بەیان کەریمی
دوای ٧٧ ساڵ تیپەربوون بە سەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتر یەکیەتیی ژنانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، هیشتاش وەک ئەسترەیەکی گەش لە خەبات و تیکۆشانماندا دەگەشیتەوە. گەرچی تەمەنی کورت و لە بازنیەکی تا رادەیک سنووردارد سەری هەڵدا ,بەڵام هەندی دەستکەوتی گرینگی وەک میرات بۆ شەپۆلەکانی دیکەی جووڵانەوی ژنان لە کوردستان بە جێ هیشت. بۆ یەکەم جار توانی لە چوارچێوەی ‘پرسی ژندا’ ویستی یەکسانیخوازی ژنی کورد بخاتە نێو گوتاری نەتەویی کورد. لە ژێر سێبەری ڕێبەرایەتیکی ژیر و پیشکەوتووخوازدا، لە شکاندی هەندێ تابوودا نەقشی بەرچاوی هەبوو. بۆ وێنە، لە ئاشنا کردنی ژنان بە مافەکانیان، لە دژایەتی کردن لە گۆشەگیری و خانە نشینی ژن، لە هێنانیان بۆ ناوەندی شەقامەکان، بۆ ناوەندی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان، لە بەرز کردنەوی دەنگی ژن، بە پیشکەشکردنی وتار، توانی سەرکەوتوانە تا رادەیکی زۆر هیمای پیاوسالارانەی جووڵانەوی رزگاری خوازیی نەتەویی بشکێنێ. بە واتایەکی دیکە ئامادە بوونی ژنانی لە شوێنە گشتی و سیاسیەکان شەرعیەت پێدا و ئاسایی کردەوە. بە مۆبالیزە کردنی ژنان بۆ خەباتی نەتەویی توانی ژنان بینێتە نێو گۆرەپانی سیاسی وە کە تا ئەو کاتە تەنیا بە مافی سروشتی پیاوان دەزاندرا.
هاوکات، بە هەڵگرتنی مافی یەکسانی خوێندن بۆ ژنان، دەرگایەکی بەربڵاوی بۆ ژنان لە کوردستان کردوە کە بتوانن داهاتوویکی جیاواز بۆ خۆیان و نەوکانیان مەزەندە بکەن. خوێندن بوو بە مەرجێکی گرنگ بۆ هاتنە دەرەوەی ژنان لە ماڵەکانیان، بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ بنەمای پیاوسالاری، بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی گەش، بۆ کردنەوە و بەربڵاو کردنی هەلەکان و خەونەکانیان، و بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندیە نایەکسانی جەندەریەکانە. بۆ یەکەم جار ژنان مەحروومەیتی ژنانی کوردستانیان لە خوێندن و پیشە زەق کردوە، و پێوەندیان دا بە ژێر دەستی نەتەویان، پرۆسەی گەشەنەسەندن و ستەمی پیاو مەزنی. نەک تەنیا مافی بوون بە ‘دوکتور، مامۆستا، شارەزاو، ڕێبەری’ وەک پیاوان بۆ خۆیان مەزندە کرد، بەڵکوو، بە بەرز کردنەوەی دروشمی مافی چارەنووس، خۆیان یەکسان لە گەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکە دەبینی. بە وتەیەکی دیکە ‘مافی خوێندن بۆ ژنان’ بوو بە گوتاریکی بە هێز بۆ یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان.
لە ژیر فەزایکی سیاسی ئازاددا، بیری ئازادی ژنان لە کوردستان، لە ماوەیەکی کەمدا بەربڵاوتر بوو. کاتێک کە ژنان مافی بوون بە وتە بیژ، خاوەن پێنووس، مامۆستا و دوکتۆریان بۆ خۆیان مەزەندە دەکرد، ئیتر گەڕانەویک نەبوو.
