ئاسۆ ساعێدی
پێشەکی
شەپۆلی داڕمانی ئابووری، بێکاریی بەردەوام، داخورانی توانای کڕین و هەڵئاوسانی بێسنوور لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا ژمارە و ئاماری سەر کاغەزی ناو ناوەندە فەرمییەکان یان قەیرانێکی دارایی کاتی نین؛ بەڵکوو خەنجەرێکی ژەهراوین کە ڕاستەوخۆ و بێبەزەییانە لە دڵی تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە و خێزانەکان دەدرێن. لە سەروبەندی ئەم قەیرانە قورسەی ژیاندا، دیاردەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و بێدەنگانە ماڵەکان وێران دەکات، دیاردەی ناپاکی یان خەیانەتی هاوسەرییە.
لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، کاتێک سیستەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی هەموو دەرگاکانی ژیانێکی شەرەفمەندانە بە ڕووی هاووڵاتییاندا دادەخات، ناپاکی دەبێتە “پەناگەیەکی هەڵە” چارەسەرێکی وەهمی بۆ هەڵهاتنێکی کاتی لەو دۆزەخەی کە دەسەڵاتداران بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە.
ئەم پرۆسە مەترسیدارە، نەک تەنیا بەهۆی لادانی ئەخلاقیی بنەڕەتیی کۆمەڵگە، بەڵکوو وەک دەرئەنجامێکی دەروونیی سەپێنراو باڵ بەسەر خێزانەکاندا دەکشێت.
کۆماری ئیسلامی بە بەتاڵکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات لە پێناو سیاسەتە ئایدیۆلۆژی و وێرانکەرەکانیدا، بنەما مادییەکانی پاراستنی ئاسایشی خێزانی تێکداوە. کاتێک مرۆڤ لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییە مادییەکانی بێهیوا دەکرێت، بەرگرییە دەروونی و ئەخلاقییەکانیشی بەرەو داخورانی ڕەها دەچن. ناپاکی لەناو ئەم دۆزەخە ئابوورییەدا، زادەی فەنتازیایەکی خۆشگوزەرانی، تێربوونی ئارەزووەکان یان بڕیارێکی هەڕەمەکیی نییە؛ بەڵکوو ئەڵقەی کۆتایی زنجیرەیەکی تاقەتپڕووکێنی لەبەریەک هەڵوەشانی ڕووحی و کۆمەڵایەتییە. کاتێک سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لانی کەمەکانی بژێویی ژیانێکی شەرەفمەندانه لە هاووڵاتییان دەسێنێتەوە و گەنجان و هاوسەران ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەکات، یەکەمین نیشانەکانی داڕمان لە “سەرهەڵدانی ململانێ و ئاژاوەی بەردەوامی ناو ماڵ”دا ڕەنگ دەدەنەوە.
ئەم فشارە ئابوورییە پەیوەندیی هاوسەران دەکاتە سەنگەری گومان و تووڕەیی و هاوکات باری دەروونیی منداڵانیش دادەڕمێنێت.
کاتێک ژینگەی ماڵەوە لە پەناگەیەکی ئارامەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی شەڕ، ئەندامانی خێزان لە ڕووی دەروونییەوە تووشی شەلەل دەبن؛ لێرەشەوە پەنابردن بۆ ناپاکی دەبێتە کاردانەوەیەکی شێواو و هەڵهاتنێکی ئازاربەخش بۆ بەدەستهێنانی هێمنییەکی دەروونیی وەهمی.
ئەم پرۆسە مەترسیدارە بە چوار قۆناغی دەروونناسییەدا تێدەپەڕێت کە تاوانباری سەرەکییان ئایدۆلۆژیا و حکومڕانیی تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامییە:
1- ئاژاوەی ڕۆژانە و داڕمانی ئارامیی ناو ماڵ
لە ڕوانگەی دەروونناسیی خێزان و تیۆرییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە، ئاسایشی ئابووری بەستێنی سەرەکی دروستبوونی ئارامیی ڕۆحی و سەقامگیریی سۆزداریی هاوسەرانە. کاتێک سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی—لە تاڵانکردنی سەرمایەی نیشتمانییەوە تا دەگاتە سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بەهۆی سەرکێشییە سیاسییەکانییەوە—هەڵئاوسانی بێسنوور و بێکاریی ڕەها بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن، ماڵ لە شوێنی حەوانەوە و سۆزەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ململانێیەکی بەردەوام.
