چەندین سەدە وەلانان و پەراوێزخستنی ژنان لەلایەن کۆمەڵگە و سیستمە پیاوسالارانەکانەوە، نەتەنیا نەبووەتە هۆی سڕینەوەی جێگەوپێگەی ئەم توێژە گرینگە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە وشیاریی ژنان و ناسینی مافەکانیان و هەروەها خەبات لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانیانی تا ڕادەیەکی بەرچاو بەهێزتر و بەرچاوتر کردووە. لە ئێستادا ئەمە باوەڕێکی جێگرتوو و حاشاهەڵنەگرە کەوا کۆمەڵگە بەبێ دابینکردنی مافەکانی ژنان، کۆمەڵگەیەکی ناسەرکەوتوو و ناسەقامگرتووە؛ ئیرادەی کرداریی ژنانی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم باوەڕەی چەسپاندووە و باشترین نموونەش هەمان بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادییە، کە بووە هۆی پێداچوونەوەیەکی جیددی لەسەر نۆرمەکانی کۆمەڵگە لە پێوەندی لەگەڵ ژنان و تواناکانیان و مافەکانیاندا.
پێکهاتنی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵات-ژینا یەکێکە لەو هەوڵە گرینگانەی لەلایەن ژنانی چالاکی بوارە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە و ئێمە وەک ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لەو هەوڵە دەڕوانین و بەو بۆنەوە گەرمترین پیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی ژنانی شۆڕشگێڕ و گۆڕانویست دەکەین و هیوادارین بەو ئامانجانەی لە پلاتفۆرمەکەدا دیارییان کردووە بگەن.
بێگومان ڕێگایەکی پڕ لە تێکۆشان و قورس لە بەردەم ژنانی کوردستان و ڕێکخراوەکانیان دایە، بەڵام بە سەرنجدان بە بزووتنەوەی ژینا و هەستکردن بە زەروورەتی دامەزراندنی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵات، دەردەکەوێ لەم پێناوەدا ئیرادەیەکی لێبڕاو و هوشیارانە بوونی هەیە کە جێی هیوا و دڵخۆشییە.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ـی هەتاوی
٣٠ـی ئاپریلی ٢٠٢٦ـی زایینی