گرنگتر لە هەموو شت، سەرهەڵدانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو بەهۆی بەرزکردنەوی هوشیاری سەبارەت بە ستەمی یەکتربری (ئینترسیکشنال) ژنان لە کوردستان. لە کوردستانێکی بە کۆلۆنیالیزە کراودا، ستەم و جووڵانەوەی ‘جیاوازی’ ژنان تاریفێکی نوێی وەرگرت و رزگاری جەندەری ژنانی راستەوخۆ بەستەوە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی، و گوتاری جەندەری ژنانی خستە نێو گوتاری سیاسی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. بە وتەیەکی دیکە شۆڕشێکی لە نێو شۆڕشێکدا دەست پێکرد و دەرگای هوشیارییەکی نوێ و پێک بەستراوی بۆ خەباتی ژنان لە کوردستان کردەوە.
شەپۆلی دووهەمی شۆرشی ژنان لە کوردستان
سی ساڵ دوای ئاوابوونی، حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان، پەنجە مۆری لە سەر شەپۆلی دووهەمی جووڵانەوەی ژنانی کوردستان لە ساڵانی دوای ١٩٧٩دا بە روونی دیار بوو. جیلی نوێی شەپۆلی دووهەم توانیان ئاڵ و گۆری بنەڕەتیتر پێک بهێنن. ئەگەر، شەپۆلی یەکەم لە بازنەیکی بچووکدا لە شاری مەهاباد و لە نێو کۆمەڵیک ژنی نوخەبەدا سەری هەڵدا، شەپۆلی دووهەم بوو بە بەرەیەکی بەرفراوان بۆ سەرانسەری کوردستان. ژنانی کوردستانی لە چین و توێژە جیاوازەکان، لە گوندەکان و شارەکان، بە ویستی تایبەتی خۆیانەوە و بە زمان و جل و بەرگی خۆیانەوە هاتنە گۆرەپانی خەباتی نەتەوەیی و پرسی ئینتەرسیکشۆناڵی خۆیان خستە نێو گوتاری ئەو کاتی جووڵانەوەی نەتەوەیی. بەشداری بە هەزارانی ژنانی کوردستان لە شۆڕشدا لە ژیر سیبەری جووڵانەویەکی سەردەمیانەی نەتەوەیی توانی دەستکەوتی گرینگ وەدەست بهێنیت.
لە قۆناغی یەکەمدا، شۆرشی ژنانی کوردستان بوو بە چەقڵی چاوی ڕێژیمی داگیرکار، ئیسلامی و فاشیزمی، دژی ژنی کۆماری ئیسلامی. بوو بە هێزیکی سەرەکی بە دژی حیجابی زۆرە ملێ، بە نیزامیک کە لە سەر بنەمای خوێن و ئیعدادم و زیندان دەستی پێ کردبوو.
ئامادەیی بە هێزی ژنان لە گۆرەپانی شۆڕشدا توانی هەندێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوی نەتەوەیی دا، بکا. ژنی لە وێنەیەکی هیمایی، ڕەمزی و سیمبۆلی بۆ ‘زیندوو کردنەوەی نەتەوە’ رزگار کرد و کردی بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی کوردایەتیدا. ئەم دەسکەوتە بە خەباتی قارەمانەیان لە بەرەکانی شەڕ بە دژی داگریکەریکی نوێی کۆماری ئیسلامی هاتە دی. خەباتی ژنان لە بەرەکانی بەرگری، هێزەکانی پێشمەرگە، زیندانەکان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی شۆڕش، لە ‘سەنگەرەکانی پشتەوەی شۆڕش’، ژنانی لە پەڕاویز خستن رزگار کرد. ژنان توانیان ڕۆلە دیارکراوە سونەتییەکان بشکێنن. ژنانی کوردستان یان ‘ژنی کورد’ چیتر هیمای وەبەرهەم هێنەرەوەی نەتەوە و کەلتوورەکەی نەوبوو، بەڵکوو ئەکتەریکی سەرەکی خەبات بە دژی داگیر کار بوو.
