ژیان محەممەدی
٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی خەبات و تێکۆشانی ژنانە و ئەم ڕۆژەش لەسەر بنەمای خەبات و قوربانیدانی ژنانی ئامریکا لەسەر مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، دیاری کراوە. مێژووی ئەم ڕۆژە زۆری لەسەر نووسراوە و وتراوە، بەڵام لێرەشدا ئاماژەیەکی کورتی پێ دەکەینەوە. دیاریکردنی ئەم ڕۆژە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ خەبات و قوربانیدانی ژنانی شاری نیویۆرکی ئامریکا، لە ساڵی ۱۸٥۸ی ز. کە ژنان لە کارگەی ڕستن و چنین بەهۆی کەمیی حەقدەست و زۆری کاتی کار و هەڵاواردنی ڕەگەزی، دەستیان کرد بە مانگرتن و لە وەڵامی داخوازییەکانیاندا ڕووبەڕووی سەرکوتی دڕندانەی پۆلیس و بەندکردن و ئەشکەنجە بوونەوە. بیرەوەریی ئەم مانگرتنە لە مێشک و بیرگەی ژنانی ئەمریکادا مایەوە و دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە و لە ساڵی ۱۹۰۸ ز. ژنان جارێکی دیکە، لە ساڵیادی ئەو مانگرتنە بۆ بەدییهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان بە دژی هەڵاواردن، دیسان دەستیان کردەوە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. بەڵام خاوەنی کارگەکە بۆ سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتییانە ژنانیان زیندانی کرد و ئاگریان لە کارگەکە بەردا، تەنیا ڕێژەیەکی کەم لەو ژنانە ڕزگاریان بوو و ۱۲۹ کەسیان لێ کوژرا.
یەکەم جار پێشنیاری ناساندنی ۸ی مارس وەک پێشنیاری ڕۆژی جیهانیی ژنان لە ساڵی ۱۹۱۱ لەلایەن کلارا زتکین، ئەندامی ژنانی سۆسیالیستی ئاڵمان کرا و دوایی لە ساڵی ١٩٤٥ ز. ئەم ڕۆژە بۆ ڕێزگرتن لە تێکڕای ژنان و مافە ڕەواکانیان، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژنان دەستنیشان کرا و بەفەرمی پەسەند کرا.
٨ی مارس ڕۆژێکە كە بووە بە رەمزی خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی و نەهێشتنی چەوسانەوە بەهۆی سیستەمی پیاوسالارییەوە کەبە سەریاندا داسەپاوە. لەو ڕۆژەدا رێز لە ڕۆڵی ژنانی چالاک و تێکۆشەر و خەباتگێڕ لە دژی چەوسانەوە و ژێرپێنانی مافەکانیان دەگیرێت. ئەگەر چاو لە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و … لە ئاستی جیهانی و نێونەتەوەیی بکەین، بێگومان جیهانی پێشکەوتوو و ئازاد هەلومەرجێکی لەباری خوڵقاندووە کە بەشێک لە ژنانی جیهان بە مافەکانیان شاد بن و چەوسانەوەی ڕەگەزی تا ئاستێکی بەرچاو لەسەریان بڕەوێتەوە و دێموکراسی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و پێکهاتنی دەرفەتێکی یەکسان بۆ ژنان کاریگەریی زۆریان لەو پێوەندییەدا بەجێ هێشتووە
و ژنانی کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکان تا ئاستێکی باش و جێگیر کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە و ڕۆڵی گرینگ لەنێو کۆمەڵدا دەگێڕن.
بەڵام ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێهەم، بەتایبەت ئێران و عێراق و سووریە و تورکیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئێستاشی لەگەڵ بێت هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کلتووری لە لووتکەدایە و تەنانەت وەک ڕێژیمگەلێکی کۆنەپەرستانە کۆمەڵگەیان ملەکەچی ویستەکانی خۆیان کردووە و گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تەنگیان به ژیانی خەڵک هەڵچنیوه و دۆخێکی و شێواو ئاڵۆز سەرریانی گرتووەتەوە و هەموو بنەما و بەهاکانی ژیان لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتبەدەستەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و ماف و بەرژەوەندی چین و تەیفە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان لەبەرچاو ناگیردرێت و هەوڵی سەپاندنی یەکجاری هێژموونیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەدەن، کە بێگومان قۆربانیی سەرەکییش ژنان و بەتایبەت ژنانی نەتەوەکەمان یانێ نەتەوەی کوردن.
بەڵام ئەوه بەو مانا نیه که ئیتر ژنانی نەتەوەکەمان بێ هەڵویست و بێدەنگن بەپێچەوانه زۆریش چالاکن و شێلگیرن لەسەر مافەکانیان.
پرسیار ئەوەیە کە، ئەگەر ژنان لەو ڕۆژەدا ١٢٩ قوربانیان دا، ئەی ژنانی کورد لە مێژوو و ڕابردوو و ئێستایش چەند هەزار قوربانیان داوە؟
ژنانی کورد بەدرێژایی مێژوو وەک نیوەی کۆمەڵ شانبەشانی پیاوانی کورد ماندووی سەرەکی رێگای ئازادای کوردستان بوون و ئەم تێکۆشانه هەتا ئێستایش هەر بەردەوامه و جگە لەوی که تێدەکوشن بۆ مافی ڕەوای خۆیان هەوڵ بو بەرگری له خاک و نیشتمانیان دەدن و لەو بوارەیشدا هەموو کات هاو هەنگاو بوون. لە قۆناغە جۆربەجۆرەکانی خەباتی نەتەوەکەیان و بەردوام بوون و هیچ سەختییەک نەیتوانیەوە لە ئامانجەکانیان پاشگەزیان بکاتەوە.
نوێترین نموونەی تێکۆشان و قوربانی دان و پێشەنگایەتی ژنانی قارەمانی نەتەوەکەمان بزووتنەوەی ژینا بوو که به هەموو جێهانیان سەلماند که ژنی کورد هیچ کات مل کەچی زوڵم و زۆرداری نابێت و تا گەییشتن بە مافەکانی خۆی و نەتەوەی واز له خەبات و تێکۆشان ناهێنێت. بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویشدا هەر بەردەوام دەبن و قوربانیی زیاتریش دەدەن لە پێناو مافە سێنفی و نەتەوەیییەکانیان.
کوردستان وەک بەشێک لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوکات نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی گەوره و سەرەکی و بندەست لەناوچەکەدا لەلایەن داگیرکەرانەوە دەچەوسێنرێتەوە و ژنانی کوردستانیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان بە چەندین شێوازی جیاواز تووشی هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەبن، واتە جارێک لەلایەن ڕێژیمە داگیراکەرە دواکەوتووەکانەوە، جارێکیش لەلایەن سیستەمی پیاوسالاری و جارێکیش بە دەست کۆنەپەرەستی و دابونەریتی دژەژنەوە.
بەڵام هیچکام لەمانه نەبووەته بەربەست بۆ ئەوێ ژنی کورد مافەکانی خۆی و نەتەوەکەی لەبیری بچێت و هەوڵیان بۆ نەدات.
لە کۆتاییدا لەبیرمان نەچێت که هەموو ئەو قارەمانانەی که بەدرێژایی مێژوو، نەتەوەکەمان پێشکەشی بارەگای ئازادی کردووه له ئامێزی ژنان و دایکانی دڵسۆز و قارەمانی نەتەوەکەمان پەروەردە بوون.