جیهان بێتوشی
ئایا ٨ مارس تەنها ڕۆژێکە بۆ یادگاری؟ ئایا ژنان لە چ بوارێکدا مافەکانیان پێشێل کراوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟
هەشتی مارس تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادگاری، بەڵکوو هانایەکی بەردەوامە بۆ بیرهێنانەوەی تێکۆشانی ژنان بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان لەم ڕۆژەدا. پێویستە نیگایەکی ڕاستەقینە بکەینە سەر دۆخی ژنان و دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەیەک کە ژنان هەموو کات لە نێوان دوو ئاگری چەکداری نەتەوەیی و زوڵمی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئێراندا خۆیان دەبینن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان لەژێر گوشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا ژیان دەکەن هەر لە کۆنەوە تا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تا ئەمڕۆ کە ئەم وتارە بڵاو دەبێتەوە، ژنان لە بەرەنگاربوونەوەدان دژی پێشێلکردنی مافەکانیان.
ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز چاوەڕوانی مافەکانیان نەکردووە، هەمیشە بۆیان تێکۆشاون و هەوڵیان بۆ داوە لە دوای ساڵی ١٩٧٩ەوە کە یەکەم فەرمانی دژبەری بەسەر ژناندا درا، لەسەر پۆشینی زۆرەملێ (حیجابی ئیجباری) و کارکردنیان بە شێوەی سنووردار، ژنان دژی ئەو بڕیارانە دەنگیان بەرز کردەوە و ئەو دەنگە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ نەتوانراوە کپ بکرێت و بە شێوەی جیاجیا وەک بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەردەوام بوون لە وەرگرتن و شەڕکردن بۆ مافەکانیان. ئەمڕۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر زوڵمی چەند لایەنەدا دەژین.
لە بواری ئابووریدا
هەزاران ژن لە چینی کارگێڕیدا بە مووچەیەکی کەم و بەبێ پاراستنی یاسایی کار دەکەن، بەشێکی زۆری ئەو ژنانە کە هاوسەرەکانیان لە کۆڵبەریدا شەهید کراون یان دەستبەسەر کراون لە زیندانەکانی ڕژێمدا، بە تەنیا ئیدارەی ماڵ و منداڵیان دەکەن و جارجارە پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن لەسەر سنوورەکان، یان بە کارکردن بە دەستکەوتێکی کەم بۆ خەڵکانی دەستڕۆیشتوو.
لە بواری خوێندندا
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر ئەو دۆخە قورسەی بۆ ژنان دروست دەکرێت، کچان ناتوانن بە ئاسانی خوێندن تەواو بکەن و بچنە زانکۆ هەم لە ڕووی خێزانی و هەم لە ڕووی دەوڵەتدارییەوە ڕێگرییەکی زۆر هەیە لە تەواوکردنی خوێندن لەبەردەم کچاندا، هەروەها زۆربەی کات ڕێگری لە ژنان دەکرێت لە بازاڕی کاردا کە ئەوانەش یەکێن لە هەرە مافە سەرەتاییەکانی کچان و ژنان کە پێشێلدەکرێن .
لە بواری مافە مەدەنیەکاندا
بە زۆرەملێ بەشوودانی کچان لە تەمەنی ١٣ ساڵی و یاسای میرات کە ژنان بە نیوەی پیاوان دادەنرێت، ڕێگریکرن لە هەڵبژاردنی ژیانێکی سەربەستان و کارکردن و هەموو ئەوانە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانن لە بوارە مەدەنییەکاندا.
بۆیە ئەوەی جێگای سەرنج و تێفکرینە ئەوەیە کە سەرباری هەموو ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە زۆرەی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام دیمان کە ژنان لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا کاتێک ژینا ئەمینی شەهید کرا، جیهان شاهیدی ئەوە بوو کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری شۆڕشێکیان بەرپا کرد کە دواتر هەموو ئێرانی گرتەوەو تا ئەمڕۆ ئەم شۆڕشە هەر نوێیە و تەنانەت میدیا جیهانییەکانیش باسیان لەو بزوتنەوەیە دەکردو ببوە سەردێری هەواڵەکانیان . سێ وشەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستنووسی ژنانی کوردن، هەر ئەو ژنانەی کە ساڵانێکی زۆرە بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن.
پیرۆزبێت ٨ مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان




