بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مێژووی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان لەکاتی شەڕدا

کەنێرە میهفەر ١٧٨
مێژووی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان لەکاتی شەڕدا
قەڵەمی بەئەزموون‹مێژووی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان لەکاتی شەڕدا

کەنێرە میهفەر

هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە، شەڕ و تووندوتیژی هۆکارێک بوونە بۆ دروستکردنی مەترسی بۆسەر ژیانی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی. چونکە لەکاتی ڕوودانی شەڕدا، لایەنەکان بەشێوەیەکی ئەنقەست ژنان دەکەنە ئامانج بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی خۆیان و بۆ داڕمانی بەها ئەخلاقییەکانی لایەنی بەرامبەر، کەڵک لە ژنانی بێتاوان وەردەگرن و دەیانکەنە ئامرازی گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکانیان. هەر بۆیە لەکاتی شەڕدا، خستنە مەترسیی دۆخی ژنان لە وڵاتێکدا، دەبێتە هۆکاری نائەمنی و ناسەقامگیریی ئاسایش لە ئاست کۆمەڵگەی جیهانیشدا.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شەڕ و تووندوتیژییەکان بدەینەوە، دەبینین کە تووندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژیکردن بۆسەر ژنان، تەنیا وەکوو ناپاکی نەبووە، بەڵکو بە کردارێکی پەسند و جێگەی ڕەزامەندیی کۆمەڵگە بووە. ئەو ژنانەی لەکاتی شەڕدا بەدیل دەگیران بۆ لەشفرۆشی، کڕین و فرۆشتنی زۆرەملێ و کرێکاریی زۆرەملێ بەکاردەهێنران، بەپێی یاساکانی شەڕی ئەو کات، بە غەنیمەتی ڕەوا و یاساییی ئەو وڵاتە دەژمێردران. بۆیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کاتێک وڵاتێک لە شەڕدا شکستی دەهێنا، بەپێی یاسای شەڕ، سەربازەکانی لایەنی براوە بۆیان هەبوو دەستدرێژی بکەنە سەر ژنانی وڵاتی شکستخواردوو و مافی خاوەندارێتییان لەسەر ئەو ژنانە هەبوو کە وەکوو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن. لە کولتووری زۆربەی وڵاتاندا، ئەم دەستدرێژییانە وەکوو چەکێکی شەڕ و ڕێکارێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و داڕمانی بەها ئەخلاقییەکانی وڵاتی بەرامبەر بەکاردەهات.

پێناسەی تووندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی لەکاتی شەڕدا لە ڕوانگەی یاسایییەوە:
هەر کردەوەیەک کە بە مەبەستی سێکسی دژ بە ژنێک لە بارودۆخی زۆرەملێ و نالەباردا ڕووبدات، ئەوا دەستدرێژییە. ئەمە تەنیا کردارێکی فیزیکی نییە، بەڵکو هەر کردەوەیەک وەکوو (ڕووتکردنەوەی ژن، ناچارکردنی ژن بە ئەنجامدانی هەندێک کرداری سێکسی لەبەرچاوی خەڵک یان لە شوێنی داخراودا، هەڵسوکەوتی نەشیاو و بێڕێزیکردن بە جەستەی ژن) هەموویان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەچنە چوارچێوەی دەستدرێژیی سێکسی و بەڵگەی ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی زەقی کەرامەتی مرۆییی ژنن.