سەرەرای ئەمە، پیاو سالاری لە نێو بزووتنەوی کوردایەتیدا بەرخۆدانی کرد. حیزبە کوردستانییەکان هیشتا بنەمای و بناغەی پیاو سالاری خۆیان تێک نەشکاند. ژنانیان لە خەباتدا لە پەڕاویزدا راگرت. ویستی یەکسانیخوازی جەندەری ژنان چوە پلەی دووهەم و دانرا بۆ دوای رزگاری نەتەویی. گەرچی مەیدانی شۆڕشیان ‘كراوە’ ڕاگرت بۆ ژنان کە ‘شان بە شانی پیاوان’ خەبات بکەن، بەڵام لە هیمای بنچینەیی ژنان و نە لە پەڕاویز خستنی ژنان خۆیان لا نەدا. ژن هیشتا تەسویریکی هیمای هەبوو، بەرپرسیارەتی فیداکاری، وەک دایک، ژنی پیشمەرگە، و وەک خوشک و کچ دەخستە سەر شانی. ئەرکی ژن تەنیا فیداکاری بوو بۆ گەیشتنی پیاو بە دەسەڵات. کێشە لەوەدا بوو، کە ئارەزووی گەیشتن بە دەسەڵات، خولیای سیاسەتی کوردایەتی بوو، هەوڵ بە تیکشکاندنی بنەما کۆلۆنیلیەکان دوور بوون لە خولیاو و خەیالی کوردایەتی. شەپۆلی دووهەمی کوردایەتی هیشتا لە سەر بنەمای پیاو مەزەنی دەرویشت. پیاوی کورد وەک ‘ ڕێبەر، پێشمەرگە، نووسەر، رزگاریکار، ‘ تێکستەکانی جووڵانەوەی کوردایەتی دەنووسییەوه. کوردایەتی هێشتا هیمای پیاویکی ئەکتەر بوو کە پالپێونەری سەرەکی میژوو بوو.
شۆرشی ژینا بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’
شەپۆلی سێهەمی شۆڕشی ژنان لە کوردستان سەرهەڵدانی خەباتیکی نوێیە، کە لە بۆشایدا سەری هەڵەندەاوە، بەڵکوو بەرهەمی پتر لە ٧٧ ساڵ خەباتی ژنانە لە کورستان (هەموو بەشەکانی) و بەرهەمی زیاتر لە سەد ساڵ میژووی کۆلۆنیالیزمە لە کوردستان. بەرهەمی خۆڕاگری ژناێکە بوون بە پێشمەرگە، گیانی خۆیان بەخت کرد، چوونە ژێر پەتی سیدارە، شاخ و کیوەکانیان پێوا.
شۆرشی ژینا، ژێر دەستی و خەباتی ژنان لە کوردستاندا دیسان دەنووسێتەوە. لەم دیسان نووسینەوەدا، مێژووی ژێردەستی ژنان لە کوردستاندا پەیوەند دەدا بە پرۆسەی کۆلۆنیالیزم،، بە پرۆسەی جینۆساید، زمانکوژی، ئیتنیک کۆژی، کۆچی زۆرە ملێ، و ڕەگەزپەرەستی. شۆڕشی ژینا گەرچی شۆڕشیکە بە دژی بناغەی پیاو سالاری، گەرچی لە ژیر ڕێبەرایەتی ژناندا و بە قوربانیدانی بێ وێنەیان تۆمار کراوە، بەڵام تەنیا شۆڕشیکی ژنانە نیە، بەڵکوو شۆڕشێکە کە کۆمەڵگەی کوردستانی بە ڕادەیەکی زۆر هێناوەتە سەر شەقامەکان. شۆڕشیکە بە دژی بەها داسپەواکان، بە دژی هەموو ستەمەکان، هەموو هایراکیەکان، وە هەموو رۆژ ئاسۆی ویستەکانی بەربڵاوتر دەبیت.