شیکاریی دەروونناسی: کاتێک توانای کڕین و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانە نامێنێت و داواکارییە بنەڕەتییەکان (نان، کرێی خانوو، دەرمان، تێچووی خوێندنی منداڵان و …) بێ وەڵام دەمێننەوە، هاوسەران تووشی تراومای “نادڵنیایی دارایی و فشاری دەروونیی درێژخایەنیی” دەبن. لەم دۆخەدا، کۆئەندامی دەماریی تاک هەمیشە لە باری ئامادەباشیی جەنگیدایە.
دەرئەنجام: لە کەشێکی وەهادا، گفتوگۆی ئاسایی و هاوسۆزانە جێگەی خۆی بۆ شەڕەقسە، تۆمەتبارکردنی یەکتری و توندوتیژیی زارەکی چۆڵ دەکات. باوکێک کە ناتوانێت کرێی خانوو بدات، یان دایکێک کە لە تێرکردنی سکی منداڵەکانیدا بێدەرەتان بووە، هێزی گوێگرتنیان نامێنێت. ئەم ئاژاوە بەردەوامە وزەی سۆزداریی هاوسەران بە تەواوی لەناو دەبات و فەزای ناو ماڵ بە دڵەڕاوکێ خنکێنەر پڕ دەکات.
2- تێکدانی باری دەروونیی منداڵان و داخورانی متمانەی هاوسەری
کەشی ئاڵۆز و پڕ لە ململانێی ناو ماڵ، تەنیا زەبر لە هاوسەران نادات، بەڵکوو کاریگەریی نەرێنیی قورس لەسەر پێکهاتەی دەروونیی منداڵانیش دادەنێت، کە بێدەرەتانترین قوربانیی ئەم قەیرانە دروستکراوەی دەسەلاتن.
منداڵان لەناو ئەم فەزا پڕ لە ئاژاوەیەدا، تووشی دڵەڕاوکێ و ترسی بەردەوام لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەبن. منداڵ بەهۆی تایبەتمەندیی تەمەنییەوە، جیهان لە دەوری خۆی دەبینێت؛ لەبەر ئەوە، لەناو دەمەقاڵێی بەردەوامی دایک و باوکیدا تووشی جۆرێک لە “هەستی تاوانباریی وەهمی” دەبێت. ئەوان لە ناخی خۆیاندا پێیان وایە کێشە، هەژاری و شەڕی دایک و باوکیان بەهۆی بوونی ئەوانەوەیە. ئەم هەستکردنە هەڵەیە بە تاوانباری، گەشەی عەقڵی، سۆزداری و ڕەفتارییان تووشی تراومای درێژخایەن دەکات و بنەماکانی باوەڕبەخۆبوونیان وێران دەکات.
داخورانی متمانەی هاوسەران: لە هەمان کاتدا، هاوسەران لەژێر فشاری هەمان ئاژاوەدا تووشی “دابڕانی سۆزداریی ڕەها” دەبن. کاتێک ڕێز، گوێگرتن و هاوسۆزی بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن لەناو ماڵدا نامێنێت، متمانە و وەفاداریش لەناودەچێت.
3- تێکچوونی هەرەمی پێداویستییەکان و داخورانی بەها ئەخلاقییەکان
کاتێک سیستەمی سیاسی، کۆمەڵگە بەرەو هەژاریی ڕەها دەبات، تەنیا باری ئابووریی خێزان تووشی داڕمان نابێت، بەڵکوو ژێرخانی بەها کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەکانیش دووچاری داخوران دەبن.
بەپێی تیۆریی هەرەمی پێداویستییەکانی ماسلۆ (Maslow’s Hierarchy of Needs) ، تا پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤ (وەک پێداویستییە فیسیۆلۆژییەکان: “خۆراک، ئاو، خەو؛ پێداویستییەکانی ئاسایش و سەلامەتی: “پاراستنی گیان، خێزان و دارایی) دابین نەکرێن، مرۆڤ ناچێتە سەر ئاستەکانی تری وەک پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان (خۆشەویستی و هاوڕێیەتی)، ڕێزگرتن لە خود و پێگەی کۆمەڵایەتی، تا بگاتە لووتکەی هەرەمەکە کە “خۆشکۆفتن یان بەدیهێنانی خود”ە (داهێنان و پەرەپێدان). لەبەر ئەوە، کاتێک مرۆڤ لە بنی هەرەمەکەدا کورت دەهێنێت، توانای پاراستن و ڕاگرتنی بەها ئەخلاقی و سۆزدارییە بەرزەکانی وەک “وەفاداری و فیداکاری”ی نامێنێت.
