جەماڵ ڕەسووڵ دنخه
کە باس لە مافی ژنان دەکرێ هەر باس لەوە دەکرێ لەلایەن ڕێژیمی ئێران پێشێل دەکرێ؛ نەک ئەوەیکە ئیدئۆلۆژیی ئەو ڕێژیمە بەرانبەر بە ژن چییە و ئەو ڕوانینەی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە ژن چی لێدەکەوێتەوە و ئەنجامەکەی دەبێتە چی؟ لە ڕاستیدا دەبێ پێ لەسەر ئەوە دانێین ئەوەیکە تا ئێستاش حیزبەکانی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستان باسی لێ دەکەن و لایەنگرانی مافی ژنیش لەژێر ناوی (Féminisme) باس لە مافی ژن دەکەن نە تەنیا داکۆکی لە مافی ژن ناکەن بەڵکوو ژن بچووک دەکەنە نە بە مانای “حقارەت و شکاندنی کەسایەتی” بەڵکوو لاوازی پێشان دەدەن. سیمایەک لە ژن پێشكەش دەکەن کە هەمیشە پێویستی بە یارمەتییە و ئەو یارمەتییەش وا پێناسە دەکەن کە لە رووی ڕوحم و خێرە.
لایەنگرانی مافی ژن لە نێو حیزبەکاندا و بە گشتی کوردستان هەموو شتێک بۆ سەر ئەوە دەگێڕنەوە کە ژن لە بناغەوە دەچەسێتەوە و لە گۆشەی چێشتخانەدا هەتا ئاخیری تەمەنیان دەمێننەوە. یانی پێناسەیەکی توندوتیژانەیە بەرانبەر بە پیاو و کۆمەڵگەی کوردستان.بێ ئەوەیکە بزانن ئەو جۆرە پێناسەکردنە چ کاریگەرییەکی ڕەوانیی خراپ لەسەر مرۆڤەکان دادەنێت. دەگمەن وتووێژێکی تلویزیۆنی لە میدیاکانی کوردیدا دەبینی کە کاتێک باسی مافی ژن دەکەن بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە چاویش لە ژن بکەن. بەڵکوو ژن بە بوونەوەرێکی ئەوەندە چەوساوە نیشان دەدەن کە ئەگەر پیاو تەنانەت بە شێوەیەکی توندیش قسەی لەگەڵ بکات ئەوە مافی ژنی پێشێل کردووە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەتا ئێستاش مافی ژن بە شێوەیەکی چوارچێوەدار پێناسە نەکراوە؛ بەڵکوو هەمووی کۆکراوەی ئەملاوئەملایە لە ژن.
بۆ نموونە؛ ژنی کورد ئیلهام لە ژنی فەرانسە وەردەگرێ. لە حاڵێکدا نازانێ ژنی فەرانسە لە کوێ ژیاوە، چ فەرهەنگێک، چ فەزایەکی سیاسی و…. هەروەها نازانێ ئەوەی ژنی فەرانسە خەباتی بۆ دەکات و بە مافی ژنی دەزانێ لەگەڵ ئەوەیکە ژنی کورد داوای دەکات جیاوازە.
ئەو پێشکییەم بۆیە باس کرد کە دەمهەوێ باس لە ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکەم. بەپێی خودی لێکۆڵینەوەکان لە زانکۆکانی ئێراندا هەتا ئێستا لەسەر مافی ژن لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێناسەیەکی ڕوون نەکراوە. یانی هەتا ئێستاش لەسەر “چیستی زن” لە گوتاری ڕێژیمی ئێراندا ڕوانگەیەکی ڕوون نییە. بەڵکوو ڕێژیمی ئێران تەنیا دەڵێت: “فاطمە الگوی زن ایرانی است.”
ئەو فاتمەیە دیار نییە چ لەخۆوە دەگرێ؟ بەڵکوو ژن لە کۆمەڵگەدا تووشی “ابهام” دەکات. یانی تاک نازانێ چۆن باسی ژن بکات. یا بەڕاستی فاتمە چی تێدایە کە دەبێ ژنی ئێرانی بیکاتە سەرباشقەی ژیانی خۆی. واتا دیار نییە فاتمە چی لە هەگبەی دایە. بەڵکوو ژنێک هەیە بە ناوی فاتمە کە سەرچاوەی چاکەکارییە و دەبێ ژنەکان وەک ئەو بن کە ئەو چاکەکارییەش پێناسەی بۆ نەکراوە.