شۆرشی ژینا، ئەمرۆ تەنیا بناغەکانی کۆماری ئیسلامی نەلەرزاندوە، بەڵکوو تەواوی ساختاری کۆلۆنیالیزمی لە مەشرووتە، پەهلەوی و تا ئەمڕۆ لەرازندوە. بۆ یەکەم جار لە مێژووماندا، سروشتی بوونی، ئاسایی بوونی ‘ئیرانی’لەرزاندوە. بە روونی نیشانی داوه کە ئەم سنوورە لە سەر بنەمای سەدەیک نەکووڵی، ڕەگەزپەرەستی، و رووبارگەلی خوێن دامەزراوە، لە سەر بنەمای فاشیزم. لە بیرمان نەچێ، کە شۆڕشی ژینا ئیلهام وەرگر بوو لە شۆڕشی ژنانی باشوور و رۆژ ئاوا، کە بە هەمان شیوە لە بەرانبەر سووریەی دەستکرد و تورکیەی دژی مافی کورد قارەمانانە ڕاوەستاون.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە هەمانکاتدا، ڕۆحیکی دیکەی بە شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی کوردستان داوە کە بە بێ گۆڕانی بەهاکان، بە بێ شکستی پیاوسالاری، تێپەڕین لە کۆلۆنیالزم نە مانای هەیە نە ئیمکانی هەیە.
بەڵام بە داخەوە، نەیارانی شۆڕشی ژینا زووتر لەوەی کە چاوڕوان دەکرا خۆیان ڕێکخست. بە داگیر کردنی شۆڕشی ژیناو و وەرگیرانی بە شۆڕشی مەهسا بوونە بەربەستیکی بەهێز لە بەرامبەر شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادیدا).
شۆرشی مەهسا ئەمرۆ لە ژیردەستی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی-فارسیدا بە ڕێبەرایەتی بەرەی شاپەرەستەکان و هاوپەیمانەکانیان لە گەڵ بەشێکی سەرەکی فێمینزمی فارس و ناوەندگرا دا، بوونە بەرەیکەی بەهێز. بەداخەوە ئەم بەرەیە، ئەمرۆ خەریکە پشتیوانی هەندێک لە حیزبە کوردیەکان بە لای خۆیدا رادەکیشتت و بۆتە جێی نیگەرانی.
داگیر کردنی شۆرشی ژینا و کردنی بە مەهسا، و داگیر کردنی (ژن، ژیان، ئازادی ) ستراتیجکی کۆلۆنیالزیمی نوێیە، مەبەستی سەرەکی بێدەنگکردنی شۆرشی ژنانە لە کوردستان. ئەمە تاوانێکی دیکەیە دژی ئێمە، بۆ بێدەسەڵات کردنمان، لاواز کردنمان. پرۆسەیکی دیکەیە بۆ کوشتنی زمان و ئەندیشەمان. ئەم ئۆپۆزسیوەنە شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو مێژوویکی دوور و دریێی هەیە.
لەم پرۆسەدا فیمینیزمی هیژەمۆنی ناوەندگرا، بە هەموو ڕەوتەکانیەوه (لە سەلەبەریتی، لیبرال، شاەپەرەست، و چەپەوە) لە داگیر کردن و بە لە ڕێبەدەر بردنی شۆڕشی(‘ژن، ژیان، ئازادیدا) تیکەڵ و تاوانبارن. بە بەرز کردنەوەی شۆرشی ‘كەشفی حیجاب’ نە تەنیا نەیانتوانیوە بەربەرەکانی بکەن لە گەڵ حیجاب کە سومبوولی زیاتر لە چوار دەیە ژیردەستی ژنانە لە ئێران، بەڵکوو بە چوونە بەرەو فاشیزمەوە پێداگری لە بەرهەم هێنانەوەی پیاو سالاری دەکات.
فیمینیزمی ناوەندگەرا بە دریژای میژوو (لە دوای مەشرووتەوە تا ئەمرۆ) تیوەگلاو لە تاوان بە دژی ژن لە کوردستان و نەتەوەکانی دیکە دا. بە درێژای میژووی سەد سالە، بە پەیوەندیەکی سیاسی و دەروونی کە لە گەڵ ناسیونالیزمی باڵادەست هەی بوە، لە ژیردەستی ژنانی نەتەوەکانی دیکە قازانجی بردوە و هیچ جیاوزییەکی لە گەڵ نوخبەکانی خۆی نەبوە. ئەم فیمینیزمە دەیان ساڵە لە ئاستی تاوان بە دژی نەتەوەکانی دیکە بێدەنگە، لە زیندانی کردنی زینەبەوە بگرە، تا زاراو و کوشتاری ژنان لە زیندانەکانی کوردستان. ئەم فیمینیستە لە سڕینەوەی شۆرشی ژنی کورددا، و ئەمرۆ لە داگیر کردنیدا تاوانبارە. ئەم فیمینیزمە هیشتاش خۆی لە دەوڵەت و زمانی فارسی جیا نەکردوەتەوه. شۆرشی ژنانی کوردستان بە ‘ناسیۆنالیز’، قەبیلە گەرایی، یان ئامرازی پیاوی کورد ناو دەبات’. كەچی خۆی ئەمڕۆ ئامرازی پیاوانی وەک رەزا پەهلەویە. جووڵانەوی ژنانی کوردستانی ناچار کردوە کە لە نێوان ‘فیمینست بوون’ و ‘ كوردستانی بووندا’ هەلبژاردن بکا. ویستی ژنانی کوردستانی بۆ وەدەست هێنانی مافی چارەنووسی، وەک ویستێکی ناشەرعی پێناسە کردوە. ویستی جەندەری خۆی بە جیهانی کردوە.
لە ئاستی ستەمی چەند لایەنەی ژنان لە کوردستان، لە ئاستی جینۆساید، زمانکوژی، ئیتنیک کوژی، بە نامرۆڤکردنی ژنان لە کوردستاندا خۆی کەڕ کردوە. ئەمرۆ (زن، زندگی ئازادی ) نۆرم و معیارەکانی ژنانی باڵادەست دووپات دەکاتەوە. تا ڕادەیەک دەنگی ژنی کوردی بێدەنگ کردوە. وێنەی مەهسا بە سەر پشیلەی نەقشەی ئێراندا وەبیرهینانەوەی کۆلۆنیالیزمێکی دڕندە بوو کە نە تەنیا لە پڕۆسەی داگیری کردنی شۆڕشێکدا بوو، بەڵکوو زەوتکردنی دروشمێک، سڕینەوی مۆری خاوەنداری ژنی کورد بە سەر دروشمەکانیان و ویستەکانیان.
هاوپێوەندی و هاوپەیمانی خوشکانە لە گەڵ ئەم ڕەوتە فیمنیستە کارێکی زۆر سەخت و دژوارە. ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین لە گەڵیان هەمبەستگی ببەستین ئەگەر سەنگەریان لە گەڵ فاشیزم جیا بکەنەوە. ئەوکاتەی کە خۆیان لە مەرکەز، لە ناسیۆنالیزمی فارس و رەگەزپەرەستی دوور بەخەنەوە. کە ئێران وەک وڵاتێکی دەستکردی ڕەگەز پەرەست پێناسە بکەن. هەمبەستەگی کاتێک دروست دەبێ کە هەموومان ڕزگار بین. هەمبەستەگێکی ساختە لە سەر بنەمایکی ساختە کە ‘هەموومان ژێر دەستی هاوشیوەی ستەمی جەندەرین’ تەنیا پەرە دەدات بە پەڕاویز بوونمان. تەنیا دەبێتەوە بە هۆی بەرهمهینانی کۆلۆنیالیزم و سیستەمی پیاو مەزنی. هەمبەستەگی تەنیا ئەو کاتە دیت کە مافی چارەنووسی ژنانی نەتەوەکانی دیکە بە فەرمی بناسین. ئەو کاتەی کە شۆڕشی ژینا بە نێوی راستەقینەی خۆی بگەڕینەوە و دروشمی ( ژن، ژیان ئازادی) دیسانەوه بڵێنەوە بە زمان و مانای راستەقینەی.
