شنۆ مێهرپەروەر
ژینای شەهید و شۆڕشە مەزنەکەی لە سێهەمین ساڵوەگەڕیدایە و پێویستە هەڵوێستەیەک لە سەر ئەم شۆڕشە و پرسی ژنان بکەین و هەوڵ بدرێ وانە لەم شۆڕشە مەزنە جەماوەرییە وەربگرین.
لەپاش شەهیدبوونی ژینا، پرسی ژن و پێگەی ژن لەکۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی کوردستان چووە قۆناخێکی نوێوە. بەرەو پێشچوونێک لە پرسی ژنان و داخوازییەکانی هەست پێدەکرێ کە گەڕانەوەی هەرگیز مەحاڵە. تێگەیشتن و روانینی کۆمەڵگە بەرانبەر بەپرسی ژنان گۆڕانێکی قووڵی بەخۆوە بینیوە و شۆڕشی ژینا هەوێنی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە. هەرچەند هێشتا پرسی ژنان لەکوردستان لەئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە، بەڵام لەرەوتی شۆڕشی ژینادا هەنگاوەکان زۆر خێراتر و جیددیتر بوون و چاوەڕوان دەکرێ بەهەمان نەفەس و گڕووتینەوە بەرەو پێش بچێ. پرسی ژنان پرسێکی گشتییە کە پێوەندیی بە تاک تاکی کۆمەڵگەوە هەیە. حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان دەتوانن رۆڵی باشیان لە تیشکخستنەسەر کەموکۆڕییەکان و دەستنشانکردنی چارەسەرییەکان هەبێ، بەڵام نابێ پرسی ژنان بەحیزبی بکرێ. ژنان سەڕەرای هەموو جیاوازییە حیزبی و فیکرییەکان دەتوانن پێکەوە هەنگاو بۆ نەهێشتن و لابردنی ئەو کۆت و بەند و بەربەستانە هەڵبگرن کە لەدەست و پێیان ئاڵاوە. شۆڕشی ژینا زۆر پەیامی روون و گرینگی تێدا بوو کە ژنان توانییان و دەتوانن ببنە هەوێن و بزوێنەری بزووتنەوەیەکی بەهێزتری ژنان و، سەلماندیان کە پاڵنەرێکی بەهێزبوون دژی کۆنەپەرستترین رژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆیە ئەم شۆڕشە ئیرادە و بڕوابەخۆبوونێکی وای بە ژنان بەخشی کە بەڵێ ئێمە دەتوانین هۆکاری گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتی بین لە کۆمەڵگەدا و هەروەها دەتوانین کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر بە بێ جیاوازیی نێوان تاکەکان بونیاد بنێین. دروشمی #ژن_ژیان_ئازادی وەک چەترێک هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، حیزب، رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی لەدەور یەک کۆکردەوە و یەکهەڵوێستییەکی کەم وێنەی پێکهێنا کە لەمێژووی کورددا وێنەییمان نەدیبوو. بۆیە لە بەرەبەری یادی سێ ساڵەی ئەم شۆڕشە مەزنەدا، پێویستە حیزبە سیاسییەکان زیاتر لە جاران لە بەرنامە سیاسییەکانیاندا بایەخ بە پرسی ژنان بدەن و بەکردەوە بەها بە پێگەی ژنان لە ریزەکانیاندا بدەن. بەڵام راستییەکی حاشاهەڵنەگرە هەتا نەتەوەی کورد نەبێتە خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، ژنان ناتوانن بە مافی راستەقینە خۆیان بگەن، لەم رەوتەدا ئەرکی ژنان گەلێک قورس و دژوارترە، چونکە هەم خەباتی نەتەوەیی و هەم رەگەزی لە پێشە!
بەڵام شۆڕشی ژینا ئەوەی سەلماند کە ژنان دەتوانن ئەم ئەرکە قورس و دژوارە بەسەرکەوتووییەوە راپەڕێنن و پێشەنگایەتیی خۆیان بسەلمێنن.بەڵام ئەوەش خاڵێکی زۆر گرینگە کە لە سایەی ئەم رژیمە ئیدئۆلۆژیکە و لەژێر رۆشنایی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پیاوان بە ئاسانی دەستیان دەچێتە خوێنی هاوسەر، خوشک، کچ و دایکی خۆیان و دەیانکوژن، چونکە توندوتیژیی خێزانی بە شێوەی فەرمی وەک تاوان لەقەڵەم نادرێ. لە لایەک ئەمە رێگەی بۆ پیاوان خۆشکردووە کە رووبەرووی کەمترین سزا ببنەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە ژنانیش، بەهۆی نەبوونی پاڵشتی و پاراستنی یاسایی، ناچارن زۆرجار بێدەنگی هەڵبژێرن و شان بدەنە بەر ئەو زوڵم، تاوان و دەستدرێژیانە.
پرسی ژنکوشتن لە کوردستان کە هۆکاری زۆری وەک قەیرانە سیاسی، یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەپشتە، بەستراوە بە کێشەی تاکەوە نییە، بەڵکو وەک ئاماژەم پێکرد بە شێوەیەکی ڕوون پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو بارودۆخەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ماکە و خولقێنەری سەرەکییەتی.
ئێستە لە بەرەبەری یادی شۆڕشی #ژن_ژیان_ئازادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خراپترین و دژوارترین بارودۆخدایە، نارەزایەتییەکان، دژواری و بێدەرەتانی خەڵک لە باری ئابوورییەوە، وشکەساڵی، برسيێەتی، بێ ئاویی، بێ برقی و فشارە رۆحییەکان چ لە نێوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیش لە لووتکەدایە. ڕێژیم لە ژێر باری شەری دوازدە رۆژەی لە گەڵ ئیسرائیل پشتی شکاوە، وادیارە خۆی بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە دەکات و ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ناوخۆ و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە لە خراپترین بارودۆخدایە و زراوی لە هەڵگیرسانی سەرلەنوێی ناڕەزایەتی، نائارامییەکان و ڕژانی دووبارەی خەڵکە بۆ سەر شەقامەکان چوە، کە ئەمجارە دەتوانێ کۆتایی هەموو شتێ بێ. ڕێژیم باشتر لە هەمووان دەزانن نە توانایان هەیە و نە بەرگەی شەڕێکی دیکەش دەگرن و بەتایبەتی تر توانای بەرگری و وەستانەوەی بەرامبەر ئیرادەی گەلانی ئێرانی نییە. رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران پەلەقاژەی پێش مەرگیەتی و دوایین هەناسەکانی هەڵدەمژێ.




