مەحبووبە ئیبتکار
لە سەرەتایی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە 45ساڵەی تەمەنی پڕ لە نەگریسی هەر چوارساڵ جارێک شانۆی هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە بوودجەیەکی زۆر تەرخان کراوە و هیچ سوودێکی بۆ خەڵک نەبووە و لە دوای زۆربەی ئەو هەڵبژاردنانەدا دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێناوە، چوونکە ئەو ڕژێمه هیچ کات گرینگی بە دەنگی خەڵک نەداوە و شتێکی فەرمایشی بوەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی و دوونیای دەرەوە، بۆ ئەوەی بە جیهانی بسەلمێنێ کە ئێران وڵاتێکی دێمۆکراتەو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێ.
لە دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان خەڵکێکی زۆر دەنگی ناڕەزایەتی بەرزدەکەنەوە و خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام لە لایەن ڕژیم و هێزە سەرکووتکەرەکانیەوە دەکەونە بەر هێرش و زەبروزەنگ و ئەشکەنجە تا زیندانیکردن و ئێعدام، بەو شێوەیە وڵامی داخوازیەکانی خەڵک دەدرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی زۆرجار لە لایەن کەسی یەکەمی ئەو رژێمە کە خامەنەییە لە دیسکۆرس گوفتمانەکانیدا باس لەوە دەکات کەخەڵکی ئێران تواناو لیهاتوویی ئەوەیان نییە بڕیار لە سەر دواڕۆژ و چارەنووسی خۆیان بدەن و لە دیاری کردنی سیاسەتی داهاتووی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگادا ڕوڵیان هەبێ، بۆیە پێیان وایە دەبێ لە لایەن وەلی فەقیهی و وەلی ئەمری خۆیان کە بە گووتەی خۆیان خامەنەییە چارەنووس و داهاتوویان دیاری بکرێ و ئەوکەسانەی کەئەوان بە شایستەی دەزانن بێنە سەرکار و پۆستە گرینگەکانی وڵات بەدەستەوە بگرن.
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە مێژە بەو باوڕە گەیشتووە کە کۆماری پەت وسێدارە، خەڵک بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی و ئابدەیت کردنەوەی خۆی لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نمایشی هێز و پۆتانسێلی خۆی بەکاردێنێ، وە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بهێننەوە کە لە سەداسەد مۆرەی ڕژێمن و هیچ شک وگوومانێکی لێیان نییە و تەنها لبیک بۆ رژیم دەڵێنەوە.
بە پێی دواین ڕاپرسی کە لە لایەن خودی ڕژیمەوە کراوە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی ئێران کە لە 11ی ڕەشەممەی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێ خەڵکێکی زۆر ناچنە سەر سەندووقەکانی دەنگ دان ئەمەش وایکردووە ترسێکی زۆر لە سەر دڵی کاربەدەستانی ڕژیم بنیشێ و بۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر شیوەیەک بۆی بکرێ خەڵک ناچاربکات بەشداری لەو شانۆی هەڵبژاردنەدا بکەن، بۆ ئەو مەرامەیشیان لە میکانیزمی جۆراوجۆری وەک ترس، تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە لەو کەسانەی کە لە ئیدارەکانی حکومەت کارمەندن .هەروەک هەموومان ئاگادارین باری ئابووری خەڵکیش زۆر خراپە و دراوی ئیرانی بەتەواوی لە جیهان بێ نرخ بووە و خەڵک لە ژێر هێلی هەژاری دا دەژین، ڕێژەی بێکاری چەندبەرابەری ساڵانی پێشوو زیادی کردوە، هۆگری وئاڵوودە بوون بە مادە هۆشبەرەکان لە لووتکەی خۆیدایە، ئەم دەردانەو هەزاران دەردی دیکە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە. ڕژیمیش هەموو ئەو نەهامەتیانە دەقۆزیەتەوە بۆ لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک و هەڵخەڵەتاندیان بە پارە و ماڵی دوونیا، هەر بەو میکانیزمەش دەیهەوێ خەڵک بێنێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ڕژیم تووشی پارادۆکس و سەرلێشێواوی بووە و کەوتۆتە پەراوێزەوە و لە دوونیای دەرەوەشدا بە ڕژیمێکی ئاژاوەگێڕ و کێشە خولقێن ناوی دەرکردووە.
ئەرک وڕۆڵی ئێمە وەک کوردانی دیاسپۆرا چییە؟
ئەرک و ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە کە بەرچاوڕوونی زیاتربدەین بەخەڵکی ڕۆژهەڵات و داوایان لێ بکەین بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و یەکگرتوویەکی بێ وێنە لە بەرابەر ویست و داخوازییەکانی ئەو ڕژیمە ڕاوستن و بە گووتنی نایەکی بەرز و قایم کە لە هەموو شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەنگ بداتەوە و ئیزن نەدەن چیدیکە داری تەمەنی بە خوێنی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا ئاوبدات وتەمەنی خۆی لەوە درێژتر بکاتەوە، هەر وەک چۆن لە ڕابردوو بەتایبەت دوای بزووتنەوەی ژن ژیان،ئازادی،بزووتنەوەی ژینا خۆڕاگرانەو بوێرانە لە بەرابەر زوڵم وستەمی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستابوون بەردەوام بن. چوونکە هەرچی زەمەن تێدەپەڕێ ئەو ڕژیمە لە ڕۆژی پێشووتری دیکتاتۆرتر و دڕندەتر دەبێ .
نابێ خەڵکی ڕۆژهەڵات پەنجە بخەنە ناو مەرەکەبێک کە لە خوێنی لاوەکانمان دروست کراوە، بە بەشداری نەکردنیان لەو هەڵبژاردنە دوو پەیامی گرینگ و دوو ئەرکی گرینگیان بەڕێوەبردووە یەکەم: سەلماندوویانە خاوەن ئیرادەی خۆیانن و هیچ بەربەست وئاڵنگاریەک ناتوانێ پێش بە خەباتی ڕەوایان بگرێ تاگەیشتن بە ئامانجەکەیان و دووەم: نەبوونی ڕەواییەت و شەرعیەتی ئەو ڕژیمە بۆ جارێکی دێکە لە جیهان وێنا دەکەن.