ئەمرۆ بە هاودەستی بەرەی فاشیست ئەم فیمینستە بەرامبەر بە شۆڕشی ژینا ڕاوەستاوە. لە شەقامەکانی دایسپۆرا بە بەرزکردنەوەی ناوی مەهسا، و وتنەوەی (زن، زندگی، آزادی) بە کردەوە لە گەڵ بەرەی ناسیۆنالیزمی مەرکەزگەرادایە. بە پشتیوانی بە میدیا زلهیزەکانی چاوەشەکاری و هەڕەشە دەکات. بە تەواوەتی لە بایخە مرۆڤی و تێکشینەرەکانی شۆڕشی( ژن، ژیان، ئازادی ) لای داوە. لە ژێر ئەم فەزایدا، بە هاوڕیزی لە گەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە بەرهەمهێنانەوەی هیژمۆنی زمانی فارسی، تەواوییەتی ئەرزی ئێران، لە بنەما ئیتنیکی و جەندەریەکانی پشتیوانی دەکا. ئەمرۆ فیمینیزمی ئێرانی، لە بەرەی فاشیزمدا، نەیویستووە و نەیتوانیوه لە هەڕەشەی ساواک و سەرکوتی شاپەرەستەکان بۆ سەر ویستی نەتەوەکانی دیکەی ئێران خۆی دوور بکاتەوه. سەلەبەریتی فیمینیستەکان، ئەمڕۆ لە پشت لەشکەرێک لە فاشیزم لە شەقامەکانی ئەمریکا و ئورووپادا ڕاوەستاون و خولیای نەستۆلیژیای ناسیۆنالیزمی فارسن.
ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە ڕاوەستان لە پشت شۆڕشی ژینایە، هەڵگرتن و خاوەنداری کردنەوەی دروشمی( ژن، ژیان، ئازادی). ژن، ژیان، ئازادی تەنیا دروشم نیە، بەڵکوو چەمکێکە کە هەموو ویستەکانمانی لە خۆیدا جێ کردۆەتەوە و بەهاکانمان، روانگەمان ڕوو بە داهاتوو بە ڕوونی نیشان دەدا.
پشگیریمان لە (ژن،ژیان، ئازادی) لە شۆڕشی ژینا دا، واتە ڕاوەستانمان لە شەقامەکانی کوردستان، گیلان، لۆڕستان و بلووچستان بە دژی فاشیزمی کۆماری ئیسلام، واتە ڕاوەستانمان لە هەندەران بە دژی بەرەی فاشیزمی ئیرانشەهری. واتە وەرگرتنەوە و گەڕانەوەی بەها سەرەکییەکانی شۆڕشی ژینا، واتە گەڕانەوە بۆ ژیان، بۆ شکۆی مرۆڤایەتی، واتە داکۆکی لە داهاتوویەکی کە مافی نەتەوەیی نەتەوەکان وەدی بێن، کە خۆی لە سیستەمی هایراکیانی جەندەری، ئیتنیکی، سیکشۆلاتیەکان، ڕەگەزی، زمانی و چینایەتی بپچڕینیت. داکۆکیمان لە ژن،ژیان، ئازادی و شۆڕشی ژینا واتە گوزەر لە کۆلۆنیالیزم، لە فاشیزمی پیاو سالاری پەهلەوی و ئیسلامی.
دیسان پیرۆز بیت یادی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی ژنانی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.