بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە قادریدا، یاد و خەباتی بەرز ڕاگیرا

١٦٠
لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە قادریدا، یاد و خەباتی بەرز ڕاگیرا
سوئێد‹لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە قادریدا، یاد و خەباتی بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لە کۆڕێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، هەروەها ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو «حەلیمە قادری» بەڕێوەچوو و بە ڕێزەوە یاد و بیرەوەریی ئەو ژنە تێکۆشەرە بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە وتنی سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان کاک ئازاد کوردی، بەڕێوەبەری بەرنامەکە، بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی کرد و کارەکانی ڕێوڕەسمەکەی ڕاپەڕاند.

لە بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بەلژیک، پێشکەش کرا.

لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و خەباتی خاتوو حەلیمە قادری نمایش کرا؛ فیلمێک کە بەشێک لە ژیان و ڕۆڵی ئەو ژنە خەباتکارەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا دەخستە ڕوو.

دواتر، پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکێتیی ژنان لەلایەن خاتوو سەیران مستەفا، بەرپرسی یەکێتیی ژنان لە وڵاتی بەلژیک، خوێنرایەوە.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، چەند وتارێک سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی، گرنگیی بەشداریی ژنان لە پێشەنگایەتیی خەبات و ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی خەبات و بەرەنگاریدا پێشکەش کران لە لایەن هەریەک لە:

  • د. کوێستان گادانی، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.
  • عەبدوڵڵا حیجاب، کەسایەتیی سیاسی و دیاری بزووتنەوەی کورد.
  • حیسام دەست‌پیش، نوێنەری حیزب لە پەرلەمانی ئەورووپا.

لە بڕگەی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن دارا ناتق (هاوسەری کۆچکردوو)، هاجەر قادری (خوشکی خاتوو حەلیمە) و عومەر بەقایی (خاڵی خاتوو حەلیمە قادری)، پەردە لەسەر کتێبی «ئەو خۆرەی قەت ئاوا نابێت» لادرا. یادنامەیەک کە دارا ناتق بە وەفایەک بۆ یاد و بیرەوەریی هاوسەر و هاوخەباتی نەمری، خاتوو حەلیمە قادری، ئامادە و بڵاوی کردبووەوە.

ئەم کۆڕە، جگە لەوەی بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە قادری بوو، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ دووپاتکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و بەرزڕاگرتنی یاد و خەباتی ئەو نەمرانەی کە ژیانیان بۆ ئازادی و سەربەستیی گەلەکەیان تەرخان کردووە.