لە سیمیناری «ژنانی تێکۆشەری ئێران بۆ ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ» کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی ژنانی تێکۆشەر، چالاکوانانی سیاسی و چاودێرانی مافی مرۆڤ و بە ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی مەسیحیی ئێران بەڕێوەچوو، کەژاڵ نەقشبەندی، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی خوێندەوە و تێیدا لەسەر ڕۆڵی بنەڕەتی ژنان لە خەبات بۆ ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە.
لەو سیمینارەدا کە لە هاوخەمی لەگەڵ ژنان و کچانی ئازای ئێران و پێشەنگانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بەڕێوەچوو، کەژاڵ نەقشبەندی ئاماژەی بە شوێن و پێگەی ژنان لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران کرد و وتی ژنان ئێستا تەنها بەشێک لە خەبات نین، بەڵکوو بوونەتە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی گۆڕانخواز بۆ تێپەڕین لە دەسەڵاتداریی ئیستبدادی. بە وتەی ئەو، ژنان لە شەقام و زانکۆوە تا زیندان، دوورخراوەیی، کۆچکردنی زۆرەملێ و سنگەری پێشمەرگە، نرخی قورسێکیان بۆ ئازادی و یەکسانی داوە.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوونی ئەم سیمینارەی بە هەوڵێک بۆ زیندوو ڕاگرتنی بیرەوەریی خەباتی ژنان، دروستکردنی پەیوەندی نێوان نەوەکان و بەهێزکردنی هاوپشتیی نێوان هێزە بەرگریکارەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری و کرامەتی مرۆڤ ناساند.
ئەو هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی ژنانی پەنابەر، دوورخراوە و کۆچبەری سیاسی کرد و وتی زۆربەی ئەوان بەهۆی بەرگری لە ئازادی، مافی ژنان، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە نەتەوەیی و سیاسییەکان، ناچار بوون وڵاتی خۆیان جێبهێڵن. بەڵام سەرەڕای هەموو سەختییەکانی ژیانی دوورخراوەیی، هەرگیز بێدەنگ نەبوون و هەمیشە دەنگی زیندانییە سیاسییەکان، سەرکوتکراوان و بیرکراوان بوون.
کەژاڵ نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باس لە بارودۆخی ژنانی کورد کرد و جەختی کردەوە کە ئەوان بە شێوەیەکی دووجارە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە؛ هەم وەک ژن و هەم وەک بەشێک لە نەتەوەیەک کە ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی جیاکارییە. ئەو ئاماژەی بە زەینەب جەلالیان، سۆما پوورمحەممەدی و وریشە مورادی و زارا محەممەدی کرد و ئەوانی بە بەشێک لە بیرەوەریی زیندووی خەباتی ژنانی کورد و هێمای خۆڕاگری ناساند.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها جەختی کردەوە کە بەبێ ئامادەبوون و بەشداریی یەکسانی ژنان، هیچ پڕۆژەیەکی دێموکراتیک لە ئێران ناگاتە ئازادیی ڕاستەقینە، چونکە کێشەی ژنان ئێستا بووەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و داهاتووی ئێران.
لە کۆتاییدا، ئەو ئەم سیمینارەی بە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ، نزیکبوونەوە و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هێز و ڕەوتە جیاوازە سیاسی و مەدەنییەکان ناساند و جەختی کردەوە کە هاوپشتی، ڕێزگرتنی دوولایەنە و بەرگریی هاوبەش لە کرامەتی مرۆڤ، بنەمای گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد، یەکسان، دێموکراتیک و بەدور لە هەر جۆرە جیاکاری، سەرکوت و لابردنێکە.