تاوانی ئاراستەکراوی دەسەڵات: کۆماری ئیسلامی بە برسییکردنی سیستەماتیکی خەڵک، تاکەکان ناچار دەکات هەمیشە لە نزمترین ئاستی بنکەی ئەم هەرەمەدا (ڕاکردن بەدوای پارووە نانێکدا) بمێننەوە. کاتێک تاکی کورد لەسەر سنوورەکان بۆ بژێویی ژیانی ناچار بە کۆڵبەری و بەخشینی گیانی دەکرێت، یان کەرامەتی بەهۆی هەژارییەوە دەڕووشێت، هۆشیاریی ئەخلاقی تووشی داخورانی توند دەبێت. لە دۆخێکی وەهادا، ڕاگرتنی پەیمانی هاوسەرییش دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە.
٤- ناپاکی؛ پەنابردن بۆ “پەناگەیەکی هەڵە” لە دۆزەخی ناو ماڵدا
کاتێک ماڵ بەهۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتەوە دەبێتە ناوەندێک بۆ ئاژاوەی بەردەوام، خەمۆکی و شڵەژانی دەروونیی منداڵان و هاوسەران، تاکی ئازارچەشتوو تووشی هەستکردن بە “مردنی دەروونی”، بێکەڵکی و بێهیواییی ڕەها دەکات.
لەم وێستگە کۆتاییەدا، پەنابردن بۆ پەیوەندییەکی نادروست لە دەرەوەی خێزان، نەک لەبەر خوشگوزەرانی، تێربوونی ئارەزووەکان یان هەوەس، بەڵکوو وەک “میکانیزمێکی ڕاکردنی نادروست” (Dysfunctional Escape Mechanism) سەرهەڵدەدات. ژن یان مێرد بۆ کاتژمێرێک دوورکەوتنەوە لە ململانێی ناو ماڵ، هەڵهاتن لە ترسی قەرزەکان و بەدەستهێنانی دڵنەوایییەک کە هەستی ئارامیی پێ ببەخشێت، پەنا دەباتە بەر ئەم پەناگە هەڵەیە.
دەرئەنجام: ئەمە پەناگەیەکی وەهمییە؛ چونکە نەک هەر ئازار و قەیرانە ئابوورییەکە سووک ناکات، بەڵکوو بارگرانییەکی دەروونیی نوێتر (هەستکردن بە تاوانباریی ناوەکی) دروست دەکات، ئاگری ناکۆکیی ناو ماڵەکە بەتەواوی خۆشتر دەکات و دۆزەخە دەروونییەکەی ناو خێزان قووڵتر و وێرانکەرتر دەکاتەوە.
ئەنجامگیری
دیاردەی ناپاکی و داڕمانی شیرازەی خێزان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا نەخۆشییەکی ڕەفتاریی تاڕادەیەک شەخسی یان گەندەڵیی ئەخلاقیی خودی کۆمەڵگە نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆ، زانستی و حەتمیی سیاسەتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی تاوانکارانەیە. کاتێک دەسەڵاتداری سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ئارامی، ئاسایش و بژێویی شەرەفمەندانه لە ماڵەکان دەسەنێتەوە و سەرچاوەکانی وڵات بۆ سەرکوتکاریی ناوخۆیی و گێرەشێوێنیی دەرەکی بەهەدەر دەدات، خێزان لە ناخەوە هەڵدەتەکێت.
بەرپرسی یەکەم و سەرەکیی سەرجەم ئەم تراژیدیا دەروونیی، خێزانی و کۆمەڵایەتییانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی ژن، پیاو و منداڵانی گرتووە، ئەو دەسەڵاتە سیاسییە سەرکوتکەرەیە کە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی کردووەتە دۆزەخێک و بنەماکانی تەندروستیی دەروونیی خێزانی و کۆمەڵایەتیی بە ئەنقەست وێران کردووە.



