لەیلا قادری
کاتێک ‘ژن’ دەبێتە پێوانە بۆ ‘ژیان’ و ‘ئازادی’، ئیتر هیچ یاسایەک ناتوانێت ڕێگری لە هاتنی داهاتووی گەشی بکات. با پێکەوە سەیری ئەو میراتە بکەین کە لە دوای ٤٧ ساڵ، کوردستان و ئێرانی گەیاندووەتە لێواری گۆڕانکارییەکی مەزن.”
ژن لە چەقی ململانێی ئایدۆلۆژی و ئازادیدا
وەرچەرخانی چەمکی “ماف”بۆ “تەکلیف”
لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی رێژیمی ئاخوندی لە ساڵی ١٩٧٩ بە رێبەرایەتی خومەینی، سیستەمی سیاسی لە ئێران ناسنامەی ژنی لە “هاووڵاتییەکی خاوەن ماف”ەوە گۆڕی بۆ “تاکێکی پابەند بە ئەرک (تەکلیف)”.
ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی فکری نەبوو، بەڵکو کرایە بنەمای دامەزراندنی “ئاپارتایدی ڕەگەزی” کە تێیدا هەموو مافە سرووشتییەکانی ژنان مەرجدار کران و بوونە پاشکۆ و بەسترانەوە بە ڕەزامەندیی پیاوانەوە.
دوای مردنی خومەینی و بەدەسەڵات گەیشتنی خامنەیی سەردەمی تۆتالیتاریزمی یاسایی دەستی پێکرد.
واتە خامنەیی دەستووری دا و جیاکارییەکان لە دەقە یاساییەکاندا جێگیر کران.
لێرەدا سێ کوچکەی سەرەکیی ئەم ستەمە دەخەینەڕوو کە بریتین لە:
یەکەم؛ بێبەشکردنی ژن لە بەهای
مرۆیی (یاسای سزادان):
مادەی ٥٥٠: خوێنبایی (دیە)ی ژن نیوەی پیاوە. ئەمە ژن لە هاوکێشە بایۆلۆژی و ئابوورییەکاندا بە “نیوە مرۆڤ” ئەژمار دەکات.
مادەی ۳۸۲: جیاکارییەکی دژە مرۆیی؛ ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت، بۆ ئەوەی بکوژەکە سزا بدرێت (قیساس)، دەبێت بنەماڵەی ژنە کوژراوەکە نیوەی پارەی خوێنبایی بدەن بە بکوژەکە!
مادەی ۱۹۹: شایەدیی دوو ژن بەرامبەر شایەدیی یەک پیاوە، کە ئەمەش نادادییەکی زەق و دژە مرۆیی لە پرۆسەی دادوەریدا.
دووهەم: پاشکۆکردنی ژن لە خێزاندا (یاسای شارستانی)
مادەی ۱۱٠٥: سەرۆکایەتیی خێزان بە ڕەهایی دراوە بە پیاو، کە ئەمەش دەسەڵاتی یاسایی دەداتە پیاو بۆ ڕێگریکردن لە کارکردن، گەشتکردن و خوێندنی ژن.
مادەی ۱۱۳۳: مافی تەڵاقدانی یەکلایەنە و بێمەرج بۆ پیاوە، لە کاتێکدا ژن بۆ هەمان ماف دەبێت ساڵانێکی زۆر لە دادگاکان شەڕ بکات.
سێیەم: یاسای نوێی “حیجاب و عیفاف”( ۲٠۲٤ـ۲٠۲٦):
ئەم یاسایە کە لەم ساڵانەی دواییدا چڕتر کرابووەوە، سیستەمی کۆنترۆڵی لە “پۆلیسی ئەخلاق”ەوە گۆڕی بۆ “تۆقاندنی دیجیتاڵی” لە ڕێگەی بلۆککردنی حیسابی بانکی و بێبەشکردنی ژنان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
ژنی کورد: پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی ستەمی چەند رەهەندی؛
بۆ ژنێکی کورد، ستەمەکە سێ ڕەهەندییە (نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئابووری)
پەراوێزخستنی ئابووری: پارێزگاکانی کوردستان بەهۆی سیاسەتی پراوێزخستن و پەرەپێنەدانی سیستماتیکی حکوومییەوە، بەرزترین ڕێژەی بێکاریی ژنانیان تێدا تۆمار کراوە، ئەمەش وای کردووە لەم دواییاندا دیاردەی وەک کۆڵبەری ژنان سەرهەڵبدات.
خەباتی ناسنامەیی: ژنان لە کوردستان بڕبڕەپشتی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی بوون لە دژی “فارسیزەکردنی زۆرەملێ”.
دایکان لە ناو ماڵەکاندا لە ڕێگەی زمان، ئەدەبیاتی زارەکی و پاراستنی پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی کوردی، “قوتابخانەیەکی بەدیل”یان بۆ پاراستنی ناسنامە دروست کردووە.
توندوتیژی حکوومەتی: چالاکوانانی کورد (وەک زەینەب جەلالیان و پەخشان عەزیزی) ڕووبەڕووی قورسترین سزای سیاسی بوونەتەوە، چونکە سیستمەکە “ناسنامەی کوردبوون” و “ئازادیی ژن” بەیەکەوە وەک مەترسی دەبینێت.
شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”: وەرچەرخانێکی مێژوویی؛
ئەم دروشمە کە لە کوردستانەوە گەیشتە تاران و جیهان، فەلسەفەیەکی نوێی خەباتی خوڵقاند:
لە “قوربانی”یەوە بۆ “بزوێنەر”:
ژنانی کورد لەم شۆڕشەدا سەلماندیان کە ئیتر تەنها داوای چاککردنی یاسا ناکەن، بەڵکو داوای گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمێک دەکەن کە لەسەر بنەمای جیاکاری دامەزراوە.
کۆتاییهاتنی سەردەمی خامنەیی کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەکرێ بوترێ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمێکە کە میراتێکی پڕ لە قەیرانی لە هەناوی دایە، بەو جیاوازییەی کە ژنان بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکارین.
سەرجەم ئەو یاسایانەی لە سەردەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خومەینی و دواتر لە ماوەی ٣٧ ساڵی حوکمڕانی خامنەیی کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ژنان داڕێژراون (وەک ماددەکانی ٥٥٠ و ٣٨٢)، دیوارەکانی دادڕمێن و لە دوای خامنەیی و کۆماری ئیسلامی وەک پەڵەیەکی ڕەشتر لەهەمبەر پرسی ژنان لە کارنامەی رەشی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار دەکرین.
کوردستان وەک مۆدێلی بەدیل:
لە قۆناغی گواستنەوەدا، ئەو هۆشیارییەی لە کوردستان لە ڕێگەی “خەباتی شوناس و ڕەگەزییەوە” گەشەی کردووە، دەبێتە مۆدێلێکی سیاسی بۆ تەواوی ئێران. ئەزموونی ژنانی کورد لە ڕێکخستنی مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەدا، دەبێتە بنەمایەک بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ کە لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەها بێت.
گەورەترین ئاڵێنگاری لە دوای خامنەیی و کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی شکۆیە بۆ چەمکی “هاووڵاتیبوون”.
ژنان کە بۆ چەندین دەیە لە ژێر ناوی “تەکلیفی ئایینی” مافەکانیان لێ زەوت کرابوو، لە داهاتوودا ڕێگە بە هیچ جۆرە سیستمێک نادەن کە جارێکی تر “جەستە و پۆشاک” بکاتە کەرەستەی سیاسی.
ئەوەی ڕوونە سیستەمی “ویلایەتی فەقیهـ” لە دوای خامنەیی، میراتێکی وێرانی لە دوای خۆی جێهێشتووە، بەڵام لە ناو ئەو وێرانەیەدا، بزووتنەوەیەکی ژنان سەری هەڵداوە کە خاوەنی “زمانێکی یاسایی، ئیرادەیەکی سیاسی و هۆشیارییەکی نەتەوەییە”. کۆتایی ئەم سەردەمە، سەرەتای قۆناغێکە کە تێیدا “ژن، ژیان، ئازادی” لە دروشمەوە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرن.




