هەموو پیاوان بدرێت.
بەڵام ئەگەر بزووتنەوەیەک بۆ ئازادیی ژن دروست دەبێت، دەبێت ئازادیی ژن تەنیا لە شەقامدا نەبێت.
دەبێت لە ماڵیشدا بێت.
لە پەیوەندیی هاوسەرایەتیدا بێت.
لە مافی هەڵبژاردندا بێت.
لە مافی «نەخێر» گوتندا بێت.
چونکە ئەگەر پیاو لە شەقامدا هاواری «ژن، ژیان، ئازادی» بکات، بەڵام لە ماڵدا دەنگی ژنەکەی نەبیستێت، ئەوا لەگەڵ دوو کەسایەتیی جیاوازدا دەژین؛ یەکێکی بۆ شەقام و یەکێکی بۆ ماڵ.
و ئەمە پێویستی بە لێپرسینەوەیە.
نە تەنیا لەوانەی دەست بۆ کوشتن دەبەن، بەڵکو لە خۆمان.
لە کاتێکدا کە هەڕەشەی کوشتن بە «قسەی تووڕەیی» دادەنرێت.
لە کاتێکدا کە توندوتیژیی ناوماڵ بە «کێشەی خێزانی» ناودەبرێت.
لە کاتێکدا کە ژنێک کە دەیەوێت لە پەیوەندییەکی توندوتیژ دەرچێت، بە جێی ئەوەی پشتگیری بکرێت، دەخرێتە ژێر پرسیار:
چی کردووە؟ بۆچی وای کردووە؟ بۆچی جیابووەتەوە؟
بەڵام پرسیارە سادەکە دەبێت ئەمە بێت:
بۆچی ئەو کەسە هەڕەشەکەی کرد؟
کوشتنی ژن لەو ساتەدا دەست پێ ناکات کە چەقۆکە دەنیشێتە جەستەیەک یان بەر گوللەکە دەدرێت.
زۆر زووتر دەست پێ دەکات.
لە کۆنترۆڵکردن.
لە بەستنەوەی دەست و پێی ژن بە ناوی «خێزان».
لە چاودێریکردنی تەلەفۆن و هاوڕێ و هاتوچۆکانی.
لە هەڕەشە.
لە سووکایەتی.
لە لێدان.
لە ترساندن.
لەو باوەڕەی کە ژن دەبێت بۆ مانەوەی خێزان هەموو شتێک قبوڵ بکات.
و کاتێک ئەم شتانە بەردەوام دەبن و کۆمەڵگە بێدەنگ دەبێت، هەندێک جار کۆتاییەکەی دەبێت مەرگ.
بۆیە نابێت تەنیا لە کاتی کوژراندا پرسیار بکەین:
کێ ئەم ژنەی کوشت؟
دەبێت بپرسین:
پێش ئەوەی بکوژرێت، چی ڕوویدا؟ کێ هەڕەشەکەی بیست؟ کێ توندوتیژییەکەی بینی؟ کێ دەیتوانی یارمەتی بدات؟ و بۆچی ئەو ژنە لە کۆتاییدا تەنیا مایەوە؟
بەڵام ئەمەش نابێت واتای ئەوە بێت چاوپۆشی بکەین لەسەر بەرپرسیارێتیی دەسەڵات و هەموو بارەکە بخەینە سەر خێزان و کۆمەڵگە.
ژن لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی کە یاسا و دامەزراوەکانی دەسەڵات دەبێت ژیانی بپارێزن.
کاتێک ژنێک هەڕەشەی لەسەرە، کاتێک توندوتیژیی ناوماڵ بەردەوامە، یان کاتێک ژنێک دەیەوێت لە پەیوەندییەکی توندوتیژ دەرچێت، ئەمە تەنیا کێشەیەکی تایبەتی ناو خێزان نییە.
ئەمە کێشەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتییە.
دەسەڵات تەنیا بەرپرسیار نییە لەوەی دوای کوشتن تاوانبار بدۆزێتەوە و دادگایی بکات.
بەرپرسیارە لەوەی پێش کوشتن، یاسا و دامەزراوەیەکی پارێزەر هەبێت کە ژن بتوانێت پەنای بۆ ببات.
کاتێک سیستەمی یاسایی و دامەزراوەیی ناتوانێت ژنێک لە هەڕەشە و توندوتیژی بپارێزێت، نابێت هەموو بارەکە بخاتە سەر «کێشەی ناو ماڵ».
