پێکهێنانی کۆنفراسێکی بەرین بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٤ ساڵ لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

بەشداری نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی سوئێد خاتوو “لەیلا عەلیار” و خاتوو “جەمیلە حەسەنخاڵی” لە کۆنفرانسی بزوتنەوەی ژینا تا داهاتووی ئازاد” و پێشکەشکردنی یەکەم “خەڵاتی ژینا لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی شەممە ١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، کۆنفرانسێکی سیاسی بە بۆنەی ساڵیادی بزوتنەوەی ژینا و بە ناونیشانی” لە بزوتنەوەی ژینا تا داهاتووی ئازاد” لە وڵاتی نۆرویژ بەڕێوەبرد.
کۆنفرانسەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” خولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان، بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد.
دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن خاتوو “کەژاڵ نەقشبەندی” بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا، دوای سپاس و پێزانین لە بەشداربووان، جەخت لەسەر ئەوە کرابۆوە کە بزوتنەوەی ژینا تەنیا یادەوەریی ڕووداوێکی تاڵ نییە، بەڵکوو بەشێکی گرینگ لە مێژووی نوێی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێرانە؛ بزوتنەوەیەک کە بەردەوامییەکەی بۆ گەیشتن بە ئازادی، ماف و دێموکراسی گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
هەروەها لە پەیامەکەدا یادی دوو سکرتێری شەهیدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرایەوە؛ دوو ژن کە بەشێک بوون لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد و بە خەبات و قوربانیدانی خۆیان، پەیامی بەردەوامیی ئەم ڕێگایەیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێ هێشت.
کۆنفرانسەکە لە دوو پەنێلی سیاسی پێکهاتبوو کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و نەتەوەکانی ئێران بەڕێوەچوون و هەر کام بە وتاری تایبەت بەشداریان کرد.
حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی بەشدار بریتی بوون لە:
١. حزب تضامن دمکراتیک الاهواز
٢. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
٤. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٥. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦. پارتی ئازادی کوردستان
٧. سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران
٨. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
٩. حزب مردم بلوچستان
بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە پێشکەشکردنی یەکەم “خەڵاتی ژینا”
ئەم خەڵاتە بە پشتیوانیی دارایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە و بڕیارە ساڵانە پێشکەش بکرێت؛ وەک نیشانەی ڕێز و پێزانین بۆ ئەو کەس یان بنەماڵانەی کە لە بەرامبەر نادادپەروەری بێدەنگ نەبوون، بەردەوام بوون و بە هەڵوێست و خۆڕاگریی خۆیان بەشدارییان لە پاراستنی یاد و ئامانجەکانی بزوتنەوەی ژینا کردووە.
دامەزراندن و پێشکەشکردنی “خەڵاتی ژینا” هەنگاوێکە بۆ ئەوەی یادکردنەوە “ببێتە بەردەوامی و بەرپرسیار و بەرپرسیاریش ببێتە هێزی گۆڕان”
“خەڵاتی ژینا” تەنیا پارچەیەک کریستاڵ نییە؛ هەڵگری پەیامێکە کە “خەبات و قوربانییەکان نابێت لە ژێر تۆزی کاتدا لەبیر بکرێن!”
بەو هیوایەی ڕۆژێک “خەڵاتی ژینا” لە کوردستانێکی ئازاد و لە کەشوهەوای ئازادیدا، پێشکەش بە قارەمانانی ڕێگای ئازادی
بکرێ.
وێنە و میدیای بابەت
وێنەکان خۆکار دەگۆڕدرێن؛ بە تیرەکانیش دەتوانیت بە دەستی بگۆڕیت.









