هێرۆ عەزیزی
زۆربەی شتەکانی مێژوو تەنیا ئەوە نین کە بە چاو دەیانبینین. تاجەکان تەنیا پارچە زێڕێک نین، ئاڵاکان تەنیا پارچەیەک قوماش نین و وێنەکانیش تەنیا تابلۆیەکی ڕازاوە نین؛ بەڵکو هەموویان کردەیەک بوون لە سیاسەتی بێدەنگ؛ کردەیەک کە دەسەڵات، بیروباوەڕ، ناسنامە و ئاراستەی سیاسی دەگوازنەوە.
ئەمڕۆ، لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا و گەمە سیاسییەکاندا، ئەو کردە بێدەنگە بەرفراوانتر بووە. هێماکان لە شاشەی تەلەڤیزیۆن و مۆبایلەکان، لە جلوبەرگ، لە خشڵ و زێڕەکانمان و لە هەموو شوێنێکی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەن. بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێمە هێماکان هەڵدەبژێرین، یان هێماکان ئێمە هەڵدەبژێرن؟
هەر کاتێک وێنەی کەسایەتییەکی سیاسی دەبێتە نیشانەی باو (مۆد)، بابەتەکە لە بازنەی جوانکاری دەردەچێت. چونکە کەسایەتییە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە مێژووی نەتەوەکاندا جێگەی مشتومڕن، تەنیا وێنە نین؛ بەڵکو هەڵگری بیرەوەری، هەڵوێست و ڕوانگەی جیاوازن. بۆیە کاتێک ئەو وێنانە دەبنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، پرسیاری سیاسیی جددی لەگەڵ خۆیان دەهێنن.
ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر کەسێک هێمایەکی دیاریکراو بەکاربهێنێت، دەستبەجێ هەمان هەڵوێستی سیاسیی هەبێت، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت هێماکان بێ واتان. لە کۆمەڵگادا، واتای هێماکان لە تێکەڵبوونی مێژوو، کولتوور و خوێندنەوەی گشتیدا دروست دەبێت، نەک تەنیا لە نیازی تاکەکەسدا.
دەسەڵاتەکان هەمیشە زانیویانە کە گۆڕینی بیرکردنەوە، لە گۆڕینی دڵ دەست پێدەکات و گۆڕینی دڵیش زۆرجار لە ڕێگەی هێماکانەوە ئەنجام دەدرێت. هەر بۆیە زۆرجار پێش ئەوەی دروشمێک بڵاو بکرێتەوە، هێمایەک دەخەنە بازاڕەوە؛ پێش ئەوەی کتێبێک بخوێنرێتەوە، وێنەیەک ئاسایی دەکرێتەوە. ئەوە ئەو شتەیە کە «هێزی نەرم» کاری پێ دەکات؛ کاریگەریکردنە سەر هۆشی کۆمەڵگا، نەک بە زۆرەملێ، بەڵکو بە ئاساییکردنەوە.
کۆمەڵگەی وشیار ئەوە نییە کە هەموو هێمایەک قەدەغە بکات، بەڵکو ئەوەیە کە لە هەر هێمایەک بپرسێت: ئایا ئەمە تەنیا پارچەیەک خشڵی جوانە، یان چیرۆکێکی مێژوویی و سیاسی لە پشتەوەی خۆی شاردووەتەوە؟
ئەگەر ئێمە خوێندنەوەی هێماکان پشتگوێ بخەین، ئەوان بە ئارامی خوێندنەوەی مێشکی ئێمە دەست پێ دەکەن. چونکە لە جیهانی ئەمڕۆدا، زۆرجار شەڕە گەورەکان بە چەک دەست پێ ناکەن؛ بە وێنە، بە هێما و بە کەلتووری باو دەست پێ دەکەن. ئەوەی لە یەکەم نیگادا تەنیا پارچەیەک زێڕ دەردەکەوێت، لەوانەیە لە دوای خۆیدا چیرۆکێکی تەواوی سیاسیی هەڵگرتبێت.
بۆیە وشیاری لە هەڵبژاردنی هێماکاندا، تەنیا بابەتێکی جوانکاری نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەرپرسیاریی فیکری و هاووڵاتیبوون. چونکە هەندێک جار، مێژوو لە ناو کتێبەکان ناژی، بەڵکو لە ناو ئەو هێمایانەدا دەژی کە هەموو ڕۆژێک لەگەڵمانن.
ئەگەر لە هەندێک شوێنی ئێران وێنەی ڕەزا پەهلەوی بووەتە خشڵ و زێڕ، بۆ ژنی کورد ئەو وێنەیە هێمای جوانی نییە؛ هێمای بیرەوەرییەکی تاڵ، زوڵم و ستەمە. هەر کاتێک ناوی پەهلەوی دێتە گۆڕەپان، لە مێشکی زۆرێک لە کورداندا سێدارە، زیندان، قەدەغەکردنی زمانی کوردی و سەرکوتی داواکارییە نەتەوەییەکان زیندوو دەبنەوە.
ئێمە نەتەوەیەکین کە شەهیدەکانمان بە دەستی هەموو دەسەڵاتە ناوەندییەکان دراون؛ لە پاشایەتییەوە بگرە تا کۆماری ئیسلامی. بۆیە چۆن دەکرێت وێنەی ئەو بنەماڵەیە بکەین بە زێڕی ملی ژنی کورد، لە کاتێکدا هێشتا دایکانی کورد چیرۆکی کوڕە لەسێدارەدراوەکانیان لەبیر نەکردووە؟
ئەو میلەتەی خوێنی شەهیدانی کوردستانی بە دەستی بنەماڵەی پەهلەوی بینیوە، نابێت ڕێگە بەخۆی بدات هەڵگری هێمای ئەو دەسەڵاتانە بێت کە بەشێک بوون لە مێژووی سەرکوتی ئەم گەلە. من پێم وایە هەموو ئەوەی دەبێتە باو (مۆد)، جوان نییە و ڕێزگرتن لە مێژوو بە مانای ژیانکردن لە ڕابردوو نییە، بەڵکو بە مانای ئەوەیە هەرگیز ستەمکار بە هێمای شانازی نەناسین.
ژنی کورد پێویستی بە وێنەی پاشاکان نییە بۆ ئەوەی شکۆمەند بێت. شکۆی ژنی کورد لە ئازایەتی، بەرخودان و ناسنامەی خۆیدایە، نەک لە وێنەی بنەماڵەیەک کە مێژوویەکی ناکۆکی لەگەڵ کوردان هەیە.
ئەگەر مێژوو لەبیر بکەین و پشتگوێی بخەین، دووبارە دەبێتەوە. بۆیە ئەو نەتەوەیەی شەهیدەکانی بە پەتی سێدارە لەدەست داوە، نابێت هەرگیز هێمای ئەو دەسەڵاتانە بکات بە زیوەری ملی خۆی. لە کۆتاییدا هێماکان تەنیا نیشانە نین؛ ئەوان دەنگی مێژوون، هەناسەی ناسنامەن و پەیامی ئەو نەوەیەن کە بۆ ئازادی و مانەوە خەباتیان کردووە. ژنی کورد کاتێک ئەم هێمایانە دەناسێت و پارێزگارییان لێ دەکات، تەنیا ڕابردوو پارێزراو ناکات، بەڵکو چرای ڕێگەی داهاتووش ڕوون دەکاتەوە. ناسنامەیەک کە بە ئاگایی بژی، هەرگیز لەناو ناچێت.