بۆیە بەرپرسیارێتییەکان جیاوازن، بەڵام هیچ کامیان نابێت لە پرسیارەکە دەربچن:
ئەو کەسەی دەست بۆ توندوتیژی دەبات، بەرپرسیارە.
ئەو کۆمەڵگەیەی توندوتیژی ئاسایی دەکات، بەرپرسیارە.
ئەو دەسەڵاتەی دەبێت بە یاسا و دامەزراوە ژن بپارێزێت، بەرپرسیارە.
ئەم سێ بەرپرسیارێتییە یەکسان نین.
بەڵام هیچ کامیان نابێت بسڕدرێنەوە.
شاید هەندێک کەس رەخنەم لێ بگرن کە بۆچی لە پێش حکومەت و یاسا و دادگا، لە خۆمان دەپرسم.
وەڵامم سادەیە:
چونکە ئەگەر «ژن، ژیان، ئازادی» بۆ من تەنیا دروشمێکی سیاسی بێت، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا مافی ژن بۆ هەڵبژاردن و نەخێرگوتن و جیابوونەوە و ژیانی سەربەخۆ قبوڵ نەکەم، ئەوا منیش بەشێکم لە هەمان کێشەیە.
من ژنم.
دایکی سێ کچم.
خوشکم هەن.
ساڵانێکە لە ژیان و کار و کۆمەڵگەدا شاهیدی زۆر شتم.
لە نزیکەوە دەزانم ژن کاتێک کە لەگەڵ ترس و فشار دەژی، چۆن بە هێواشی خۆی لەدەست دەدات
بۆیە کاتێک بیر لە هانا و ئاتۆسا و نیلوفەر و لەتیفە دەکەمەوە، تەنیا چوار ناو نابینم.
بیر لە هەموو کچانەی ئەم وڵاتە دەکەمەوە کە دەبێت بتوانن بێ ترس بژین.
کۆمەڵگەیەک نابێت وا بێت کە ژن پێویستی هەبێت هەمیشە لە هەمووان بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی زیندوو بمێنێت.
ئێمە نابێت تەنیا کچەکانمان فێری خۆپاراستن بکەین.
دەبێت کوڕەکانمان فێری ڕێزگرتن بن.
فێری سنوور بن.
فێری هاوبەشی بن.
فێری ئەوە بن کە «نەخێر» وەڵامێکی تەواوە و پێویستی بە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تر نییە.
ژن تەنیا وشەیەک نییە لە سەرەتای دروشمێکدا.
ژن، ژنی زیندووە.
ژیانی ژنە.
مافی هەڵبژاردنە.
مافی «نەخێر» گوتنە.
مافی جیابوونەوەیە.
مافی ئەوەیە کە بەبێ ترس بژیت.
ئێمە جیهانمان بە «ژن، ژیان، ئازادی» هەژاند.
بەڵام ئایا توانیومانە ماڵەکانمان بهەژێنین؟
ئەگەر ئازادی تەنیا لە شەقامدا بێت، ئازادی نییە.
ئەگەر تەنیا لە دروشمدا بێت، ئازادی نییە.
ئەگەر تەنیا بۆ «ئەوی دیکە» بێت و بۆ ژنی ناو ماڵی خۆمان نەبێت، ئەوا هەر دروشمە.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە نەهێڵین مەرگی هانا و ئاتۆسا و نیلوفەر و لەتیفە ببێتە هەواڵێکی دیکە.
نەهێڵین ناویان تەنیا چوار ناوی تر بن لە لیستی ژنانی کوژراو.
دەبێت لە مەرگیان پرسیار دروست بکەین.
لە ژیانیان بەرپرسیارێتی دروست بکەین.
و لە خۆمان بپرسین کە چۆن دەکرێت دروشمێک کە لە گۆڕی ژینا بوو بە دەنگی جیهان، لە ناو ماڵەکانماندا ببێتە کردار.
ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕی ژینا بە دەنگ دەستی پێکرد.
ئێستا کاتی ئەوەیە لە ماڵەکانمان بە کردار دەست پێ بکات.
چونکە ئەگەر ژن لە شەقامدا ئازاد بێت، بەڵام لە ماڵدا بترسێت،
ئێمە هێشتا بە نیوەی مانای «ژن، ژیان، ئازادی» گەیشتووین.









