دایکی مێلینا
لە هەر شوێنی باسی ژن دێت یەکەم شت بە مێشکی هەر مرۆڤێک دەگا ئەویە کە تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە، ژن جوانترین وشەی ئافراندن و کاریگەرترین هۆکاری پەروەردەی نەوەی داهاتوو، پارێزەری سەڵامەتی ڕۆحی، دەروونی و جەستەیی منداڵ و کۆمەڵگەیە. بەداخەوە لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی، بیرکردنەوەی نەریتی، و سیاسەتە پیاوسالارییەکان، ژنان تووشی زۆرێک لە سنووردارکردن و بێبەشبوون لە بوارەکانی پەروەردە، خوێندن، کار، سیاسەت، ئازادی پۆشاک و بەتایبەت ئازادی تاکەکەسی دەبنەوە. زۆرێک لەو سنووردارکردنە ئایینییانە لەو لێکدانەوانەوە دێن کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن یاسا پیاوسالارییەکانەوە ئەنجام دراون. بە دامەزراندنی ئەم بیرکردنەوەیەی کە شوێنی ژن لە کۆمەڵگەدا وەک «ناموسی» پیاو وای لێکردوون کە وەک کۆیلە و ژێردەستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. کوشتنی ناموسی و سنووردارکردنەکانی وەک هاوسەرگیری زۆرەملێ، بێبەشبوون لە مافی جیابوونەوە و سەرپەرستی منداڵ، تەنیا وەک ئامرازێک بۆ زاوزێکردن سەیر دەکرێن. ئەوان قوربانی دەستدرێژیکەرانن کە هیچ یاسایەکی توند و جددییان بۆ دانەنراوە، لە کاتێکدا هەر ژنێک وەک مرۆڤێک دەبێت بتوانێت بەبێ هیچ ڕێگرییەک دەستی بە دامەزراوە و دادگاکانی مافی مرۆڤ بگات، چونکە کەرامەتی هەر ژنێک بناغە و بنەمای دادپەروەری و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە و یاسا سزایان دەدات دادپەروەرانە بن و بێ جیاکاری ڕەگەزی هەڵسووکەوت بکەن. هەروەها لاوازی یاسا لە پێناو سەرخستنی ژنان لە بوارەکانی سیاسەت، یاسادانان، جێبەجێکردن و چاودێری، وادەکات کەمتر ژنان خۆیان لەو بوارانە بدەن. لە بەرامبەر خراپ مامەڵەکردن و هەڵسوکەوتی توندوتیژ لە ژینگەی کاردا ئەو ژنانەی کە دەچنە نێو بواری سیاسەتەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە، ئازاردان و توندوتیژی دەبنەوە. ڕێگریی کردن لە ژنان بۆ دەرچوون لە ماڵەوە و سنووردارکردنیان لە ماڵەوە، بۆ ئەوەیە کە لاوازتر و وابەستەتر دەربکەون. ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە کار دەکەن وەک بەخێوکردنی منداڵ، خواردن دروستکردن، پاککردنەوە، چاودێریکردنی بەساڵاچووان و هتد هەرچەندە مووچە وەرناگرن، بەڵام کارێکی زۆر گرینگ و بەهادارانە ئەنجام دەدەن کە نیشان دەدات ژن پایەی سەرەکی خێزانە کە بە خۆشەویستی و میهرەبانی و خۆبەختکردن ماڵ ڕووناک دەکاتەوە. ژن هەمیشە وەک دایک، خوشک و هاوسەر ڕۆڵی ئارامبەخش و پڕ لە خۆشەویستی هەیە. وەک دایکێک کە کاریگەری لەسەر پەروەردە و فێرکردنی نەوەی داهاتوو هەیە، وەک هاوسەرێک کە پشتگیر و هاوڕێ و دڵسۆزە، ژنان دەتوانن هۆکاری سەرەکی پێشکەوتن و گۆڕانکاری ئەرێنی بن لە کۆمەڵگەدا. ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی نەک تەنیا چارەنووسی ژنان، نەبووە بەڵکو ئەستێرەی خۆشەویستی و ئازادی و سەرکەوتنیانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوور خستووەتەوە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو و پێشکەوتوو پێویستی بە ژنانی پەروەردە و سەرکەوتوو هەیە و بەداخەوە ئایدیولۆژی دینی بەتایبەت ئیسلامی لە زۆربەی بوارەکاندا بەتایبەت تەداخولیان لە بوارەکانی سیاسیی و دەوڵەتداریدا بەربەست و ڕێگری ژنان بووە و پێیان وایە ژنی باش ئەو ژنەیە کە گوێڕایەڵی پیاوان بێ جا چ ئەو پیاوە پیاوانی بنەماڵەکەی بن یان ئەوەی پیاوانی حکومەت. سەرەڕای بەربەستە مێژوویی، کولتووری، سیاسی و ئابوورییەکان، ئەمڕۆ ژنانی خۆڕاگر و بە ئیرادەیەکی بەهێز و بە ئامانجە کەسی و ڕۆحییەکانیان لە بەرامبەر شکستەکاندا خۆڕاگری دەکەن و نائومێد نابن. ژنان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە پرۆسەی گەڕانەوە بۆ شوێنی ڕاستەقینەی خۆیانن وەک هۆکارانی سەرەکی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکان. تەنانەت لە ڕابردووشدا ژنان بۆ یەکسانی و دادپەروەری تێکۆشاون. بۆ نموونە لەیلا زانا یەکێکە لە دیارترین نموونەکان یەکێک لە ئازاترین ژنانی کوردە لە جیهانی سیاسەتدا. لە بواری سیاسەت، مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان و خەبات بۆ ئازادی، ڕووبەڕووی زیندانی بوون، سانسۆر، جیاکاریی زمانی و ڕەگەزی بووەتەوە. ئەو بە وتنی «من لە زیندانم بەڵام مێشکم ئازادە»، نیشانی دا کە ژنان سەرەڕای قەدەغەکردن و توندوتیژی، نەک تەنیا لە پەروەردەکردنی منداڵاندا، بەڵکوو لە پاراستنی زمان، کولتوور و دابونەریتەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. ژنان هەمیشە توانیویانە سەرکردایەتی بکەن و سیاسەت بکەن، بەڵام مێژوو ئەوانی شاردووەتەوە.
ژنان لە بواری ئابوورییشدا ڕۆڵی گرنگیان هەیە، چ لە ماڵەوە، چ لە بازاڕی کار، چ لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر گرنگە. بۆ پێشکەوتنی ڕاستەقینە، پێویستیمان بە بەشداریی ژنانە بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی. بە بەشداریکردنی ژنان لە کارئافەرینی و دەرفەتەکانی کاردا، دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە کەمکردنەوەی هەژاری، زیادکردنی نوێگەری و فرەیی لە بازەرگانیدا، و زیادکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
ژنان تەنانەت ئەگەر کاری دەرەوەشیان نەبێت، بە بەڕێوەبردنی ماڵ و بودجەی خێزان و چاودێری کردنی منداڵان، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ئابووریی خێزاندا هەیە. ژنان لەبەر ئەوەی زۆربەی کات باشتر لە پیاوان پارە بەڕێوەدەبەن، بە پلاندانان و دەست پێوەگرتن دەتوانن ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ لە ئابووریی خێزاندا بگێڕن.
ئازادیی تەواو ئەو کاتە بەدەست دێت کە ژنان بە تەواوی لە کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن، هیچ وڵاتێک ناتوانێت نیوەی کۆمەڵگە فەرامۆش بکات و چاوەڕوانی پێشکەوتن بکات. ژنان ئەگەر فێربوون و پەروەردەی دروستیان هەبێت، سەربەخۆیی دارایی و فکرییان هەبێت، و متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت، هێزێکیان هەیە کە جیهان بەرەو هاوسەنگی دەبات. ژنان ئاشتیخوازتر و دادپەروەرترن لە بواری سیاسەتدا. دەتوانن ببنە هۆی بەهێزکردنی بەرنامەکان لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پشتگیریکردن لە خێزان و مافەکانی مرۆڤ.
مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە ئەگەر ژنێک بزانێت کۆمەڵگەیەک دەزانێت. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لە هەموو بوارێکدا پێویستی بە ژنانی ئازاد، دانا و پەروەردەکراوە.