هەروەها لە یاسای سزادانی نێودەوڵەتیدا، تووندوتیژیی سێکسی و بەتایبەت دەستدرێژیکردن، لە پەیماننامەی دیوانی نێودەوڵەتیدا وەکوو تاوانی دژە مرۆیی و بەڵگەی ئەشکەنجەدان دیاریکراوە. بۆیە بەپێی ئەو پەیماننامەیە، هەرکات لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا یان دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، هەر لایەنێک هەستێت بە ئەنجامدانی ئەم تاوان و تووندوتیژی و دەستدرێژییە سێکسییانە وەکوو مەرامی تۆڵەکردنەوە، ئەو لایەن و کەسانە تووشی دادگایی و سزای نێودەوڵەتی دەبن. لەلایەکی تریشەوە، دادگاکانی سزای نێودەوڵەتی جگە لەو دەستدرێژییانەی ئاماژەیان پێکرا، بەدیلگرتنی ژنان لەکاتی شەڕدا، ناچارکردنیان بە لەشفرۆشیی زۆرەملێ، دووگیانکردنی زۆرەملێ، لەباربردنی زۆرەملێ، نەزۆککردنی ژنان و هەر کردەوەیەکی تری لەم چەشنە، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگی ئەژمار دەکات و لایەنەکان بەرپرسن لەئاست دادگای نێودەوڵەتیدا.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کە شەڕ و ئاڵۆزیی زۆر لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا ڕوویدا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و بەتایبەتی لە باشووری یەمەن و وڵاتانی عەرەبیدا، دۆخی ژنان زۆر دژوار بوو. ئەمانەش هەموو بوونە هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرچاوی ژنان لە بواری کار و میکانیزمی بڕیارداندا و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەباتیان بۆ کردبوو و دەستەبەریان کردبوو، لەدەستیان چوو. مافەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر لە ڕووی یاسایییەوە لەدەست دا و ئەمانەش بوونە هۆکاری نائارامیی سیاسی و ئابووری و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی؛ بەتایبەت دۆخی ژنان لە گشت لایەک کەوتە مەترسی و ئەمەش هەڕەشەیەکی جیددی بوو بۆ کۆمەڵگەی جیهانی.
هەر ئەمانەش بوونە هۆکار کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشێلکاریی زۆری مافەکانی ژنان و دۆخی دژواری ژنانی لەکاتی شەڕدا، بە مەترسییەکی گرنگ و جیددی وەسف بکات بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆیە لە چەندین پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتیدا ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی ماف و پێگەی ژنان داوە، بەتایبەت کە ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی و بەرگری دادەنرێن. دەتوانین ئاماژە بە ڕاگەیەندراوی پێکێن ژمارە ٥ و دەستووری کاری ئاشتی و ئاسایشی ژنان و دامەزراندنی کۆمیسیۆنی تەحکیمیی سوڵح بکەین. کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ، یەکێکە لە گرنگترین پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە ڕوانگەی یاسایی لە بواری مافەکانی نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە کە هەندێک بڕگە و بەندی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لەکاتی شەڕدا تێدا جێگیر کراوە کە دەبێ مافی ئەو کەسانە بپارێزێت کە لە شەڕدا نین و خەڵکی سڤیلن. ئەم کۆنوانسیۆنە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی بەشێکی زۆر لە وڵاتان کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا لە شەڕدا بوون هاتووەتە ئاراوە، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن ڕێگری لە تووندوتیژی و جەنایەتی زیاتر دژ بە مرۆڤایەتی بگرن و بەها و کەرامەتی مرۆڤ جێگیر بکەن. پشتیوانیکردن لە مافە مرۆیییەکان بنەمای سەرەکیی ئەم کۆنوانسیۆن و پەیماننامەیەیە، سەرەڕای ئەو ڕێسا و یاسایانەی بەپێی پەیماننامە و کۆنوانسیۆنەکان داڕێژراون، نەبوونەتە هۆکاری پێشگرتن بە شەڕ و نەیانتوانیوە ژنان و خەڵکی سڤیل لە ئاگری شەڕ بپارێزن و مافەکانیان دەستەبەر بکەن، بەڵام لانیکەم توانیویەتی کەمێک لە ئاستی تووندوتیژییەکان بەرامبەر بە قوربانییەکان کەم بکاتەوە.

بنەما سەرەکییەکانی یاسای پاراستنی ژنان لەکاتی شەڕدا:
ژنان لەژێر سێبەری ئەم یاسایەدا پارێزراون و لەسەر بنەمای کۆنوانسیۆنەکانی ژێنێڤ، ژنانی سڤیل و غەیرە نیزامی دەبێ گیان و مافەکانیان لەکاتی شەڕدا پارێزراو بێ لە هەر چەشنە تووندوتیژی و ئازار و دەستدرێژییەک. ئەم یاسایە لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە:
الف/ پاراستنی ژنانی ئاسایی و سڤیل: واتا ئەو ژنانەی کە شەڕڤان، پێشمەرگە، گەریلا، سەرباز، پۆلیس یان ئەفسەری نیزامی نین و مافی بەشداریکردنیان لە شەڕدا نییە، نابێ بە هیچ جۆرێک بەدیل بگیرێن یان وەکوو قەڵغانی مرۆیی بەکار بهێنرێن.
ب/ ڕێگرییکردن لە تووندوتیژیی سێکسی: لەسەر ئەم بنەمایە، دەستدرێژیی سێکسی، کۆیلەی سێکسی، دووگیانکردنی زۆرەملێ و هەر چەشنە دەستدرێژییەک لەکاتی شەڕدا، بە جەنایەتی جەنگی ئەژمار دەکرێ بەرامبەر ژنانی غەیرە نیزامی.
ج/ پاراستنی مافی ژنانی دووگیان: لایەنەکانی شەڕکەر ئەرکدار دەکرێن بە پاراستنی ژنانی دووگیان و دایکانی منداڵی ساوایان هەیە، لە دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییەک و کەلوپەلی تەندروستی و خۆراکی پێویست بۆ منداڵ و دایکی دووگیان.
د/ ژنانی بەدیلگیراو: ئەگەر ژنێک بەفەرمی لەنێو هێزەکانی شەڕدا بێ و شەڕکەر بێ و لە ئاکامدا بەدیل گیرابێ، بەپێی کۆنوانسیۆنی سێیەمی ژێنێڤ، دەبێ مافی یەکسانی لەگەڵ دیلێکی پیاودا هەبێ و دەبێ لە شوێنی جیاوازدا ڕابگیرێت.

کەنێرە میهفەر