بۆیە نەبوونی ڕوانگەیەکی و مۆدێلێکی ڕوون و دیار لە ژن لە گوتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەربە ژندا بۆشاییەکی گرینگە و وەک خۆی ماوەتەوە.
بابەتی ژن لە مێژووی ئێران و کوردستاندا گۆشە و کەناری جۆراوجۆری هەبووە کە ئەگەر چاو لە مێژووش بکەین جێ پێی ژنانی بەهێز لە سیاسەت، نیزامی کاری، ئابووری و کلتوردا دەبینینەوە. بەڵام ئەو ژنانەی وا بەهێز بوونە دەبینین کە لە سێبەری شوناسدا کاری گەورەیان ئەنجام داوە. بۆ نموونە حەپسەخانی نەقیب. مەستوورە ئەردەڵان، لەیلا زانا لە کوردستاندا. بەڵام ئێمە لە نێو فارس، تورکەکاندا ژنی بەهێز و کاریگەر لە مێژوودا نابینین.
ژن لە روانگەی سوننەتییەوە ئۆبژەیە و لە ڕوانگەی مۆدێڕنەوە سووژەیە. لە ڕوانگەی یەکەمدا ژن بابەتێکە دەبێ بیری لێ بکرێتەوە و لە دووهەمیدا خۆی بیر دەکاتەوە.دەبێ باس لەوە بکەین ئەگەر ئۆبژەیە کە وایە ژن تەنیا لە بنەماڵەدا دەناسرێ. ئەگەر سوژەیە کە وایە خۆی سەربەخۆیە. ئەو پێناسەیەی لە گوتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە ژندا ژن دەکرێ هەمووی لە ئۆبژەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەو ڕوانگەیە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لایەنگرانی مافی ژنیشی گرتووەتەوە. یانی ژن دەبێ بیری لێ بکرێتەوە نەک خۆی بیر بکاتەوە.
بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەمیشە خۆی ڕێگا و هێڵی ژن دیاری دەکات و ئەو خۆی پێی دەڵێ کە نەقشی ژن لە کۆمەڵگەدا چییە. هیچ کات ئەو ڕێژیمە باس لە دۆخی کۆمەڵگە و فەرهەنگی نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران ناکاتەوە و هەموو ژنەکانی ئەو جوغرافیایە بە یەک جۆر پێناسە دەکات و حاشا لە جیاوازییەکانی ژن دەکات. حاشا لەوەی دەکات ژنی کورد لە مێژوودا ئاگاهانە یا نائاگاهانە جێگە و پێگەی بەرز بووە و ڕۆڵی لە سیاسەت و حوکمڕانیدا هەبووە.
بۆ نموونە چاو لە ژنی کورد بکەین؛ کاتێک ژنێکی کورد دێتە نێو مەجلیسێک یا کۆبوونەوەیەک هەر چەند پیاوی تێدا بێ بێ ئەوەیکە پیاوەکانی کێ بن و چ پلە و پۆستێکیان هەبێ لەبەر ژنەکە هەڵدەستن. بەڵام لە نێو فارس و تورکەکاندا ئەو شتە نییە. بەپێچەوانە کە ژن پیر بوو دەیبە خانەی بەساڵاچوان. بۆیە لەنێو کوردا خانەی بەساڵاچوان نییە بەڵام لە نێو فارس و تورکەکاندا هەیە.
