ڕێکەوتی ٠١-١١-٢٠٢٥ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤێسترۆس بە هاوکاری کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس کۆڕێکی ڕێزلێنانیان بۆ خاتوو “ناهید حوسەینی” شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ و چالاکی سیاسی لە شاری ڤێسترۆس پێکهێنا.
سەرەتا بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت بۆ گیانی هەموو نووسەران و شاعیرانی کورد کە بە نووسین و هۆنراوەکانیان خزمەتیان بە وێژە و فەرهەنگی نەتەوەیی کورد کردوە خولەکێک بێدەنگی ڕاگیرا.
بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو “ئارەزوو حیسامی” بە گەرمی بەخێرهاتنی گشت بەشدارانی کرد و داوای لە ڕێزدار ”سەرکۆ ئەمین” بەرپرسی کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس کرد تا وتاری خۆی لە سەر مێژووی کۆمەڵەی کورد و کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس پێشکەش بکا.
دواتر خاتوو “لەیلا عەلیار” نوێنەری کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان لە دەروەی وڵات وێڕای دەست خۆشی لە پێکهێنانی ئەو کۆڕە چەند وتەیەکی لە سەر کەسایەتی خاتوو ناهید پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکە دا بیوگرافی خاتوو ناهید حوسێنی خوێندرایەوە و بەشێوەی گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان بەڕێوەبەر و خاتوو ناهید دەستی پێکرد، کە پرسیارەکان بریتی بوون لە سەرکەوتنەکان و هەروەها بەربەستەکان و هەوڵدانی خاتوو ناهید لە پێناو ویستەکانی خۆی لە بواری سیاسی، شاعیری، نووسەر و وەرگێڕی دا لەو ماوەیە دا.
لە دووهەم بەشی بەرنامە خاتوو ناهید حوسێنی چەندین هۆنراوەی بە هاوکاری هونەرمەندی موزیکژەن کاک “هەڵۆ غەریب” پێشکەش کردن، کە بوو بە جێگای ڕەزامەندی بەشداران.
لە دواین بەشی بەرنامە دا نووسەر، شاعیر و چالاکی سیاسی مامۆستا ناسر حیسامی، لە سەر شێوەی نووسینی شێعر و ژنانەبوونی هۆنراوەکانی خاتوو ناهید حوسێنی چەند وتەیەکی بۆ بەشداربوان باس کرد.
پێویستە بگوترێت کە ساڵۆن بە چەندین وێنە و تابلۆی خاتوو “لەیلا کەریمی” نگارکێش ڕازابۆوە، کە لەلایەن بەشدارانەوە پێشوازی لێکرا و بوو بە جێگای ڕەزامەندی هەموو لایەک.
لە کۆتایی دا بەڕێوەبەری بەرنامە سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە ڕێگای دوور و نزیکەوە بەشداری لەو کۆڕە دا بوون کرد.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ڤێسترۆس
کۆمەڵەی کوردی لقی ڤێسترۆس
٠١-١١-٢٠٢٥

















