کاتێک خاکی کوردستان لەنێوان چوار دەوڵەتی خوێنمژ و فاشیستدا دابەش کرا، زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان گەیشتە ڕادەیەک کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش و بەرخۆدان و دەستپێکردنی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کە ئامانجی سەرەکی لە پێکهێنانی بزووتنەوەکان، دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی بۆ گەلی کورد لە جوگرافیای جیهاندا بوو.ئاوڕدانەوە لە مێژوویی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و گەیشتن بە سەربەخۆیی دەرخەری ئەو ڕاستییە مێژووییەن کە کورد لە چوار پارچەی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەوڵی بۆ پێکهێنانی بزووتنەوە و حیزبی جۆراوجۆر داوە.
سەرهەڵدان و بزووتنەوەکانی کوردستان بریتین لە: ڕاپەڕینی سمکۆ خانی شکاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە حکوومەتی پاشایەتی و پاوان خواز و ناوەندگەرایی ڕەزا پەهلەوی، شێخ عۆبەیدوڵڵای نەهری دژی دەسەڵاتی قاجار و عوسمانی، کۆماری کوردستان و ۱۱مانگ دەسەڵاتداری کە وەک بەرگێکی زێڕین لە مێژوویی سیاسیی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێتەوە.
لە باشووری کوردستان شۆڕشی شێخ مەحموود بەرزەنجی دژی بریتانیاییەکان، شۆڕشی بارزانییەکان دژ بە دەسەڵاتی توندەڕەو و دیکتاتۆری سەدام حوسێن. لە باکوور بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران، ڕاپەڕینی سەید ڕەزای دێرسیم، کومیتەی خۆیبوون دژی ئایدۆلۆژیا و ڕێبازەکەی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک (کەماڵیزم،بەردی بنچینەی حیزبی خەڵکی تورکیا پێک دێنێت) کە هەر کامیان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری باشیان لە سەر بردنە پێشی پڕۆسەی نەتەوەسازی و ئازادی و هۆشیاریی نەتەوەیی کورد هەبوو.
بزووتنەوەکانی کوردستان یان سەرهەڵدانەکانی کوردستان دژی زوڵم و بێدادی زۆرن بەڵام ئەوەیی بۆ ئێمە جێگای باسە ئەوەیە کە هۆکاری بەئاکام نەگەیشتنی ئەم هەموو سەرهەڵدانە و بەرخۆدانە چی بوونە؟ وەکوو خەسارناسیک ئاوڕێک لە هۆکارەکانی بدەینەوە کە چیتر گەلی کورد لە مێژوویی سیاسیی خۆیدا دووپاتی نەکاتەوە، بەرۆکی خەونەکانی نەگرێتەوە.
دوژمنانی گەلی کورد لە مەیدانی نەبەرد لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کورد نەیانتوانی کورد بە چۆکدا بێنن کە هەر وەک ناپێلئۆن دەڵێ: “دەتوانی کوردێک بکوژی بەڵام ناتوانی بیبەزێنی”.
دوژمنان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیێک لە هەمبەر ئەم خاڵە بەهێزەی کورد هەوڵیان دا لەڕێگای خاڵە لاوازەکانەوە دارە بەرزەکان ببڕن و خەونەکانمان بەتاڵ بکەن
بۆ نموونە: سەردەمی کۆماری کوردستان دوژمنان بە کەڵک وەرگرتن لە خەیانت و خۆفرۆشیی سەرۆک عەشیرەتەکان زەبرێکی گەورەیان لە کۆمارە ساواکەمان دا کە پێشەوای نەمر لە وەسییەت نامەکەیدا ئاماژەی پێ دەکا و دەفەرمێ: ئەگەر سەرۆک عەشیرەتەکان ئێمەیان بەخۆڕایی بە دوژمنان نەفرۆشتبایە ڕەنگە ئێمە و ئێوە و کۆمارەکەمان وای بە سەر نەهاتبایە و تەنانەت لە پەندی پێشینییانی ئێمەدا هەیە کە دڵێ: “دار هۆرەی لە خۆ نەبێ ناقەڵشێ”.
یان کارەساتی 17ـی خەرمانانی ساڵی1397ی هەتاوی کە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات کرایە ئامانجی مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران و لەو کردەوە دڵتەزێنەدا دەیان پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەری تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون کە هۆکاری خەیانەت و خۆفرۆشی بە دوژمنان بوو لەلایەن دوو مۆرەی نێردراوی ڕێژیمەوە.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان نەبوونی یەکیەتیی فیکری و سیاسی لەنێوان بەدەنەی بزووتنەوەکان بووە،
مێژوو هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی بزووتنەوەکان بە نەبوونی یەکیەتیی فیکری و سیاسی ناو دەبا کە هەر وەک دوکتور قاسملوو کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کورد بە نەبوونی یەکیەتیی فیکری و سیاسی دەزانێ و بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە هەوڵ دەدا پێڕەوی نێوخۆی حیزب بنووسێ تا یەکیەتی و تەبایی درووست بکا کە تا ڕادەێکی باش ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ لەنێوان کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان جێگای بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی زۆر بەتاڵە کە ئامانجی سەرەکیی درووستکردنی کوردستانی گەورە بێ.
ــــ نەبوونی هێزی پشتیوانیی وڵاتانی دەرەوە
مێژوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە زلهێزەکان سیاسەتیان لە هەمبەر بزووتنەوەکانی کوردستان سیاسەتێکی چاوپۆشی و حاشاکردن (دەتوانین بڵێین سیاسەتێکی پشتیوانی بێدەنگی) لەهەمبەر جینایەتەکانی دوژمنان لە هەمبەر کورد بووە.
هیچکات بەرژەوەندیی خۆیان بۆ ئێمە و نەتەوەکەمان نەخستووەتە مەترسی ،هەموو کاتێک لە کورد وەک ئەمرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوندییەکانی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە و دوای ئەوەیکە کاریان پێمان تەواو بوو پشتی ئێمەیان بەرداوە. بۆ نموونە: شەڕی ڕۆژئاوا دژی داعش و دواتر خیانەتی ئەمریکا بە هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە، ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو مێژووە تاڵەن کە چۆن زلهێزەکان پشتی کوردیان بەردا و بەرژەوەندیی خۆیان لە چارەنووسی ئێمە خۆشتر ویست. چیاکانی کوردستان لە ڕابردووەوە هەتا ئێستا شوێنی حەوانەوەی شۆڕشگێڕانی کورد بووە و جگە لەم چیاگەلە هیچ شتێک پاڵپشتی نەبووە،بێهرووز بووچانی( نووسەری ناوداری کورد) دەڵێ: “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان واتا کوردەکان جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکیان نییە”.
ـــ زاڵبوونی هەستی ئایینی وئایینزاکان لەنێو خەڵکی کورددا بەسەر هەستی نەتەوایەتیدا.
هەر ئایین و بۆچوونێک بۆ ئێمە جێگای ڕێزە، ئایین شتێکی کەسییە بەڵام ئەوەی لە ئایین گرینگتر بێ کێشەی پرسی کوردە، کێشەی نەتەوایەتییە، ئێمە ئەگەر خاکێکمان نەبێ لەسەری دانیشین لە کوێ نوێژ بکەین. ئێمە کاتێک منداڵ بووین یەکەم وشەی سەر زارمان دایە و بابە بوو نەک بسم اللە، کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی ئایینی و فرە چەشنە پێکهاتەیەکە لە هەموو ئایین و بیروڕایەکی جیاواز، بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگای ئێمە بەداخەوە هەڵویست و زانیارییان سەبارەت بە ئایین و یاسای ئیسلامی زۆرترە تا پرسی کورد و کێشەی نەتەوەیی کورد بۆ نموونە تەواوی ڕۆژ ژمێرەکانی دنیای ئیسلامییان لە بەرە وەک(جەژنەکان و بۆنەکان) بەڵام نازانن ۲ـی ڕێبەندان چە ڕۆژێکە! یان نازانن کێین؟ و لە کوێی دونیا دەژین! یان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە ۱۰ـی خاکەلێوە نییە، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە
نموونەیەکی تر وەبیر دێنێتەوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کە میرنشینەکان دژی زوڵمی سوپای عوسمانی شەڕ دەکەن بەڵام لەم نێوانەدا مەلای خەتی فتوا دەدا کە نابێ سوپای میرنشینەکان لەگەڵ عوسمانییەکان شەڕ بکەن و هەر کەسێک شەڕ بکا تەڵاقی کەوتووە و دەبێتە کافر، ئەم کارە بووە هۆی سەرنەکەوتنی میرنشینی سۆران و مەلای خەتی مافی نەتەوەیی کوردی کردە قوربانی هەستی ئایینی.
دەبێ ئێمەی کوردیش فێر ببین وەک هەموو نەتەوەکانی سەر گۆی زەوی ئایین لە بەرژەوەندی نەتەوەکەماندا بەکار بێنین. وەک ئەو نەتەوانەی کە ئێستا خاوەن سەروەری خاکی خۆیانن. ئەو ڕۆژەی کە کورد فێر ببێ ئایین لە بەرژەوندیی نەتەوەکەیدا بەکار بهێنێ ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتنی گەلی کوردە.
ــــ خۆخۆری
یەکێکی تر لە خاڵە لاوازەکانی کورد خۆخۆرییە، لە میللەتانی دونیادا ئەگەر کەسێک لەنێویاندا هەڵکەوێت کە تایبەتمەندییەکانی ئینسانێکی سەرکەوتووی لێوە دیار بێ وەک شانس و دەرفەتێک چاوی لێ دەکەن نەک وەک مەترسی، بە هەموویانەوە هەوڵ دەدەن تا سەرکەوتوو بێت. بەڵام بەداخەوە نەتەوەی ئێمە بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تر بە خۆخۆری و حەسوودی بە یەک بردن دەبنە ڕێگر لە بەردەم ئەم کەسانە و کۆسپی گەورەیان بۆ دروست دەکەن بۆیە بێکەس لە شێعرێکی دا دەڵێ:
“کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم ورد و دروشتی شێت وشەیدای ئانەیە”
لە کۆتایی بابەتەکەمدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە مێژووی کورد پڕە لە خەبات و تێکۆشانی بێوچانی قارەمانانی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتۆرقاسملوو، دوکتۆرشەرەفکەندی، ئەمیرخانی برادۆست، سکمۆخانی شکاک، شێخ مەحموود بەرزەنجی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ عۆبەیدوڵڵای نەهری، سەید ڕەزای دێرسیم، ئێحسان نووری پاشا، فواد مستەفا سوڵتانی، سدێقی کەمانگەر، سولەیمان موعینی، مەلا ئاوارە، سمایل شەریفزادە، جەعفەر شەفیعی و…هتد کە هەر کامیان بەردێکیان خستە دیواری پڕۆسەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردەوە.
با نەهێڵین خوێنی شەهیدانی گەلەکەمان بە فیڕۆ بڕوا، مەبەستی من لە نووسینی ئەم بابەتە ناسینی خاڵە لاوازەکانی خۆمان بوو تا لەمەو بەدوا بنبڕیان کەین تا چیتر بەرۆکی خاونەکانمان نەگرنەوە، با ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی دونیا پرد درووست کەین نەک دیوار.