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا خومەینی و خامنەیی پێیان دەوترێت داهێنەرانی شوناسی ژن. بەڵام هەتا ئێستاش ئەو پرسیارانە وڵام نەدراونەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چ مۆدێلێک لە ژنی ئێرانی پیشان دەدا؟ ئەو مۆدێلە چ تایبەتمەندییەکی هەیە؟ جیاوازییەکانی لەگەڵ دنیای مۆدێڕندا هەیە؟
بەشێک لە لایەنگرانی مافی ژن وەک ئالیس ڕێسی باس لەوە دەکەن بەهۆی ئەوەیکە ژن لە ئەساسدا چونکە لە بواری فیزیکی لەگەڵ پیاو جیاوازیی هەیە؛ کە وایە زۆر ئاساییە ئەگەر هەندێک کار بە پیاو دەکرێ یا دەسپێردرێت، بە ژن نادرێ. هەر چەند ئەو بیرۆکەیە هەتا ئێستاش دژبەری زۆری هەیە.
کەسانێک وەک چۆدورۆ یا وەک فڕۆید باس لەوە دەکەن کە ژن و پیاو بەهۆی ئەوەیکە فیزیکیان جیاوازە ناچار حاشا لە هەندێک شتی یەکتر بکەن بۆ ئەوەیکە خۆیان لە بەرانبەر یەکتریدا پێناسە بکەن.بۆ نموونە ژن دەڵێ من دەتوانم شیر بە منداڵ بدەم تۆ ناتوانی، پیاو دەڵێ من دەتوانم بلوکێکی گەورە هەڵگرم کە ژن ناتوانێ.
لەبارەی خودی مافی ژندا چەند بیرۆکەی فێمێنیستی هەیە:
فێمێنیزمی لیبڕاڵ: ئەو دەستە لە لایەنگرانی مافی ژن باوەڕیان وایە کە نەبوونی مافی مەدەنی و دەرفەتییەکسان بۆ پەروەردە و بارهێنان زوڵمێکە لەسەر ژنان. ئەوان دەڵێن ئەگەر چاکسازی لە کۆمەڵگەدا بکرێ دەتوانن پێگەی ژنان بەهێز بکەن. ئەوانە دەڵێن کە زاتی پیاو و ژن وەکوو یەکە و هەر دووکیان مرۆڤن.
ئەوانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە توندوتیژییەکی بەهێز لە نێوان تایبەتمەندییەکانی ژن و پیاودا نەمێنێت. بە باوەڕێ ئەوانە نەقشی ڕەگەزی بەرهەمی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژوودایە؛ نەک شتێکی سروشتی.
بۆ نموونە لە مێژووی شارستانییەتدا پێشدا ژن سالار بووە و دواتر پیاو بووەتە سالار.
فێمێنیزمی مارکسیزمی:
لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیەش باوەڕیان ئەوەیە کە ژن سالار بووە و ئێستا پیاو سالارە. بەڵام “مالکیت خصوصی” وای کرد بازاڕ و بنەماڵە دروست بێ. بۆیە ژنان پێویستە سەرەتا لە دەستی پیاوان ڕزگاریان بێ و بۆ ئەوەش دەبێ دەست بە چالاکیی گشتی بکەن.
فێمێنیزمی ڕادیکاڵ:
لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە دەڵێن هەموو شتێک لەژێر دەستی پیاو دایە و هیچ باوەڕی بەوە نییە کە ژن و پیاو جیاوازیان هەیە.
فێمێنیزمی سوسیالیستی:
لایەنگرانی ئەو ڕەوتە لە ژێر کاریگەریی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ دان. دژی لیبرالیزمن. ئەوانە دەڵێن کە سەرمایەداری بووەتە هۆی ئەوەیکە ژن بچەوسێتەوە.
ئیسلام:
بەپێی بیری ئیسلامی ژن و پیاو لە فیزیکدا جیاوازن. باس لە بەرابەریی ژن و پیاو دەکات. ئیسلام دەڵێت نابێ مافی ژن و پیاو وەک یەکتری بێ. چونکە ژن و پیاو لە بواری ڕەوانی جیاوازییان هەیە. خومەینی سەرەڕای ئەوەیکە دەڵێت کە ژن دەبێ لە هەموو کارەکانی کۆمەڵگەدا بەشدار بێ؛ بەڵام ماددە و تەبسرەکانی کە لە ئایین هەڵیدەنجێنن دەبێتە هۆی ئەوەیکە ژن ئەو مافەی کە وەک مرۆڤ هەیەتی پێشێل بکرێ. لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێراندا ژن و کاروباری ئەو لە بنەماڵەدا پێناسە کراوە. ئەوە خۆی پێناسەیەکی هەڵەیە لەگەڵ زاتی مرۆڤ.
ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران دەڵێت؛ نەقشی ژن لە پیاو گرینگترە چونکە ژن کاری تەربیەت و ڕاهێنانی لە ئەستۆیە. ئەوەش ڕاست نییە چونکە بەپێی ئەو ڕوانگەیە نەقشی پیاو دەشاردرێتەوە.
هەمووی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ناوەندە زانستییەکانی ئێراندا کراوە. گرێ دراوەتەوە بە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران و پشت بەستین بە قسەکانی خامنەیی و خومەینی. بەڵام هەتا ئێستاش نەمایەکی ڕوون و دروست لە مافی ژن لەو ڕێژیمەدا پێناسە نەکراوە و تەنیا لە سووڕێکی باتڵدا ئەو بابەتە دەخولێتەوە. تەنانەت حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمەش نەیانتوانیوە مافی ژن بە شێوەیەکی چوارچێوەدار پێناسە بکەن و بەشێوەی بەرنامەداڕێژراو کار بۆ بابەتی ژن بکەن.
ژن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وا پێناسە کراوە کە دەبێ “عەفیف” “مۆحەجەبە و شەریف” بێ.
ئەو سێ وشەیە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ژن لە دەرەوەی ئەوە هەر کارێکی بکات یا نایاساییە یا دژی ئیسلام. بۆیە ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە دەست بۆ سەرکوتی ژنان دەبەن. لە ڕوانگەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرکوت نییە بەڵگوو ڕێنوێنیی ژنانە. گەشتی ئیرشاد سەلمێنەری ئەو بابەتەیە.ئەو سێوشەیە کە ڕێژیمی ئێران لەسەری دەسووڕێتەوە هەمووی پێک ناکۆکە. چونکە حیجاب زیاتر بۆ پۆشش و جلوبەرگ دەگەڕێتەوە. عەفیف بوون بۆ زاتی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.
هەتا ئێستاش ڕوون نییە پێوەندیی نێوان مافی ژن و فەرهەنگی جەهاد، شەهادەت و موقاومەت لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چییە؟ بۆ نموونە جەهاد و مافی ژن چۆن پێکەوە دەگونجێن؟
ڕێژیمی ئێران هەمیشە بۆ سەرکوتی لایەنگرانی مافی ژن بێ یەک و دوو ژنی ڕۆژاوایی بۆ نموونە دێنێتەوە.
واتا ژنی ڕۆژاوایی ژنێکە کە هیچ قەید و بەندێکی نییە و پەرە بە بێ ئەخلاقی و کاری ناڕەوا دەدا. ئەوە لە بناغەدا کارێکی دژە ژنە کە هیچ پێوەندیشی بە مافی ژن نییە. ئەگەر کۆمەڵگە بیهەوێ مافێکی دیاریکراو بۆ ژن دیاری بکات هەڵەیە و لایەنگرانی مافی ژنیش ئەگەر بیانهەوێ مافێکی چوارچێوەدار بۆخۆیان دیاری بکەن دیسان هەڵەیە. چونکە ئەو کاتی تۆ ژنت دابەش کردووە و ئەوەیکە پێی دەڵین ڕەگەزی دووهەم دانت پێدا ناوە. لە ڕاستیدا ژن ڕەگەزی دووهەم نییە و پیاویش ڕەگەزی یەکەم نییە. ئەوەی لە مافی ژندا گرینگە ئەوەیە کە لە بواری خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک: خوێندن، کار، خۆشبژیوی، بەشداری لە سیاسەت، و هتد بێ جیاوازی بەشدار بێ و لێی بەهرەمەند بێ. هەتا ئەو کاتەی ژن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لە کۆمەڵگەدا دەرنەکەوێ ناتوانێ نە دژی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران بوەستێتەوە نە دەتوانێ خۆشی پێناسەیەکی ڕاست لە مافی خۆی بداتە بەر دەست.




