نارین ڕەسول نەژاد
ئایا دەتوانین بڵێین کورد نەتەوەیە؟
نەتەوە خەڵکێکن کە لە ڕەوتی میژوودا پەیدا بوون واتە کۆمەڵە خەڵکێک دەبنە نەتەوە کە زمانی هاوبەش خاکی هاوبەش و ژیانی ئابووریی هاوبەشیان هەبێ. ئایا کورد خاوەنی ئەو شتانەیە؟ ئەگەر بگەڕینەوە بۆ مێژوو دەبینین کە کورد خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە و هەر لە سەرتاوە هەوڵی داوە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی کورد لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینەوە بە کۆمەڵە خەڵکێک کە خاوەن مێژوویە ناسراوە.
ئێستا ئەوشتانەی چین کورد دەکەنە نەتەوەیەکی سەربەخۆ؟ گرینگترینیان زمانە، کورد دبێ خاوەن زمانی هاوبەش بێت، هەتا ئێستا زمانێکی ئەدەبی یەکگرتوو بۆ کورد پێکنەهاتووە بەڵام ئەمە هۆی ئەوە نییە کە زمانی کوردی پێش نەکەوتوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی زمانی ئەدەبی یەکگرتوو ئەویە نووسینێکی یەکگرتوومان نەبووە. کوردی بە پیتی عەرەبی و لاتینی و ڕووسی دەنووسرێ لەبەر ئەوەی کورد لەنێوان چەند وڵاتدا دابەش کراوە و لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی قەدەغە بووە. و دەتوانین بڵێین نەتەوەی کورد زمانی هاوبەشی هەیە، زمان یەکێک لەو شتانەیە نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە.
کورد خاوەنی خاکی هاوبەشە، چونکە لە ڕۆژگارێکی زۆر کۆنەوە کوردستان بە خاکی کورد ناسراوە بەڵام بەداخەوە کوردستان بەهۆی سنوورە سیاسییەکانەوە لەنێو چەند وڵاتدا دابەش کراوە بەڵام هیچ لە ڕاستیەکان ناگۆڕێ. لە ڕۆی جوغرافیایەوە “د.عەبدوالڕەحمان قاسملوو: سنووری کوردستان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لووتکەی ئارارات بە هێڵێکی ڕاست دەست پێدەکات بەرەو باشوور بۆ بەشی باشووری چیاکانی زاگرۆس و ڕاست دێتە خوارێ؛ لەوێوە هێڵێکی ڕاست بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەکێشین و هەتا دەگاتە شاری مووسڵ لە عێراق و لەوێوە خەتێکی ڕاست بۆ لای ڕۆژئاوا کە لە مووسڵەوە دەگاتە بەشی تورک نشینی ویلایەتی ئەسکەندەروون و لەو خاڵەوە هێڵێک بۆ لای باکووری ڕۆژهەڵات ڕادەکێشێ تا دەگاتە ئەرزەڕووم لە تورکیا؛ پاشان لە ئەرزەڕوومەوە هێڵێک بەرە و ڕۆژهەڵات دێ تا دەگاتەوە لوتکەی ئارارات” [١]
کەواتە دەتوانین بڵێین کورد خاوەن خاکی هاوبەشە بەڵام هۆیەکی تر ژیانی ئابووری هاوبەشە کە ناتوانین بڵێین لەنێو کوردەکان نییە بەڵکو لە هێندێک جێگا بەهێزە و لە هێندێکی تر لاوازە، هۆی لاواز بوونی دەگەرێتەوە بۆ سەر ئەوەی کوردستان لەت لەت کراوە بۆ نموونە کوردستانی ڕۆژهەڵات کراوەتە سێ بەش: بەشی شیمال (پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) ناو دەبرێ، بەشی نێوەڕاست پێی دەڵێن (پارێزگای کوردستان) و بەشی جنوبی کە بە (پارێزگای کرماشان) و (پارێزگای ئیلام) دەناسرێ. هەموو ئەوانە دەبنە هۆی لاواز بوونی ژیانی ئابووری کوردەکان، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە پێوەندیی سەرمایەداری پێشکەوتووە بە تایبەت لە نێوان کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات ئەم کێشیە نەتەنیا بۆ کوردە بەڵکوو بۆ هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کوردیش وایە (وەک فارس، تورک و عەرەب و ئازەربایجانی) بۆیە ئەوە نابێت بە کۆسپ بۆ ئەوەی لەدواڕۆژدا ببین بە نەتەوەی سوسیالیستیی سەربەخۆ.
(د. عەبدوالڕەحمان قاسملوو دەڵێ: هێچ شەرتێکی پێویستی نەتەوەبوون نییە لە نەتەوەی کورددا نەبی، بۆیە دەتوانین هەروەک باسی نەتەوەکانی تر دەکەین باسی نەتەوەی کوردیش بکەین، چونکە سێ هۆی گرینگ و بنەڕەتیی بوونی نەتەوە کە بریتیین لە: زمانی هاوبەش، خاکی هاوبەش و خووڕەوشتی هاوبەش بە تەواوی لە کورددا هەن و ژیانی ئابووریی هاوبەشیش زۆر وەخت بە شەرتێکی گرینگی نەتەوە داناندرێ). [٢]
لە کوتایی دا دەتوانین کوردیش وەک یەکێک لە نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێین کە ئێستا بە قوناغی پێگەیشتنی نەتەوایەتی دا تێدەپەڕێ.
سەرچاوەکان:
[١] د. عەبدوالڕەحمان قاسملوو لە نامەی دکتۆراکەیدا لە ساڵی ١٩٦٥
[٢] د.قاسملوو لە کتێبی (قاسملوو ئاوێنەیەک لە هزری بەرهەتاو ) لە لاپەرەی٣٤٢
“کوردستان و کورد”




