بەڕێزان! ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەکەتان، کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین.
یەکیەتییەکەتان لە بارودۆخێکی هەستیاردا کۆنگرەکە دەبەستێ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروا لە ئاڵوگۆڕی جیددی دایە و گۆڕانکارییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە ئاراستەی باشتربوونی دۆخی مافی هەموو چین و توێژەکان و بەتایبەتی مافی ژنان هەنگاو دەنێن. لە چەند ساڵی ڕابردووشدا و بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، تێکۆشانی ژنان بە دروشمی فرەچەشنی “ژن، ژیان، ئازادی” زایەڵەی یەکسانیخوازیی گەیاندە گوێی هەموو ئازادیخوازانی جیهان و، لەو قۆناغە بە دواوەش خەباتی فرەڕەهەندی ژنان لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ویستەکانیاندا ڕۆژ بە ڕۆژ شێلگیرتر و بەربڵاوتر بووەتەوە.
لەم نێوەدا، ژنانی کورد وەک هەمیشە پێشڕەو و لە مەتەرێزی پێشەوەی خەبات بە دژی ستەم و داگیرکاری بوون و، لەم پێناوەدا تێچووی زۆریشیان داوە. هیوادارین یەکیەتییەکەتان لە کۆنگرەی پێنجەمدا بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە و هەمەلایەنە، بتوانێ ڕۆڵی ڕێنوێن و ئاراستەبەخش بگێڕێ و گوڕوتینێکی نوێ بە خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەخشێ.
ئێمە، وەک ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانیی خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشانی ئێوە دووپات دەکەینەوە و ئاواتەخوازین کۆنگرەکەتان ببێتە سەرچاوەی بڕیاری بوێرانە و هەنگاوی گونجاو بۆ زیاتر بەهێزکردنی ڕێکخراوەکەتان و بەدیهێنانی ئامانجەکانتان.
بە سپاسەوە
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی




