لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی بزووتنەوەی کوردستان و خەباتی یەکیەتیی ژنان و حیزبی دێموکراتدا، کەم نین ئەو ژنە تێکۆشەر و پێشمەرگە قارەمانانەی کە لە سەنگەری بەرگریدا، یان بە هۆکاری تێرۆر یان لە کاتی بۆمباران و هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا، بەداخەوا بە توندی بریندار بوون و بەشێک لە جەستەیان بەختی ڕێگا و ڕێبازی گەلەکەیان کردوە.
بێگومان ئەم ڕووداوە تاڵانە نەک نەیانتوانیوە پێش بە ورەی خەباتگێڕانی بەبیروباوەڕمان بگرن، بەڵکوو بەگوڕ و تینی زیاترەوە لە مەیدانی خەباتدا ماونەتەوە و ئەوەی لە دەستیان هاتووە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلەکەیان لەپێناو ئازادی و ڕزگاری و یەکسانیدا درێغییان نەکردوە.
بۆیە جێی خۆیەتی لەم ڕۆژەدا لە بەرانبەر فیداکاری و گیانبازیی ئەو تێکۆشەرانەدا دەستی ڕێز بە سینگمانەوە بنێین و پێیان بڵێین: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە هەموو زەحمەتەکانتان دەڕوانێ.
هەروەها لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)شدا کۆمەڵێک لە ژنانی تێکۆشەری وڵاتەکەمان لە کاتی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان یان لە گرتووخانە و زیندانەکان بە دەستی هێزە بەدناوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشێک لە جەستەیان و بەتایبەتی چاویان لە دەست دا و بەختی ڕێگای ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەیان کرد. ئەوانیش وێڕای هەڵگرتنی برینی قورس، بە شێوازی جۆراوجۆر و تایبەت درێژە بە کار و چالاکیی خۆیان دەدەن.
بۆیە لەم ڕۆژەدا هەموومان ڕێز لە فیداکاری و ڕەنج و ئازارەکانی ئەوانیش دەگرین و پێیان دەڵێین برین و ئازاری جەستەی ئێوە بە ئێش و برینی خۆمان دەزانین، و پێکەوە و بە هاوکاری و یارمەتیی یەکتر خەباتەکەمان هەتا سەرکەوتنی یەکجاری درێژە پێ دەدەین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕۆژەدا، واتە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامان بە تێكڕا، ڕێز لە فیداکاری و زەحمەتەکانتان دەگرێ، بێگومان خەبات و خۆڕاگریی ئێوە دەبێتە نموونەی خۆڕاگری و بەردەوامیمان لە خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازیمان، و ئێوە ژنانی تێکۆشەر وەکوو ڕەمزی فیداکاری و خۆڕاگری و قەڵای لەگیران نەهاتووی گەلەکەمان.
دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکشەممە ١٦ی ١٤٠٤ی هەتاوی




