یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کۆمیتەی سوئێد ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢-١١-٢٠٢٥ سێمینارێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان لە شاری ستۆکهۆڵم پێکهێنا.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی دەستی توندوتیژی و شەهیدانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستی پێکرد.
بەڕێوەبەرانی بەرنامە خاتوو “باوان کەریمی” و خاتوو “کەژاڵ تاهیری” دوای خۆناساندن بە زاراوەی سۆرانی و کرمانجی بەخێر هاتنی میوانانیان کرد.
خاتوو “باوان کەریمی” لە چەند وتەیەک دا مەبەستی کۆڕی ئەو ڕۆژەی ڕاگەیاند و بیوگرافی خاتوو “شلێری ئەمینی” پێشکەش کرد و داوای لە بەڕێزیان کرد تا وتارەکەی خۆی لە ژێر ناوی ”چۆنیەتی خۆپاراستن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دوور کردنەوەی لاوان لە گرووپە تاوانکارەکان لە ڕێگای ئینترنێت” لە چەند بەشی جیاواز دا، پێشکەش کرد.
بەڕێزیان زانیاری زۆر وردی لەسەر گوگل ماپ، ئالگۆریتم و چۆنیەتی ڕاکێشان و لە کۆتایی دا تێوەگلانی ئەو کەسانە لە گرووپی نایاساییەکان دا کرد و ڕوونی کردەوە کە چۆن دایک و بابەکان پێشگیری بکەن و منداڵەکان و لاوەکانیان لە مەترسی کەوتنە داوی گرووپە تاوانکارەکان بپارێزن.
دوایی قسەکانی خاتوو “شلێر ئەمینی”، بەڕێزان کاک “رامین خوسرەوی” بە گوتنەوەی سروودی خوایە وەتەن ئاوەکەی و بە هاوکاری کاک “شاهین خوسرەوی” و کاک “ئیدریس خوسرەوی” بە ژەنینی تەمبوور کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
لەبەشی دووهەم دا بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو “کەژاڵ تاهیری” بە زاراوەی شیرینی کرمانجی بیوگرافی خاتوو “ئارەزوو حیسامی” پێشکەش کرد و داوای لە خاتوو ئارەزوو کرد تا وتارەکەی لە ژێر ناوی “جیاوازی و هەڵاواردنی ژنانی پەنابەر لە کۆمەڵگە دا” پێشکەش بکا.
خاتوو ئارەزوو باسەکەی خۆی بە گورانیەکی هونەرمەند هانی دەست بێکرد و دواتر بە چەند پرسیار لە بەشدارن باسەکەی خۆی کردەوە، بەڕێزیان بەسەرهاتی خۆیی لە کاتی داواکاری بۆ کار کردن باس کرد و ئاماژەی بە جیاوازی مووچە لە نێوان ژن و پیاو دا کرد و هەروەها باسی لە لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوەی ژنان بۆ ژنان کە ڕێکخراوەیەکی سوئێدیە کرد.
خاتوو ئارەزوو لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە سەر جیاوازی و نابەرابەری لە کاتی دامەزراندن یا داواکاری بۆ کار کردن لە نێوان ژنانی پەنابەر و ژنانی سوئێدی دا و لەو نێوەش دا ژنانێک کە سەرپۆشیان لەسەرە کرد کە بەڕێزیان لێکۆڵینەوەی لە سەر کردبوو.
بەشی کۆتایی، شێعرێکی بابە تاهیر عوریان بەدەنگی بەڕێز کاک “ڕامین خوسرەوی” بوو.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەم لە کاتی پێشکەشکردنی باسەکان و هەم دوایی باسی هەر کام لە خاتوو “شلێر ئەمینی” و خاتوو “ئارەزوو حیسامی” کات درا بە بەشداران تا بیر و بۆچوون و پرسیاری خۆیان بکەن، کە لەو بەشە دا بەشداران زۆر بە گەرمی پرسیار و تێبینی خۆیان باس کردن و هەروەها پێشوازی و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و سوپاسی وتاربێژان و کۆمیتەی بەڕێوەبەری سوئێدیان کرد بۆ پێک هێنانی ئەو کۆڕە.
بۆ زانیاری ئەو کەسانەی پرسیاریان کردوە، فیلم و دێکۆمێنتی ئەو بەرنامە لە کورد کاناڵ و هەروەها لە گرووپی فەیسبووکی ئەندامانی یەکیەتیی ژنان بڵاو دەبێتەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکرات وێڕای سوپاسی بێ کۆتایی لە وتار بێژان، سوپاسی هەموو ئەندامان و بەشداران دەکا کە پشووی حەوتووی خۆیان تەرخان کردبوو بۆ ئەو بەرنامەیە.
هەر بژین!
تا ئێوە پشتیوانمان بن ئێمەش بەردەوام دەبین!
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سوئێد
٢٢-١١-٢٠٢٥




