خەڵکی سەربەرزی کوردستان!
بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان!
ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات!
لە کاتێکدا یادی هەشتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە کە یەکساڵی ڕابردوو بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵێکی پڕاوپڕ لە ڕووداوی جۆراوجۆر بووە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە درێژەی سیاسەتی شەرئەنگێزی و قەیرانخوڵقێنی کۆماری ئیسلامیدا ئەم رێژیمە زیاتر لە جاران هەم خۆی تووشی گۆشەگیری و ئاستەنگی جۆراوجۆر کردۆتەوە و هەم وڵات و خەڵکی تووشی دەیان قەیرانی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و… کردووە.
گوشار و سەرکوتی بەردەوام و سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت خەڵکی ئازادیخوازی وڵات، هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، بەڵام لەوانە مامۆستایان، خوێندکاران، لاوان و ژنان زیاتر لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا بوون. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوت و گوشارانە، گەلانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان لێبڕاوانەتر لە هەمیشە بەگژ سیاسەتەکانی ڕێژیمدا چوونەتەوە و هەر ڕووداو و پیشهاتەکانی یەکساڵی ڕابردوو دەیسەلمێنن کە چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەت ژنان، لاوان و خوێندکاران پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی دەکەن.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی خاکیپۆشان کە زیاتر لە یەک مانگی خایاند و زۆربەی هەرەزۆری شار و ئاواییەکانی کوردستانی گرتەوە، سەلمێنەری بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری نەتەوەیی و لەسەرپێبوونی نەتەوەکەمان بوو. رۆڵی ژنان و لاوان لەو ڕێوڕەسمانەدا دەربڕینێکی نوێ بوو لە شوناسخوازی و نیشتمانپەروەری؛ ژن و لاوان کە لە نێویاندا خوێندکارانیش بەدی دەکران بە دەور و دەنگی بەرزیان، نەورۆزیان کردە هێما و سەمبۆلی خەبات بەدژی تاریکپەرەستی.
شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران کە تێدا بە دەیان پلەبەرزی سەربازیی رێژیم کوژران و زیانێکی قەرەبوونەکراوەی سەرخان و ژێرخانی ئابووری بە وڵات گەیاند، ئاکامی سیاسەتی پڕ لە هەڵە و شەرئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە وێڕای تێکشکاندنی هەیمەنەی درۆینی رێژیم، خەڵک و وڵاتی تووشی نیگەرانیی زیاتر کردوە کە بێگومان ڕزگاربوون لە چنگ ئەم قەیران و نیگەرانیانە تەنیا لە نەمانی ئەم رێژیمە و دامەزرانی دەسەڵاتی گەلی و دێموکراتیکە.
لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا هەڵوێست و ڕوانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێگەیەکی بەرزی جەماوەریی لە نێو خەڵکی کوردستاندا هەیە، بەرپرسیارانە و واقعبیانە بووە. بە تێفکرین و وردبوونەوە لە نێوەڕۆکی هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە ڕووداوەکان، دەردەکەوێ کە رێبازی نەتەوەیی و دێموکراتیکی حیزب و تێڕوانینەکانی ئەم حیزبە بۆ جۆری خەبات دژ بە سەرەڕۆیی، هەتا ئێستا رێنیشاندەری ئەم خەبات و جموجووڵانەیە.
نێوەڕۆکی شوناسخوازانەی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمسال و ڕەفتار و هەڵوێستی خەڵکی شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان بەرانبەر بە تازەترین شەهیدانی نیشتمان(شەهیدانی ژینگە لە شاری سنە) سەلماندیان کە ڕێبازی نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بزووتنەوەی کوردستان کە حیزبی دێموکرات هەشت دەیەیە رێبەرایەتی دەکات، ڕۆژبەڕۆژ لە شێواز و مێتۆدی تازەدا خۆی نوێ دەکاتەوە و لە پەرەسەندندایە.
٨٠ ساڵ پێش، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە شێوازێکی مودێڕن و دێموکراتیک بزووتنەوەیەکی نیشتمانی هێنا ئاراوە، ئەمڕۆش بە پشتبەستن بەم ڕێبازە و ئەزموونی هەشت دەیە تێکۆشان و خوێنی هەزاران شەهید، هێشتا شوێندانەرترین ڕەوتی خەباتی کوردایەتی و فاکتەری سەرەکیی بەستێنی لەباری هوشیاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشەنگی خەباتی فرەڕەهەندی نەتەوەی کوردە.
ئێمە یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات، لەسەر ئەم ڕێچکە و ڕێبازە کە هەم مودێڕن و خۆگونجێنە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و هەم لەسەر دادپەروەری و یەکسانیی ژن و پیاو و هەروەها پرنسیپە دێموکراتیکەکان پێداگرە، بەردەوام دەبین و وەفادار دەمێنینەوە.
پیرۆز بێت ٨٠هەمین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات
٢٣ی گەلاوێژ ٢٧٢٥ی کوردی




